پارتی و یەکێتی؛ لەبارەی بودجەوە بەجیا لەگەڵ شیعەکان گفتوگۆ دەکەن

یەكێتی پێداگری دەكات لەگەڕاندنەوەی 10%ی پاشەكەوتی مووچەو پارتیش رەتیدەكاتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رێككەوتنێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕگەیەكی ماددەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە كراوە كەجێگەی مشتومڕ بووە لەنێوان یەكێتی و پارتی، بۆیە پارتی هەنگاوەكانی لەڕێگەی فوئاد حوسێن نوێنەری پارتی و وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامداوەو رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان ئەنجامداوە بۆ دەستكاری كردنی چەند بڕگەیەك لەماددەی 13 و 14دا.

فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق دوو بڕگەی لەماددەی 14 پڕۆژەی بودجە جێگیركردووە كەئەولەویەت بدرێت بەدابەشكردنی مووچەو 10%ی مووچە پاشەكەوتكراوەكان مانگانە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران و پارێزگای ناڕازی ئەو مافەی هەبێت حكومەتی عێراق راستەوخۆ بودجەی بۆ رەوانە بكات.

پشكی كورد لەپڕۆژە بودجەی عێراق جێگیركراوەو لەماددەكانی (١٤،١٣،١٢) ئاماژە بەشایستەو پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام پارتی ناڕازی بووە.

زیاتر لەدوو هەفتەیە بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی لەبارەی پڕۆژە بودجەی عێراقەوە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ و راستەوخۆ لەنێوان لایەنەكانی شیعەو سوننەو كورددا هەبووە، بەڵام پارتی و یەكێتی هیچ گفتوگۆیەكی راستەوخۆیان نەبووە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی لەبەغدادو هەولێرو سلێمانی لەڕێگەی تەلەفونەوە چەند پەیوەندییەك ئەنجامدراون بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەبارەی پڕۆژەی بودجەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لێدوانی لەبارەی پڕۆژە بودجەی عێراق لەسەركردایەتی و كادرانی حزبەكەی قەدەغەكرد لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی كە بەقازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێتەوە.

 هەروەها مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نووسراوی دەركردووە بۆ ئەوەی هیچ قسەیەكی لەبارەوە نەكرێت، بەڵام دۆسیەی هاوكارجاف كە لەلایەن دادگایەكی هەولێرەوە بڕیاری حكومدان بۆ وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژەتیرۆر دەركرا كە»حوكمی لەسێدارەدان» بوو، ئەو گفتوگۆ كەمەی هەبوو ئەوەشی نەهێشت.

گفتوگۆی نهێنی و ناڕاستەوخۆلە ڕێگەی تەلەفونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبووە، بەڵام بڕیاری دادگای هەولێر تایبەت بە" حکومدان" لەسەر کەیسەکەی هاوکار جاف گفتوگۆکانی ڕاگرت

لەئێستادا پارتی بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسێن لەبەغدادو یەكێتی بەجیا لەڕێگەی خالید شوانی وەزیری دادو نوێنەری یەكێتی لەسەر هێڵن لەبارەی پڕۆژەكەوە كە هەر لایەنێكیان بەجیا گفتوگۆ لەگەڵ شیعەكان دەكەن.

حكومەتی محەمەد شیاع سودانی دوایین هۆشداری گەیاندە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی قەیس خەزعەلی، سەرۆكی كوتلەی عەسایبی ئەهلی حەق  كە ناكرێت دەنگدان لەسەر پڕۆژەی بودجە لەوە زیاتر دوابخرێت، بەڵام دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالكی  لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح گفتوگۆیان كردووەو هادی عامری راسپێردرا كە بەشێك لەو بڕگانەی كە لەماددەی (١٤،١٣،١٢)ی پڕۆژە بودجەدا هاتووەو پارتی ناڕازییە چارەسەر بكات.

رۆژی سێشەممە  محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەنووسراوێكدا بانگهێشتی ئەندامانی كردووە بۆ ئامادەبوونیان لەڕۆژی پێنجشەممە 8ی حوزەیران كاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ، تایبەت بەدەنگدان لەسەر پڕۆژە بودجەی (2023، 2024، 2025) و لەدوای راگەیاندنی دەنگدان بۆ پڕۆژەكە، پارتی رێككەوتنی لەسەر هەمواری چەند بڕگەیەك ئەنجامداوە كەدەستكاری بكرێن.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەبەغدادەوە دەست رۆژنامەكە كەوتووە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوە، بەنوێنەرایەتی پارتی سەرپەرشتی دانوستانێكی یەكلاكەرەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا كردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە رێككەوتنی چوارچێوەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سێ بڕگەی هەمواركردنەوەی لیژنەی داراییە.

هەروەها رێككەوتنەكە لەنێوان فوئاد حسێن لەلایەك و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، لەلایەكی ترەوە كراوە، ئاماژە بەئەوەش كراوە كە «ڕێككەوتن لەسەر هەمواركردنی ئەو بڕگەیە كراوە كەدەسەڵات بەوەزیری دارایی لەحكومەتی فیدراڵی دراوە كە بۆ وەرگرتنی پارە دەسەڵات بداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم،  دەگۆڕێت بۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵی دەسەڵات دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم».

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە «هەروەها رێككەوتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕگەیەكی پەیوەست بەوەستاندنی پشكی هەرێم لەماوەی ١٥ رۆژدا ئەگەر ناكۆكی لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم لەسەر داهاتەكان روویدا كراوە».

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، «پێشبینی دەكرێت لەچەند كاتژمێری داهاتوودا سەرجەم خاڵە ناكۆكییەكان سەبارەت بەپشكی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە».

پارتی نایەوێت بڕگەی ٪١٠ ی پاشەکەووتی موچە بمێنێتەوە کە یەکێتی جێگیری کردووە، یەکێتیش پێداگیری لەسەر دەکات

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح دەستپێشخەریی چارەسەری ناكۆكیی نێوان هەرێمی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان دەكات لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی كە دوو خاڵی ناكۆك ماون و تایبەتن بەپاشەكەوتی مووچەو بڕیاری دادگای فیدراڵی.

رۆژی 25ی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری لەماددەكانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی كرد، كە تایبەتن بەپشكی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك كەپابەندبوونی زیاتر لەسەر هەرێمی كوردستان دانراوە لەبارەی رادەستكردنی نەوت و چۆنیەتیی مامەڵەكردن بەداهاتەكەی و پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران.

 دوو خاڵ تائێستا جێگەی ناكۆكین و رێككەوتنی كۆتایی لەسەری نەكراوە، كە پاشكەوتی مووچەو ناوهێنانی بڕیارەكانی دادگەی باڵای فیدراڵییە لەیەكلاكردنەوەی ناكۆكیی نێوان هەولێرو بەغدا لەبارەی بودجەوە.

بەپێی لیژنەی دارایی، پێویستە مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان 10%ـی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بداتەوەو ئەگەر كێشە لەپابەندبوونی نێوان هەولێرو بەغدا بەیاساكە روویدا، بڕیارەكانی دادگەی باڵای فیدراڵی یەكلاكەرەوە دەبن.

پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، كە بۆ سێ ساڵە؛ قەبارەكەی زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە، لەو بڕە بەكاش 15 ترلیۆن و 200 ملیار دیناری پشكی هەرێمی كوردستانە.

بۆ پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە پێویستە ناكۆكییەكان لەبارەی ماددەكانیەوە یەكلابكرێتەوە تا لیژنەی دارایی رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات، چونكە ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی دارایی دوا كۆبوونەوەی خۆی لەسەر پڕۆژەیاساكە دەكات و رەوانەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی دەكات.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە لەو بودجەیەی كە لەعێراقەوە بۆی رەوانە دەكرێت كە مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار زیاترە، هاوكات داهاتی نانەوتی بێجگە گومرگ كە 50% بۆ عێراقە، تەنها لەباج و زەریبە مانگانە  200 ملیار دیناری دەستدەكەوێت و لانی كەم مانگانە 50 ملیار دینار زیاتری لەداهاتی گومرگ بۆ دەمێنێتەوە كە نیوەەی دەدرێتە بەغداد، بەو پێیە حكومەتی هەرێم پارەی كاشی بەردەستی مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەكات.

حكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار بۆ مووچەو 91 ملیار دینار 10% پاشەكەوتی مووچە بداتەوە ئەوا مانگانە 509 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كە زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەو بڕە پارەیە هاوشێوەی ساڵەكانی (٢٠١٠،٢٠١١، ٢٠١٢) پڕۆژەكان دەستپێبكاتەوەو  بەشێك لەو پارەیەش بۆ دانانەوەی قەرزەكانی بێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار