یەکێتی و پارتی لەسەر شێوازی خەرجکردنی ئەو پارەیەی لە موچە دەمێنێتەوە ڕێکنەکەوتوون

پارتی دەیەوێت قەرزەکانی حکومەتی لێبدرێتەوەو یەکێتی دەیەوێت لە پڕۆژەکاندا سەرفی بکات

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە،رێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی لەسەر دانەوەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە كە زیاترە لە 30 ملیار دۆلارە بەپێی داتای فەرمی ئەنجومەنی وەزیران.

بەڵام ئەو پرسەش پاش پەسەندكردنی بودجەو بەدیاركەوتنی مانەوەی پارە پاش دابینكردنی مووچە گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بەشێك لەو پارانە بۆ دابینكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری تەرخان بكرێت و بەشێكی بۆ دانەوەی قەرزەكان بێت.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی بۆ ئەو پارەیە دیاری كردووە كە لەبەغداوە بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت و دەیانەوێت زۆرینەی ئەو پارەیە بۆ پاكتاوی قەرزەكانی حكومەت دابین بكەن، بەڵام یەكێتی دەیەوێت بەشی زۆری ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەكان خەرجبكرێت.

بەرپرسانی كارگێڕی لەسلێمانی هۆشدارییان داوەتە یەكێتی كە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە بودجەی عێراق پێویستە ئاوەدانی و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان بەچڕی لەسەرجەم ناوچەكان دەستپێبكاتەوەو پارەی بەڵێندەرانی سنورەكە بدرێتەوە تاپڕۆژەی نوێ وەربگرن، ئەو هۆشدارییەش بەفەرمی گەیەندراوەتە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

بەو پێیەی هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووەو لەسەر پڕۆژە بودجەی عێراق كەبڕیارە مانگانە یەك ترلیۆن و 250 ملیار دینار بەكاش بگاتە هەرێمی كوردستان و لەبەرامبەردا هەرێم 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتی گومرگ بداتەوە بە بەغداد، بۆیە پارتی و یەكێتی لەئاستی حكومەتدا پێیانوایە بەگەشتنی پارەكەی بەغدا زۆربەی كێشە داراییەكان بەتایبەت بۆ مووچە چارەسەر دەبن، چونكە بەغداد تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و شایستەی دارایی پێشمەرگە نزیكەی 910 ملیار دینار رەوانە دەكات كە بەبێ كورتهێنان مووچەی پێ دابیندەكرێت.

هەروەها بەغداد مانگانە زیاتر لە 300 ملیار دینار بۆ وەبەرهێنان رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات لەگەڵ داهاتی نانەوتی كەمانگانە زیاترە لە 200 ملیار دینار، هەرێمی كوردستان پاش دابینكردنی مووچە نیو ترلیۆن دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار