ئاو؛ ئاگری جەنگی ئێران‌و تاڵیبان هەڵدەگیرسێنێت

تاڵیبان شكۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بەگرتنەوەی ئاوی رووباری هێلمەند دەشكێنێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

ماوەی زیاتر لەمانگێكە بەهۆی بەرنەدانەوەی ئاو لەئەفغانستانەوە بۆ ئێران كێشەیەكی 150 ساڵە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەریهەڵدەداتەوەو ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن پەلەیان كردووە لەقبوڵكردن و دانپێدانان بەتاڵیباندا.

سەرۆك كۆماری ئێران و بەرپرسانی وڵاتەكە چەند جارێك بەفەرمی داویان لەتاڵیبان كردووە كەبەنداوی سەر روباری هێلمەند (هیرمەند) بەربداتەوە بۆ ئەوەی ئاو بگاتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و قەیرانی وشكەساڵیی زیانی زیاتری لەو ناوچەیە لێنەكەوێتەوە، بەڵام تاڵیبان ئەو داوایەی رەتكردەوەو رایگەیاند؛ ئاوی پێویست لەو رووبار و بەنداوەوە بوونی نییە لەكاتێكدا بەپێی وێنەی مانگە دەستكردەكان و لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئاو لەو بەنداوە هەیەو بەرنادرێتەوە.

بەرپرسانی تاڵیبان لەبەرامبەر داواكارییەكانی سەرۆك كۆمارو ئەو بەرپرسانەدا داوایان كردووە ئێرانییەكان نزا بكەن بۆ ئەوەی باران ببارێت و ئاوی ئەفغانستان زۆر بێت و ئەوانیش ئاوی بەنداوەكانیان بۆ بەربدەنەوە.

ئێران تاڵیبان تۆمەتبار دەكات بەهۆی كشتوكاڵی خەشخاش بەمەبەستی بەرهەمهێنانی تریاك رێگە نادرێت ئاوی روباری هێلمەندو لەڕێگەی گرتنەوەی دوو بەنداوی كەجەكی و ئەرغەنداب بگاتە ئێران و لەلایەكی دیكەوە تاڵیبان سەرقاڵی تەواوكردنی بەنداوێكی دیكەیە بەناوی (كەمال خان) كە گومانی تێدا نییە ئەو بەنداوەش گرژییەكانی نێوان تاران و تاڵیبان توندتر دەكاتەوە.

ئەگەرچی لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان ناكۆكیی و گرژیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی سەریهەڵداوە، بەڵام پێكدادانی رۆژی شەممە (27/5/2023) لەنێوان پاسەوانانی سنوری ئێران و چەكدارانی ئەو رێكخراوە بووە بریسكەیەكی بەهێز بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئیمارەتی ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی بەتایبەت كەچەكدارانی تاڵیبان دوای پێكدادانەکە نوێژی سوپاسگوزارییان لەخاكی ئێراندا خوێند.

بەوتەی بەرپرسانی ئێران لەماوەی یەك ساڵدا چەكدارانی تاڵیبان زیاتر لەهەشت جار هێرشیان دژی بنكە سەربازییەكانی سەر سنوری ئێران ئەنجامداوەو رۆژنامەیەكیش ئاشكرای دەكات لەكاتی گەڕانەوەی تاڵیبان لەئایاری ساڵی 2021 بۆ ئەفغانستان زۆرترین پاسەوانی سنوری ئێران لەلایەن ئەو چەكدارانەوە كوژراون.

سوپای ئێران دەكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشەوە

رۆژێك دوای پێكدادانەكە سنوری ساسولی نێوان ئەفغانستان و ئێران كەكوژراوو برینداری لێكەوتەوە دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی ئێران خۆیان گەیاندە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و لەگەڵ بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەكان كۆبوونەوە و حاڵەتی ئامادەباشیان بە بێدەنگی راگەیاند.

قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پۆلیسی ئێران لەكاتی سەردانی بۆ ناوچەی پێكدادانەكە رایگەیاند: سنورەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئەفغانستان، سنوری ئاشتییە بۆیە نابێت رێگەبدەین دۆخی نائاسایی لەو سنورانە رووبدات.

هاوكات ئەمیر كەیومەرسی مەنسوری، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای فەرمیی ئێران رایگەیاند؛ تا ئەوكاتەی وڵاتانی دراوسێ لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هەنگاو بنێن رێزیان لێدەگیرێت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو یاسایانە جموجۆڵ بكەن ئەوا بەشێوازێكی دیكە وەڵامیان دەدرێتەوە.

زیاتر لە 100 هەزار ئەندامی سوپای پێشووی ئەفغانستان لەئێران داڵدە دراون و دوور نییە ئەگەر كۆماری ئیسلامی لەلایەن تاڵیبانەوە فشاری زیاتری بخرێتەسەر ئەوا ئەو كەسانە دژی تاڵیبان پڕچەك بكاتەوە ئەوەش لەكاتێكدایە دوای كشانەوەی ئەمریكا لەئەفغانستان زیاترین ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەكی قورسی سوپای وڵاتەکە رەوانەی ئێران كران و ئەگەری هەیە ئەو چەك ئۆتۆمبێلە سەربازییانە دژی تاڵیبان بەكاربهێنرێت.

دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی جەنگ لەنێوان ئێران و ئیماراتی ئیسلامی پردی ئاوریشم لەنێوان ئەفغانستان و ئێران بۆ ماوەی 24 كاتژمێر داخرا كەگرنگترین پردی هاتوچۆی سەر سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.

 

تاڵیبان تێنوی جەنگە

لەگەڵ پێكدادانەكانی رۆژی شەممە ڤیدیۆی دەیان تانك و زرێپۆش و تۆپ و چەكی قورس بڵاوكرایەوە كە لەلایەن تاڵیبانەوە رەوانەی سنورەكانی نێوان ئەفغانستان و ئێران كران.

عەبدولحەمید خوراسانی، یەكێك لەفەرماندەكانی تاڵیبان هەڕەشەی ئەوەی لەئێران كرد كەهاوشێوەی ئەمریكا شەڕ لەدژی كۆماری ئیسلامی رادەگەیەنن، بەڵام تەنها 12 كاتژمێر دوای هەڕەشەكانی لەپۆستی قائیمقامیەتی ویلایەتی پەكتیا لەئەفغانستان لادرا.

ئەو لەپەیامێكیدا لەتویتەر بڵاویكردبووەوە كەدەمێكە شەڕیان نەكردووەو بەزمانی فارسی نووسیویەتی: پەروەردگار بیەوێ لەگۆڕەپانی جەنگدا رووبەڕووی نەوەی زەردەشت ببێتەوە، چونكە ئەو وڵاتانەی لە شكستی رۆژئاوا تێنەگەیشتوون دەبێت تێگەیەنرێن.

رۆژنامەی «هەم میهەن» بڵاویكردووەتەوە لەساڵی 2021 تادوایین هێرشی تاڵیبان زیاتر لەپەنجا پاسەوانی سنوری ئێران لەناوچە سنورییەكان كوژراون كەزۆربەیان لەسنوری نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەفغانستان و پاكستان بووە.

ئەبولفەزڵ زۆهرەوەند، باڵیۆزی پێشوی ئێران لەئەفغانستان بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە كە ناكرێت هەموو شتێك ئاشكرا بكرێت، بەڵام جەنگی كۆماری ئیسلامی و تاڵیبان ئەگەرێكی بەهێزە چونكە ئەو چەكدارانە هۆكارێكن بۆ تێكچوونی ئاسایشی ناوچەكە.

هەندێك كەس شكستی كۆماری ئیسلامی لەدژی تاڵیبان دەخەنە ئەستۆی حەسەن كازمی قومی، باڵیۆزی ئێستای ئێران لەئەفغانستان، چونكە پێیانوایە ئەو توانای نوێنەرایەتیی راستەقینەی وڵاتەكەی لەبەرامبەر تاڵیباندا نییە.

كازمی قومی رۆژی شەممە دوای كوژرانی دوو پاسەوان و برینداربوونی دوو پاسەوانی سنوری دیكەی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تاڵیبان كۆبووەتەوەو پێی راگەیاندوون كۆماری ئیسلامی لەكۆبوونەوەی دەوحە بەرگریی لەتاڵیبان كردووە و چاوەڕێی ئەوەیان نەكردووە دەسەڵاتی ئێستای ئەفغانستان دژی بوەستنەوەو هێرش بكەنەسەر سنورەكانی ئێران.

قومی وتووشیەتی لەدوایین كۆبوونەوەدا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان، ئێران ماوەی یەك مانگی بۆیان دەستنیشانكردوە كەئاوی هێلمەند بەربدەنەوەو ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەكرا ئەوا تاران بەشێوازێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ تاڵیبان دەكات، ئەو وتەیە تەنها هەفتەیەك پێش پێكدادانەكەی سنوری ئێران و ئەفغانستان بوو.

 

ئاو لەنێوان ئەفغانستان و ئێران

لەساڵی 1872 كێشەی نێوان ئەفغانستان و ئێران لەسەر ئاوی روباری هێلمەند بەردەوام بووە كەدەكەوێتە ویلایەتێك بەهەمان ناو لەئەفغانستان و ئاوی ئەو روبارە لەدیوی باشوری رۆژهەڵاتی ئێرانەوە دەڕژێتە دەریاچەی هامون و بەپێی دوایین رێككەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت لەهەر چركەیەكدا 26 مەترسێجا بۆ ئێران بەردرێتەوە كە لەساڵیكدا دەكاتە 850 ملیۆن مەترسێجا ئاو.

دەریاچەی هامون بەسێیەم گەورەترین دەریاچەی ئێران دوای دەریاچەی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەژمار دەكرێت و دەریاچەیەكی ستراتیژییە بۆ ئەو وڵاتە.

لەدوای دەسەڵاتی تاڵیبان لەكۆی ئەو 850 ملیۆن سێجا ئاوە تەنها چوار ملیۆن مەترسێجا ئاو لەئەفغانستانەوە بۆ ئێران بەردراوەتەوە.

پرسی ئاو لەنێوان ئەفغانستان و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ناسرەدین پاشای قاجارو دوای ئەویش لەسەردەمی رەزا پەهلەوی بۆ ماوەی حەوت ساڵ دانوستان كراوە تادواجار بەدەستوەردانی بەریتانیاو فەڕەنسا 1935 رێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بەمافی ئاوی ئێران لە روباری هێلمەند كراوە.

ناكۆكی و گرژیی توند زیاتر لە 20 جار لەساڵانی 1935 تا 2023 لەنێوان دەسەڵاتەكانی ئەفغانستان و ئێران لەسەر ئاوی روباری هێلمەند روویداوە كە تائێستاش بەردەوامەو رەنگە هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەریی ئەو كێشەیە بوونی نەبێت تەنها ئەوەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان زیاتر لە 100 ساڵە باجی ئەو ناكۆكی و گرژییانە دەدات و بەبەردەوامی كێشەی وشكەساڵی لەو پارێزگایە قوربانیی لێدەكەوێتەوە.

كۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان زیاتر لە 25 كۆبوونەوەی تەنها تایبەت بەئاو لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان كردووە كە دەركەوتووە هیچ ئەنجامێكی لەبەرژەوەندیی ئەو وڵاتەدا لێنەكەوتووەتەوە.

 

تاڵیبان بەتیرو توانج وەڵامی تاران دەداتەوە

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەكاتی سەردانی هەفتەی رابردووی بۆ پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند؛ داوا لەبەرپرسانی تاڵیبان دەكەم ئاوی بەنداوەكان بەربدەنەوەو بەپێچەوانەوە كاردانەوەی تریان دژیان دەبێت، بەڵام ئەو وتانەی رەئیسی كاردانەوەی گاڵتەئامێزی لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە لێكەوتەوەو هاوكات لەبەیاننامەیەكدا ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان بەفەرمی داوای لە رەئیسی كرد كە بەو شێوازە داواكارییەكانەی دەرنەبڕێت.

جەنەڕاڵ موبین یەكێك لەفەرماندە سەربازییەكانی تاڵیبان لەڤیدیۆیەكدا دەردەكەوێت دەبەیەكی 20 لیتری ئاوی بەدەستەوەیەو لێدەپرسن بۆچیتەو ئەویش لەوەڵامدا بەتوانجەوە دەڵێت رەئیسی هەڕەشەی كردووەو ترساوم، بۆیە بەو دەبەیە ئاوی بۆ دەبەم.

حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلێدوانێكدا لەسەر بەرنەدانەوەی ئاو لەئەفغانستانەوە وتی: وڵاتەكەی لێدوانی بەرپرسانی تاڵیبان لەسەر ئەو بابەتە بەناڕاست دەزانێت و لە رێككەوتنی كابول و تاران لەساڵی 1972 بەئاشكرا مافی ئێران لەئاوی هێلمەند روون كراوەتەوەو دەبێت لە رووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە ئەو رێككەوتنە لەبەرچاو بگیرێت.

ئەو وتووشیەتی: تاڵیبان بەشێكە لەئەفغانستان بەڵام هەمو وڵاتەكە لەدەستی ئەودا نییەو كۆماری ئیسلامی بەپێی قورسایی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات.

 

تاڵیبان شكۆی تاران دەشكێنێت

لەبەیاننامە فەرمییەكانی تاڵیبان سەبارەت بەبەردانەوەی ئاو بۆ ئێران باس لەوشكبوونی بەنداوەكان و رووبارەكان كراوە بەڵام بەپێی وێنەی مانگە دەستكردەكان كەوەزارەتی وزەی كۆماری ئیسلامی بڵاویكردووەتەوە ئەو شوێنانە ئاوی پێویستیان تێدایە بۆیە داوایان كردووە دەستەیەكی شارەزا لەئێرانەوە سەردانی ئەو بەنداوانەی ئەفغانستان بكات لە بەرامبەردا تاڵیبان رایگەیاندووە هیچ دەستەو كەسێك بۆی نییە لەئێرانەوە سەردانی ئەو شوێنانە بكات و لەهیچ رێككەوتنێكی ئەفغانستان و ئێران ئەو خاڵە باس نەكراوە.

حیشەمەتوڵڵا فەڵاحەت پیشە، سەرۆكی پێشوی دەستەی ئاسایش لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ هۆكاری ئەوەی تاڵیبان بەئاشكرا درۆ لەگەڵ ئێران دەكات بڵاوكردنەوەی سیاسەتی ترسە لەلایەن بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی سەبارەت بەئەفغانستان و تاڵیبان.

بەوتەی ئەو وەزیری دەرەوەو باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی لەكابول هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی تاڵیبان بێباكانە مامەڵە لەگەڵ تاران دەكات بەجۆرێك لەئاست و شكۆی كۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە.

ژمارەیەك لەفەرماندە سەربازییەكانی تاڵیبان شەڕیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بەفتوحاتی ئیسلامی وەسف كردوەو رایانگەیاندووە ئەگەر فەرمانی جیهاد بدرێت ئەوا تاكۆنتڕۆڵكردنی تاران ناوەستن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار