توركیا 10 بارەگای سەربازی لە شیلادزێ جێگیركردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
توركیا بەردەوامە لەجێگیركردن و زیادكردنی بارەگای سەربازی لەخاكی هەرێمی كوردستانداو شیلادزێی كردووەتە سەربازگەو بەو هۆیەوە هەزاران خێزان ئاوارەی دهۆك بوون و دەیان گوندیش چۆڵكراون.
سوپاكەی ئەردۆغان لەخاكی هەرێمی كوردستان سەدان گوندو ناوچەیان داگیركردووەو لەهەندێك شوێنی پارێزگای دهۆك و قەزاو ناحییەكان هاتوچۆكردن بۆ زۆر ناوچە قەدەغەكراوە لەلایەن توركیاوەو بەرپرسانی كارگێڕیش هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیان كە نەچنە ئەو شوێنانە.
ناحیەی شیلادزێ بەدووری 30 كیلومەتر دەكەوێتە ناوەندی قەزای ئامێدی سەر بەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان، بەهۆی شەڕی توركیا بەرامبەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) 60%ی خاكەكەی لەدەستداوە، لەكۆی 91 گوندی ناحیەكەش بەشی زۆر گوندەكانی چوڵكراون.
سنوری ناحیەی شیلادزێ شوێنێكی زۆر فراوانە كەپێكهاتوون لەناوچەكانی دووسكی، ژووری، رێكان نێرەویی، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت هاووڵاتیانیان ئاگاداركردووەتەوە كەنابێت بچنەوە بۆ ئەو گوندانەی قەدەغەیە هاتوچۆكردن تێیدا.
رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەسنوری ناحیەی شیلادزێ نزیكەی 85 گوند چوڵكراون ئەوەش بەهۆی شەڕی بەردەوامی سوپای توركیاو پەكەكە».
هەروەها وتیشی:» ئەو گوندانە ژیانی تیادا نەماوە بەتەواوی چوڵكراون، جگە لەوەی ئەو گوندانە چوڵكراون لەهەمانكاتیشدا شوێنی قەدەغەكراون هاووڵاتیانمان ئاگادار كردووەتەوە كە نابێت سەردانی ئەو شوێنانە بكەن چونكە مەترسی هەیە».
دانیشتوانی گوندەكان دەڵێن ناوچەكەیان وەك كەمپی لێهاتووەو دەوروبەری هەمووی لەلایەن سوپای توركیاوە گیراوە.
نایف سیتەیی، دانیشتووی كۆمەڵگای سیرێ سەر بەناحیەی شیلادزێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەشی زۆری ئەو گوندانەی كەچوڵكراون بەهۆی شەڕی توركیاو پەكەكەیە، ناحیەی شیلادزێ وەكو كەمپێكی لێهاتووەو دەوروبەری هەمووی گیراوەو ناتوانین بەئارەزووی خۆمان بگەرێین».
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد لەكاتێكدا ئێستا كاتی دەیان بەرهەمی گژوگیای بەهارە بوونی هەیە، خەڵك ناتوانێت بچێتە شاخ و گردەكان بۆ هێنانەوەی ئەو بەرهەمانە، وتیشی:» ئەگەر پارەم هەبێت بەیانی ماڵی خۆم دەگوازمەوە بۆ ناوەندی دهۆك، ئەم شەڕە تەواو نابێت و بەردەوام لەناوچەكە بۆردومان هەیە، دەیان كەس لەخەڵكی ناوچەكە شەهیدو برینداربوونە».
شەڕی تورکیا بەرامبەر پەکەکە بووەتە هۆی ئەوەی چوار هەزار خێزان شیلادزێیان جێهێشتووە
سوپاكەی ئەردۆغان لەڕێگەی جێگیركردنی بارەگای سەربازی و ئۆپەراسیۆنەوە لەناحیەی شیلادزێ بڵاوبوونەتەوە.
دڵشاد نەسروڵلا قەنجۆ، مامۆستای زانكۆو نیشتەجێی كۆمەڵگای سیرێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئێستا سوپای توركیا نزیكەی 10 خاڵی سەربازی لەسەر شاخ و گردەكان و دەوروبەری ناحیەی شیلادزێ جێگیركردووە، ئەوانیش مام رەشا، كریادێرێ، سەرێ دارێ، كەلها بێدە، جگە لەمەش توركیا هێزێكی زۆری لەناوچەكە بڵاوەپێكردووە و هیچ هێزێكی دیكەش لەناوچەكە نییە».
هەروەها باسی لەوەشكرد ئەو گوندانەی كەچوڵكراون بەلایەنی كەمەوە ژمارەی خێزانەكان لەهەر گوندێك 50 بۆ 75 خێزان بووە، كەدانیشتووانی ئەو گوندانە كۆچیان كردووە بۆ سەنتەری ناحیەی شیلادزێ و دێرەلوك، سەرسنگ، قەدش، ئامێدی و دهۆك.
دڵشاد نەسروڵلا وتیشی :» ئەو گوندانە بوونەتە ناوچەی قەدەغەكراو واتە هەر كەسێك بچێتە ئەو شوێنانە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی دەچێت، هەر كەسێك بچێت بەئەگەرێكی زۆر دەبێتە قوربانی بۆردومانی توركیا، چونكە بەردەوام ئەو ناوچانە بۆردومان دەكرێن».
رەمەزان ئەحمەد، دانیشتووی گوندی هنێشە سەر بەناحیەی شیلادزێ، زیاتر لە 20 ساڵە كۆچیكردووەو ئێستا لەشاری دهۆك دەژی، بەهاوڵاتی وت: « ناوچەكەمان هەر لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە تائێستا رووبەڕووی وێرانكردن و هێرشی داگیركەرانی توركیا بووەتەوە».
وتیشی: «نزیكەی 100 خێزان لەگوندەكەمان دەژیان، ئێستا هەندێكیان چوونەتە ناوچەیەك بۆ سەردانیش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوند، چونكە ناوچەی قەدەغەكراون «.