پێنج ساڵە قارچك هاوردەی هەرێم نەكراوە

بەرهەمی قارچكی هەرێم بەشی خۆبژێوی دەكات و بەشێكی رەوانەی عێراق دەكرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

ساڵانە نزیكەی شەش هەزارو 650 تۆن قارچك لەكارگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت:»پێنج ساڵە قارچك هاوردە نەكراوە، بەرهەمەكەی گەیشتووەتە خۆبژێوی».

قارچك، بەهای خۆراكی بەرزەو رێژەیەكی زۆر پڕۆتینی تێدایەو هەندێ كەس وەك جێگرەوەی گۆشتی سوور بۆ خواردن بەكاریدەهێنن.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم نزیكەی 10 مۆڵەتی داوە بۆ بەرهەمهێنانی قارچك، كارگەكان چواریان لەهەولێرەو سیانیان لەسلێمانی و یەكێك لەدهۆك و یەكێكیش لەگەرمیانن.

شەیما عەبدوڵا، رابەری كشتوكاڵیەو خاوەنی كارگەی قارچكە لەقەزای بازیانی سەر بەپارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «خوێندكاری پەیمانگای كشتوكاڵی بووم بیرم كردەوە لەدامەزراندنی پڕۆژەی قارچكی سروشتی و بۆم دەركەوت پڕۆژەیەكی بەرهەمدارو ئابوریەكی باشە، هەربۆیە لەساڵی 2019 بڕیارمدا بەتەواوی بیكەمە پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی و ئەوە چوار ساڵە بەردەوامم».

شەیما ئاماژەی بەوەكرد كە تۆوی قارچك لەهەولێرو رانیەو كۆیە و هەندێ جار لەئێران دەكڕێت و داهاتی مانگانەی پڕۆژەكە بەردەوام لەگۆڕاندایە، بەهۆی بڕی بەرهەمهێنان بۆ مانگ و ساڵ دەگۆڕێت.

 «لەكارگەكەمان قارچكی فرێش، وشككراو، سپۆنی قارچك و كیسەی ئامادەكراو بۆ پڕۆژە بەرهەمدەهێنن، قارچك بۆ ناوخۆو ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێرین، بەرهەمەكانمان دوورن لەپەین و خۆڵ لەگەڵ دەرمانی كیمیایی و ساڵانە نزیكەی ٥٠٠ تۆن لەهەموو جۆرەكان بەتایبەت قارچكی فرێش بەرهەمدەهێنین و هەلی كارمان بۆ حەوت كەس رەخساندووە «. شەیما وای وت.

بەرهەمهێنانی قارچك نزیكەی مانگێكی پێدەچێت بۆ پێگەیشتن، چونكە ناتوانێت لەژینگەی كراوە بگونجێت، بەڵكو پێویستی بەژینگەیەكی كۆنتڕۆڵكراوە كە لەهۆڵێكدا ئەو ژینگەو كەشوهەوایە دابینبكرێت.

لەهەموو وەرزێكی ساڵ دەتوانرێت قارچك بەرهەمبهێنرێت، كارگەكان قارچكی دوگمەیی و سەدەفی (كەمەرەی)ییەو رەنگی سپی و پەمەیی و قاوەییە، و قارچكی پرچی شێریش بۆ مەبەستی پزیشكی بەرهەمدەهێنرێت.

سەحەر حسێن، پسپۆڕی كشتوكاڵی لەكۆلێژی زانستیە پڕاكتیكیەكان و سەرۆكی بەشی پڕۆژە كشتوكاڵیەكان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو جۆرەكانی قارچك لەكوردستاندا زۆرن  و بەردەوام جۆرەكانیان دەدۆزرێنەوەو دەناسێنرێن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ١٠٠ بۆ ١٥٠ جۆرن، لەم بڕەش نزیكەی ٦٠ جۆریان گونجاوە بۆ خواردن و ئەوانەی تریش بۆ مەبەستی دەرمانسازی بەكاردێت.

سەحەر حسێن، پێشیوابوو بەشێوەیەكی گشتی لەكارگەكانی كوردستان جۆرەكانی ئاگاری كۆس واتە قارچكی دوگمەیی و جۆری قلۆرۆتۆسیش بەرهەمدێت، وتیشی:»باشترین جۆری قارچك دومەڵانەو لەكوردستانیشدا هەیە».

لەبارەی ناسینەوەی قارچكی ژەهراوی، ناوبراو روونیكردەوە: «تاكە رێگای زانستی بۆ ناسینەوەی قارچكی ژەهراوی تاقیگەكانن، هەندێكیش بەپێی ئەزموون دەتوانێت بیانناسێتەوە، زۆر هۆكار هەیە بۆ ژەهراویبوونی قارچك ئەویش ژینگەو كەشوهەواو سروشتی قارچكە، چونكە بەهۆی ماددەی زیانبەخش قارچك تووشی هەستیاری دەبێت یاخود بەهۆی ئەفلاتۆكسینەوەیە».

بەپێی ئامارێكی فەرمی لەبەڕێوەبەرایەتی باخداری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ساڵانە نزیكەی شەش هەزارو ٦٥٠ تۆن قارچك لەكارگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت، لەڕێگەی 10 كارگەوە، سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ بەڕێژەیەكی بەرچاو، بەڵام هێشتا رێستۆرانت و چێشتخانەكان پشت بەقارچكی هاوردە دەبەستن.

شیرین نەجیب، بەڕێوەبەری باخداری لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هێمای بۆ ئەوەكرد لەساڵی ٢٠١٨ پڕۆژەیەكی ستراتیژی دامەزرا كەبڕی زەویەكەی ٤٥ دۆنمەو لە ٤٣ ژوور پێكهاتووە، كارگەكە لەقوشتەپەی سەر بەپارێزگای هەولێرە، بەرهەمی ساڵانەی ٧٠٠ تۆنە، ئەم كارگەیە تاقیگەی هەیەو هەر لەوێش ماددەی سەرەتایی خۆڵی پیتمۆس و كۆمپۆست بەرهەمدەهێنێت.

بەڕێوەبەری باخداری لەوەزارەتی كشتوكاڵ دەشڵێت: «یەك پڕۆژەی ئاسایی دوو ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەڵام ئێمە سەقافەی قارچك خواردنمان نیە، ئەو قارچكانەی لەسەر عەرەبانەكان دەفرۆشرێن ئێرانین و بەسەرچوون خەڵك ئەوە دەخوات، بۆیە داوا دەكەم كەناڵە میدیاییەكان دوو خولەك بدەن بەڕیكلامی كشتوكاڵی وەكو هۆشیارییەك».

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كە لەوەزارەتی كشتوكاڵ دەستیكەوتووە، بۆ پاراستنی بەرهەمی پرۆژەكان هاوردەی قارچكی فرێشیان بەیەكجاری قەدەغە كردووەو هەر كاتێك توانای پرۆژەكان بگاتە ئەوەی بەرهەمەكان لەقوتوو بنێن و پێویستی بازاڕ پڕبكەنەوە، هاوردەکردنی قارچكی لە قوتوونراویش قەدەغە دەكەن.

پسپۆڕی بایەلۆجی لەبارەی بەرهەمی قارچكەوە زانیاری گرنگ دەخاتەڕوو كەپێویستە هاووڵاتیان رەچاوی بكەن.

د. كارزان عەبدوڵا، پسپۆڕی بایەلۆجی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی دەڵێت: «قارچك وەكو هەموو خواردنێكی تر هاوردە دەكرێت لەتوركیاو ئێرانەوە، دەبێت لەبەڕاددا بێت، چونكە رەنگە لەو سنورانە هاوردەبكرێت و لەبەڕادیشدا نیەو نابێت زۆریش لەسەلاجەدا دابنرێت، هەر بۆیە كاتێك دەدورێتەوە دەبێت كاتەكەی لەنێوان ١٢ بۆ ٢٤ كاتژمێر تێپەڕنەكات».

هەروەها باسی لەوەشكرد قارچك هاوردە دەكرێت، ئەگەر لەسنورە سەرەكیەكانیش رێگری لێبكرێت لەسنورە لاوەكییەكان دێن جگە لەڕێگا قاچاخیەكانی تر، بەڵام ئایا قارچك ئەو زەحمەتیەی دەوێت لەئێرانەوە بەقاچاخ بهێنرێت، ئایا بۆی ساغدەكرێتەوە لەبازاڕ!».

لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەپێنج ساڵە قارچك هاوردەی هەرێم نەكراوەو بەشی خۆبژێوی لەناوخۆدا بەرهەمدەهێندرێت.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم وتیشی:» قارچك تائێستا هەناردە نەكراوە، ئەگەر داواكاریش پێشكەش بكرێت ئێمە لاریمان نیە،  قارچك داهات نیە، چونكە ناچێتە دەرەوە تەنها سودمەندە بۆ ئەو برا بەڕێزانەی كەبەرهەمی دەهێنن».

قارچك یەكێكە لەخواردنە بەسودەكان و بەگروپی گۆشت ناسراوە، هەروەها وەرزی قارچكی سروشتی لەسەرەتای بارانی پایزەوە دەستپێدەكات تاكۆتایی باران بڕان و گەشەی سەرەتاییان لەپلەی گەرمی نێوان ١٨ بۆ ٢٠ و ٢٥ بۆ٣٠ پلەدا هەڵدەتۆقێت.

قارچكی سروشتی زیاتر لەناوچە شاخاوییە بەرزەكانی وەكو هەورامان و دهۆك و پێنجوێندا هەیە، نرخەكانیشیان كیلۆی لەنێوان 10 بۆ 70 هەزار دیناردایە، هەرچی قارچكی كارگەكانیشە جۆرە دوگمەییەكەی نرخەكەی سێ بۆ پێنج هەزارەو جۆرە سەدەفەكەشی لەنێوان پێنج بۆ 10 هەزار دیناردایە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار