بزووتنەوەی ئیسلامی، بەدوو باڵەوە بێ رابەرە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەماوەی رابردوودا تووشی لێكترازان بوو، ئێستا هەردوو باڵەكەی خۆیان بەخاوەن شەرعیەت دەزانن و دان بەوەی دیكەدا نانێن، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش داوای لێكردوون كۆنگرە ئەنجامبدەنەوە.
مانگی شوباتی 2022 كۆنگرەی 12ـیەمی بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا لەهەولێر بەڕێوەچوو، كامیل حاجی عەلی 264 دەنگی بەدەستهێناو 276 دەنگیش سپی بوون، بەو پێیەش تاكە كاندیدی رابەری گشتی نەیتوانی زۆرینەی سادەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.
دوای ئەوەی كامیل حاجی عەلی، كاندیدی رابەرایەتی بزوتنەوە نەیتوانی دەنگی 50+1ـی كۆنگرەی حزبەكە بەدەستبهێنێت، بەپێی پەیڕەوی حزبەكە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەكو رابەری بزوتنەوە لەپۆستەكەی بەردەوامبوو، سەرەڕای ئەوەی لەماوەی رابردووشدا هەردوو باڵەكە چەند هەنگاوێكیان دژی یەكتر ناوەو كێشە نێوخۆییەكانی حزبەكە بەردەوامە.
كۆمسیۆن نێوبژیوانی هەردوو باڵەكەی بزوتنەوە دەكات
عەتا شێخ لەتیف ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان سەر بەباڵی عیرفان عەبدولعەزیز، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»مەسەلەی سكاڵاكەی كۆمسیۆن هێشتا یەكلایی نەبووەتەوەو كاتیان بۆ دیارینەكردووین تاكۆنگرە پێكەوە ئەنجامبدەین، بەڵام داوایان لێكردووین كەپێویستە پێكەوە كۆنگرە ئەنجامبدەین».
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشكرد واژۆی زیاتر لەهەزارو 700 ئەندامی بزوتنەوە كە لەكۆنگرەی 2018 بەشدارییان كردبوو رەوانەی كۆمسیۆن كردووەو تەنها واژۆی نزیكەی 150 كەس ماوە، بەڵام ئەو كەسانە بەشێكیان لەدەرەوەی وڵاتن و بەشێكیشیان گیانیان لەدەستداوە جگە لەوەی واژۆی حەوت ئەندامی دامەزرێنەری بزوتنەوەكە پێویست بوو كەشەشیان واژۆیان ناردووە تەنها كامیلی حاجی عەلی كە لەدامەزرێنەرانە واژۆی نییە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی بزوتنەوە دەشڵێت:»محەمەد بازیانی زیاتر لە 12 ساڵە لەناو بزوتنەوە نەماوەو ئەوانی دیكەش كە بەنیازبوون كۆنگرە بكەن زۆرینەیان مافیان نییە بەشداری كۆنگرە بكەن، چونكە لەكۆنگرەی پێشوو نەبوون».
محەمەد بازیانی وتەبێژی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان كەئێستا لەباڵی كامیلی حاجی عەلییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵی رابردوو كۆنگرەی 12 كرا، لای هەموان ئاشكرایە لەكۆنگرەی 11 پەیڕەوو پڕۆگرام گۆڕانكاری تێداكراو دەڵێت رابەر لەدوو خول زیاتر بۆی نیە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆیە تەنها كاندید كامیلی حاجی عەلی بوو».
هەروەها ئەوەی خستەڕوو كە لەناو كۆنگرەی 12 كۆمەڵێك پێشێلكاری كرا، ئەوەبوو حاجی عیرفان وتی:»رابەری بزوتنەوەیە»، بۆیە لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان فەرمانگەیەك بۆ حزبە سیاسییەكان و رێكخراوەكان هەیە، ئەوان ئاماژەیان بەوەدا كۆنگرەی 12 یاسایی نییەو پێویستە كۆنگرەیەكی دیكەی دامەزراندن بكرێتەوە.
محەمەد بازیانی دەشڵێت:»جارێكی دیكە داوای كۆنگرەمان كردووە، ئەوەبوو 11-5-2023 رەزامەندیمان لەكۆمسیۆن وەرگرت ئەو كۆنگرەیە بكەین، بەڵام دەستتێوەردان كراو كۆنگرەكەیان دواخست و دواتر كاتێكی دیكە دانرا كە لە 22-5-2023 كۆنگرەیەكی دیكە بكرێت».
«ئەوان هۆڵیان گرت و ئێمەش هۆڵمان گرت، بەڵام كۆمسیۆن وتیان دەبێت لەیەك هۆڵ بكرێت، تا ئەو كۆنگرەیە ئەنجامدەدرێت و ئێستا كاتیان داوە بەهەردوولا تا بگەنە رێككەوتن ئەگەر لەسەر كاتێكیش بۆ كۆنگرە پێكەوە رێكنەكەوین ئەوا كۆمسیۆن رێكار دژی بزووتنەوەی ئیسلامی دەگرێتەبەر»، محەمەد بازیانی وای وت.
هەردوو باڵە ناكۆكەكە جارێك كۆبوونەوەیان كردووە
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی باڵی جیابووەوەی بزوتنەوە بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی لە كامیلی حاجی عەلی كردووە، سكاڵایان لەسەر عیرفان عەلی عەبدولعەزیز تۆماركردووە، گوایە لەكاتی كۆبوونەوەیەكی ناوبژیوانیدا دوو هەفتە لەمەوبەر هەڕەشەی لێكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لەعیرفان عەلی عەبدولعەزیز رەتیدەكاتەوەو دەڵێت لایەنی بەرامبەر هیچ بەڵگەیەكیان نییەو سكاڵاكە ئەنجامی نابێت.
بزوتنەوەی ئیسلامی لەكوردستان لەساڵی 1987 لەلایەن شێخ عوسمان عەبدولعەزیزو كۆمەڵێك كەسایەتی ئیسلامی دامەزرێندراو رێكخراوێكی سیاسی پەروەردەیی ئیسلامییەو لەسەر پەیڕەوی ئەهلی سوننەت دامەزراوەو یەكەمین گروپی چەكداری جیهادی كوردی بوو لەباشووری كوردستان.
بزوتنەوە لەساڵی 2000 بووە یەكبوونی ئیسلامی و دواتر لەساڵی 2001، عەلی باپیر، كۆمەڵی ئیسلامی راگەیاند كە لەسەدا 80%ی بزونتنەوەی لەگەڵدا بوو.