وەڵامی پرسیاری تاقیكردنەوەكان دوودڵی بۆ خوێندكاران دروستكردووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

ساڵانە پاش ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی وەزارەتی پەروەردە سەرجەم، وەڵامی پرسیارەكان بڵاودەكاتەوە، بەوتەی تووێژەرێكی دەروونیی خوێندكار هەبووە باری دەروونی خراپ بووەو پێویستی بەچارەسەری پزیشكی و دەروونی هەبووە.

تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی خوێندكاران گرنگییەكی تایبەتی هەیەو تاڕادەیەك بەقۆناغێكی چارەنووسساز دادەنرێت، خوێندكار لەم قۆناغەی ژیانیدا دڵەڕاوكێیەكی زۆری لەسەر دەبێت و بەوتەی تووێژەرێكی دەروونی، خوێندكار هەبووە باری دەروونی خراپ بووەو پێویستی بەچارەسەری پزیشكی و دەروونی هەبووە.

بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ لەهەرێمی كوردستاندا ١١٧ هەزارو ٣٦٤ خوێندكاری قۆناغی ئامادەیی و پیشەیی بەشداری ئەزموونەكانی پۆلی ١٢ دەكەن.

نەهرۆ حسێن تەمەن ١٨ساڵ خوێندكارێكی پۆلی ١٢ی زانستییەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «تاقیكردنەوەم هەبووە پاش سەیركردنی وەڵامەكان باش نەبووم بەوهۆیەوە بۆ كۆششی وانەی داهاتوو ساردبوومەتەوە».

یادگار ئیسماعیل تووێژەری دەروونی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان دەكرێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەبێت، بەڵام زۆرجار كەخوێندكار دەبینێت وەڵامەكانی هەڵەن و پێنج نمرە یان 10 نمرەی لەدەستدەدات دوودڵی لا دروست دەبێت و حەزی كۆششی لانامێنێت و فشاری دەروونی لەسەر زیاد دەبێت».

«ئەگەر بێت و دوودڵیەكان زیادبوون و زیاتر لەدوو هەفتەی خایاند، خەوو خۆراكی خوێندكار تێكچوو  ئەوا بەنەخۆشی هەژماردەكرێت و پێویستە چارەسەر وەربگرێت»، یادگار ئیسماعیل وای وت.

شارەزایەكی پەروەردەیی پێیوابوو بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان رێكارێكی نەرێنی نییە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە.

بەڕێز عەباس، شارەزای بواری پەروەردەیی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بڵاوكردنەوەی وەڵامی پرسیارەكان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە هیچ لایەنێكی سلبی نییە، چونكە پاش تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان خوێندكار خۆی بەدوای وەڵامەكاندا دەچێت، بەوهۆیەوە كاتێكی زۆری پێدەچێت، بۆیە باشترە وەزارەت خۆی وەڵامەكان بڵاوبكاتەوە».

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەخوێندكاران لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا تووشی دڵەڕاوكێ دەبن و پەیوەندی بەبڵاوكردنەوەی وەڵامی تاقیكردنەوەكانەوە نییە.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی خوێندكارانی پۆلی 12 لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا تووشی دڵەڕاوكێ دەبن یان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەڵام بڵاودەكرێتەوە،  بۆ ئەوەی كۆتایی بەو حاڵەتە بهێندرێت وەزارەت وەڵامە دروستەكە بڵاودەكاتەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار