حكومەتی هەرێم قاسەكەی بەداهاتی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ پڕدەكاتەوە
بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم: هیچ زانیارییەكم لەسەر گرێبەستی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ نییە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم دەڵێت كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەپێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و شۆفێرانە، شارەزایەكی هاتوچۆش دەڵێت:» لەهەموو دنیا لەو شوێنانە دادەنرێت كەزۆرترین رووداوی هاتوچۆی تێدایە».
دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ گرێبەستەكەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ دوو كۆمپانیا كراوەو لەهەولێرو رێگای سلێمانی – دوكان بەشێكی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەوەش ناڕەزایەتی شۆفێران و هاووڵاتیانی لێكەوتووەتەوە كە»جگە لەگیرفان بڕین» هیچی دیكە نییە.
لیوا عەبدولقادر بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا ژمارەی كامێراكان دیار نییە تەنها لەسلێمانی 225 كامێرایەو لەهەولێر دیار نییە، لەدهۆكیش دانەنراوەو كامێراكان لەڕێگەی خێراش دادەنرێت و ئێستا لەهەولێر لە 120 دانراوە بەكەڵكی ناوشار نایەت، هەركەس لەخۆیەوە قسەی لەبارەوە دەكات».
وتیشی:»لەسەر گرێبەستەكە هیچ زانیاریم نییەو بۆ سەلامەتی خەڵك دانراوە، بەڵام میدیاكان و چەند كەسێك بەلاڕێیاندا بردووە، خەڵكی تێنەگەیشتوو ئەو قسانە دەكات لەبارەی كامێراكانەوە».
بەوتەی پەرلەمانتارێك بەنیازن دۆسیەكە ببەنە دادگای فیدراڵی عێراق
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەڕاستیدا كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بەڕێككەوتنی هەریەك لەمەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كراوەو كۆمپانیاكە خاوەنداریەتی بۆ هەردووكیان دەگەڕێتەوە، بۆیە گوێ لەكەس ناگیرێ نە وەزارەتی ناوخۆ نە هیچ لایەنێكی دیكە».
وتیشی:»لەلێكۆڵینەوەداین تا بتوانین بەچی رێگایەك كاركردنی ئەو كامێرا خاڵ بۆ خاڵانە رابگرین كە نایاساییە، دەمانەوێت بیبەینە دادگای فیدراڵی، بەڵام جارێ دەبێت بزانین ئایا لەپسپۆڕی ئەوانەو دۆسیەكە وەردەگرن یاخود نا».
ناڕەزایی هاووڵاتیان تادێت زیاتر دەبێت
تاڵب محەمەد یەكێك لەڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگرون، كە دژ بەدانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بەڕێوەچوو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تا ئەم خولەكە هیچ كەس وەڵامی داواكاری ئێمەی نەدایەوە كەگۆڕینی میكانیزمی كامێراكان بوو، نەك ئەوە بەڵكو بەنیازیشن هەموو كوردستان بكەن بەو كامێرایە».
هەروەها وتیشی:»لەلایەنی تیژڕەوییەوە كاریگەری هەبووە، بەڵام سزاكەی زۆرەو داواشمان كرد هەندێك لەجێگاكان تابلۆی باشتر دابنرێت و خێراییەكانیش گۆڕانكاری تێدابكرێت، جگە لەوەی لەڕێگەی كۆمپانیاوە باجەكە وەردەگیرێت و داهاتەكەشی بۆ ئەوانە».
فیدراسیۆنی رێكخراوەكان هاتووەتە سەرخەت و بەنیازن كەیسەكە بگوازنەوە بۆ دادگا، قۆناغی باشی بڕیوەو هەنگاوی داهاتووشیان ئەوەیە پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانە دەكەن كە بۆ دادپەروەری لەدانانی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ دەبێت.
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت ئەو شوێنانەی كامێراكانی تێدایە هێمای لێ دانراوە
سەبارەت بەگلەیی هاووڵاتیان لەبارەی نەبوونی هێما لەسەر شەقامی – تاسڵوجە – دووكان بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»خێرایی تاسڵوجە لەنێوان 80 كیلۆمەتر بۆ 100 كیلۆمەترەو سزاكانیشی لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 250 هەزار دینارو هەموو شوێنەكانیش هێمای تێدا دانراوە».
بەڵام وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئامادەنەبوو هیچ ئامارێك بەفەرمی بداتە هاوڵاتی كە لەڕۆژێكدا 24 كامێراكەی خاڵ بۆ خاڵ لەڕێگەی تاسڵوجە – دووكان چەند سەرپێچی تۆماردەكەن، هەرچەندە هاوڵاتی لەسەرچاوەیەكی هاتوچۆی سلێمانییەوە ئەوەی بۆ ئاشكرابووە كەهیچ رۆژێك لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەسلێمانی لەڕۆژی 29 ی مانگی ئایاری 2023 ەوە رۆژانە زیاتر لە 300 سەرپێچی تۆماركراوە.
شارەزایەكی هاتوچۆ دەڵێت ئەگەر بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان بێت دەبوو لەڕێگەی كەلار-سلێمانی دابنرێت
دیلمان حەمەنادر سەرۆكی رێكخراوی ترافیك بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە ئەو كامێرایە واتە خاڵ بۆ خاڵ، سەرەتا لەئوستورالیاوە سەریهەڵداو تائێستا كامێراكە لەهەر شوێنێك دانرابێت لەپڕ نەبووەو لەشوێنی زۆر دانەنراوە، بەڵكو لەوڵاتان لەو رێگایانە دانراوە كە مەترسی رووداوی هاتوچۆی زۆربووەو قەرەباڵغ بووە.
هەروەها وتیشی:»ئەوەی لەكوردستان بەدیدەكرێت نیشانەی پرسیارەو بێگومان بازرگانی گەورە لەپشتیەوەیەتی، 60 ملیار دینار لەمانگێكدا داهاتی كۆمپانیاكەیە لەسلێمانی».
دیلمان حەمەنادر دەشڵێت:»مانگانە ئەگەر شۆفێریش نەچێت سەرپێچییەكە بدات حكومەت دەبێت ئەو قەرزە بدات بەكۆمپانیاكە كەئەمە دیارە بازرگانی گەورە لەپشتیەوەیەتی، لەهیچ وڵاتێكی دنیا شتی لەو شێوەیە نییە».
«لەناو گرێبەستەكەدا وردەكاری هەیەو تەنانەت باسی شەقامی 100 مەتری و 60 مەتریش هاتووە كەهاتوچۆ دەڵێت لەناو شار دانانرێت، بەڵام مادام لەگرێبەستەكەدا هاتووە لەناوشاریش خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت، ئەگەر ئامانج سەلامەتی شۆفێرو هاوڵاتی بوایە دەبوو سەرەتا لەڕێگەی كەلار- سلێمانی دایانبنایە «. سەرۆكی رێكخراوی ترافیك وادەڵێت.
دیلمان حەمەنادر پێشیوابوو ئەگەر ئامانجیان سەلامەتی هاووڵاتیانە رێگای دیكە هەیە، بۆ نموونە لەهەندێك وڵات پێنج پۆینت لەسەر مۆڵەتی شۆفێریت بێت ئەوا لێت دەسەنرێتەوە یاخود لەهەندێك وڵات سێ پۆینتە كەئەمە جیاوازی نێوان هەژارو دەوڵەمەندیشی نەهێشتووە.
هاوڵاتی سەبارەت بەوردەكاری گرێبەستەكە پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی هاتوچۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆشەوە كرد، بەڵام نە ئامادەبوون وەڵامی پرسیارەكان لەبارەی وردەكاری گرێبەستەكەو ئاماری رۆژانەی سەرپێچی تۆماركراو بدەنەوەو خۆشیان بوارد لەوەڵامی ئەو پرسیارەی سەبارەت بەژمارەی كامێراكان لەسەرتاسەری هەرێم و گوژمەی گرێبەستەكە بەگشتی ئاڕاستەیان كران.
بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەچەند سەرچاوەیەك وەریگرتوون، لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم نزیكەی 900 كامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیر دەكرێن، هاوكات سەدان ئۆتۆمبێل وەك خەڵات پێشكەش بەوەزارەتی ناوخۆ كراوە وەك شیرینی گرێبەستەكەی نێوان كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم.
رۆژی یەكشەممە 5-5-2023 رێبەر ئەحمەد، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەڕەخنەكان لە خاڵ بۆ خاڵ، رایگەیاند: « مەبەست لەدانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ ئەوەیە كەپاراستنی سەلامەتی رێگاكان و هاووڵاتیانە ئەوەش بەكۆنتڕۆڵكردنی تیژڕەویە لەڕێگەی كامێراوە، ئەو كامێرایانەی پێشتر هەبوون كۆن بوون و لەگەڵ سەردەم نەدەگونجان».
وتیشی «لەسەر بنەمای زۆری ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران و كەمئەندامانی رووداوەكانی هاتوچۆ، بڕیارماندا بەدانانی سیستمی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ».
«ئەو پۆپۆلیستانەی كە وادەڵێن خەڵك زەرەرمەند دەبێت بیر لەسەلامەتی هاووڵاتیان لەسەر شەقامەكان ناكەنەوە، بۆیە حەق وایە ئەو كارە بۆ خەڵكی پسپۆڕ لێبگەڕێن و هەموو سیاسی و پەرلەمانتارو خەڵكی دوور لەواقعی هاتوچۆ باسی دەكەن، حكومەتی هەرێم پلانی ئەوەیە رووداوەكان كەمببنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە جێبەجێی دەكەین». وەزیری ناوخۆی هەرێم وای وت.
سەرەڕای رەخنە و كاردانەوەی زۆر لەسەر دانانی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ كە لەسەرەتای ساڵی رابردوەوە (11-4-2021) گرێبەستەكەی ئەنجامدراوە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆو كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، رۆژی دووشەممە 29ی ئایاری 2023، كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ لەڕێگای دوكان_تاسڵوجە لەپارێزگای سلێمانی كەوتنە كارو لەناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵیش لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر كامێراكان كەوتنەكار.
بەپێی گرێبەستەكە تەنها لەپارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە 53 ملیارو 590 ملیۆن دیناری تێدەچێت و ماوەی پرۆژەكەش 500 رۆژە، گرێبەستەكەش بەپێی پاشكۆی (ه)ی رێنمایی ژمارە دووی گرێبەستە حكومیەكان كراوە كەساڵی 2016 دەرچووە، هەر بەپێی گرێبەستەكەش تا تەواوبوونی تێچووی پرۆژەكە 70٪ی داهاتی كامێراكان بەكاش دەدرێتە كۆمپانیاو گرێبەستەكەش بۆ 15 ساڵە.