جاڕی شەڕی ئێران؛ لەهەرێمی كوردستان
فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی لەزۆربەی شارەكانی رۆژهەڵات نزیك بەهەرێمی كوردستانەوە جێگیر كردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ماوەی مانگێكە كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو چەك و كەرەستەی سەبازیی قورس رەوانەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و هەندێك سەرچاوەش باس لەجێگیركردنی سەكۆی موشەكیی لەو بەشەی كوردستان دەكەن كەئامانجی هێرشكردنە سەر پارتەكانی رۆژهەڵاتە لەهەرێم.
لەگەڵ گواستنەوەی چەكی قورس و هێزی چەكداریی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان سوپای پاسداران پەیامێكی بڵاكردەوەو لەپایەمەكەدا هاتووە وەك بەڵێنیان داوە نەیارانی كۆماری ئیسلامی لەهەر شوێنێك بن دەكرێنە ئامانج كەئەوەش كاردانەوەی چالاكوانی سیاسیی و مەدەنی كوردی لێكەوتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە سوپای پاسداران زۆرترین چەكی قورسی بۆ زۆربەی ئەو شارانەی رۆژهەڵاتی كوردستان گواستووەتەوە كە سنووری نزیكیان لەگەڵ خاكی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ نموونە بانە، پیرانشار، سەردەشت، جوانڕۆ، پاوەو چەند ناوچەیەكی دیكەی هاوسنور.
میدیای زمانحاڵی سوپای پاسداران لەزاری بەرپرسێكی ئاسایشی عێراق بڵاویكردووەتەوە كە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی ئێران بەڵێنی داوە بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تاران بۆ دوورخستنەوەی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم.
سێ سەرچاوە لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زانیارییەكانیان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی پشتڕاست كردووەتەوەو ناوەندی هاوكاریی ئەو پارتانە رایگەیاندووە؛ كۆماری ئیسلامی دەیەوێت بەپەلاماردان و چاوسوركردنەوە، ترس بڵاوبكاتەوەو هاوكات فشار لەهەرێم و عێراق دەكات بۆ ئەوەی ئامانجەكانی لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تاران بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی پارتە كوردییەكان بەدیبهێنێت.
پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوایان لەدانیشتوانی هەرێم و رۆژهەڵات كردووە وەك هەمیشە پشتیوانیی لەتێكۆشەرانی خۆیان بكەن و رێگەنەدەن سوپای پاسداران و كۆماری ئیسلامی ئامانجی لەو لەشكركێشی و جێگیركردنی چەكی قورس بەدیبهێنێت.
ئێران كە لەئێستادا گیرۆدەی گرژییەكانی سنوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیەتی لەگەڵ تاڵیبان، هاوكات لەشێوەی جاردانی شەڕ چەكی قورس بەنهێنی و ئاشكرا بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دەگوازێتەوە و جموجۆڵە نائاساییەكانی سوپای پاسداران لەسنورەكانی هەرێم زیادیكردووە.
ناڕەزایەتییەكان لەناوخۆی رۆژهەڵاتە و گەڕ بەهەرێم دەكرێت
ئەوەی ئێستا لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبینرێت چالاكی مەدەنی و ناڕەزایەتیی پەنگوخواردووی خەڵكە دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەتایبەت كە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی لانیكەم 140 كەس لەناڕەزایەتییەكانی ئەو بەشە لەكوردستان كوژراون و دانیشتوان و چالاكوانانیش بەڕێوڕەسمی جەماوەریی و سەردانی گڵكۆكانیان رۆژانە یادی شەهیدەكانیان دەكەنەوەو ئەگەرچی خۆپیشاندانی بەرفراون لەئێستادا نەماوە، بەڵام ناڕەزایەتییەكان زۆرتربوون و لەبەرامبەریشدا سەركوت و دەستگیركردنی چالاكوانان لەلایەن دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی زیادیكردووە.
وەك دەوترێت خوێنی شەهیدانی رۆژهەڵات سارد نەبووەتەوەو تەنانەت بەهەموو شێوازێك بێڕێزیی بەگڵكۆكانی كوژراوانی رۆژهەڵات دەكرێت و زۆرجار كێل و بەردی سەر ئەو گڵكۆیانە دەشكێنرێت، بەڵام خەڵك و چالاكوانان بەبەردەوامیی و لەبۆنە جیاوازەكاندا یادی گیانبەختكردوانی ناڕەزایەتییەكان دەكەنەوەو سەردانی گڵكۆكانیان دەكەن كەهەر ئەوەش ئاماژەی بۆ دەنگێكی ناڕازیی كە لەئان و ساتدایە بۆ خۆپیشاندان و كاردانەوە بەرامبەر دەسەڵات لە رۆژهەڵات و ئێران.
چالاكوانانی سیاسیی رۆژهەڵات رایانگەیاندووە؛ كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لەڕێگەی ترس و تۆقاندنەوە بەتەواوەتی سەركوتی ناڕەزایەتییەكانی ئەو بەشە لەكوردستان بكات و ئەو ئامانجەی بە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی گەنجان و لاوانی كورد بۆ بەدی نەهاتوە بۆیە بیر لەوەدەكاتەوە ئامانجەكەی بەبانگەشەی بەرەنگاروبونەوە نەیارانی لەدەرەوەی سنورەكان و دژی پارتە نەیارەكانی بەدیبهێنێت.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا پێشمەرگەكانی پارتەكانی رۆژهەڵات بەشێوازی جیاواز چالاكییان لەناوخۆی ئەو بەشە لەكوردستان هەبووەو بەپێی ئەو وێنانەشی كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی پشتڕاست بووەتەوە ئەمساڵیش چەند تیمێك لەو پێشمەرگانە بەبێ ئامانجی پێكدادان لەناوخۆی رۆژهەڵات بەدیكراون و لەلایەن جەماوەرو خەڵكی ناوچەكانیشەوە بەگەرمیی پێشوازییان لێكراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتانە رایانگەیاندوە هیچ كاتێك ئامانجی ئەو پێشمەرگانە پێكدادنی سەربازیی نەبووەو تەنها لەشێوەی چالاكیی سیاسیدا هەنگاویان ناوەو رێكخستنی ئەو هێزانە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتە.
بەرپرسانی سەرجەم پارتەكانی رۆژهەڵات جەختیان لەوە كردووەتەوە خوازیاری ئەوە نین ببنە بیانوی هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو دەسەڵاتە هەر كاتێك رووبەڕووی شكست لەناوخۆی وڵاتەكە دەبێتەوە پەنا بۆ هێرشی سەربازیی دەبات و دوور نییە جموجۆڵەكانی ئەم ماوەیەشی هەر لەو چوارچێوەیەدا بێت.
سەرچاوەیەك لەناوەندنی هاوكاری پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند؛ كە لەیەك مانگی رابردوودا زۆرترین چەكی قورس و تۆپ و تانك بەئاشكرا لەشارەكانی ئێرانەوە بەرەو پارێزگاكانی كرماشان و سنەو ورمێ گوازراونەتەوە و بەپێی ئەو زانیاریانەشی دەست ئەوان كەوتووە سەكۆیەكی موشەكی لەشاری بانەو سەكۆیەكی موشەكی لەنزیك شاری جوانڕۆ جێگیر كراوەو بەنهێنی و لەڕێگەی هێلیكۆپتەرەوە هێزو كەرەستەی سەربازیی دیكە بۆ ئەو سەكۆ موشەكییانە گوازراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كردووە تۆپ و تانك بۆ زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵات وەك بۆكان و سنەو پاوەو پیرانشارو شاری شنۆ گوازراوەتەوەو بەگشتی دۆخی سێ پارێزگای ورمێ و سنەو كرماشان نائاساییەو جموجۆڵی سوپای پاسداران بەتەواوەتیی بەدیدەكرێت.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستوە ناوی بڵاوبكرێتەوە؛ سوپای پاسداران فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لەجۆری خۆكوژی لەزۆربەی ئەو شارانەی رۆژهەڵات كە سنوریان بەهەرێمی كوردستانەوە نزیكە جێگیر كردووەو پێدەچێت مەبەستی بێت هاوشێوەی رابردوو هێرشی دیكە بكاتەسەر بنكەو بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان.
لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، سوپای پاسداران لانیكەم چوار جار بەدرۆنی خۆكوژو موشەك و تۆپخانەكانی بنكەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی لەهەڵگوردو برادۆست تادەگاتە بارەگاكانی ئەو پارتانە لەكۆیەو زڕگوێز كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 21 كەس كوژران و نزیكەی 90 كەسیش برینداربوون.
بەوتەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی، ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات و بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا پارتەكانی رۆژهەڵات هێچ هێرشێكی سەربازییان لەهەرێمی كوردستانەوە دژی سەروەریی خاكی ئێران ئەنجامنەداوە.
سوپای پاسداران هەڕەشە دەكات
سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوە دەكات كەئەگەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنی ئەمنیی نێوانیان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی پارتەكانی رۆژهەڵات نەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا خۆیان ئەو هەنگاوە دەنێن و ئەو پارتانە لەهەر شوێنێك بن هێرش دەكەنەسەریان و ئەندامان و پێشمەرگەكانیشیان دەكرێنە ئامانج.
لەهەفتەی رابردوودا ئەژمارەكانی سەر بەسوپای پاسداران لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك تویتەرو تێلیگرام هۆشداریی ئەوەیان داوە كەبەمزووانە هێرش دەكرێتەسەر پارتەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی و تەنانەت لەشكركێشیی سەربازیی بۆ سەر هەرێم ئەنجامدەدرێت كەئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوەو بەوتەی چالاكوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆماری ئیسلامی لەلاوازیدا بەو شێوەیە لەڕێگەی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشە دەكات.
عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران لەگەڵ دەستبەكاربوونی رایگەیاند:» دەبێت عێراق بەزووترین كات دەبێت ئاسایشی سنورەكانی دابین بكات و پابەندنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغداد بێت.
ئەحمەدیان كەیەكێكە لەفەرماندە سەربازییەكانی سوپای پاسداران لەكۆبوونەوەی كۆتایی مانگی رابردوو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق كە بەسەردانێكی فەرمی لەتاران بوو، جەختی لەوە كردبوەوە كەدەبێت بەغداد بەشێوەیەكی خێرا رێككەوتنە ئاسایشییەكەی نێوانیان جێبەجێ بكات.
بەپێی چەند خاڵێك لەڕێككەوتنە دەبێت پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان دووربخرێنەوەو بارەگاكانیان لەژێر چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكاندا بێت و سەرجەم پێشمەرگەو هێزە سەربازییەكانیان چەك بكرێن و كۆماری ئیسلامی لەدوای ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات پێداگریی لەو خاڵانەی نێو رێككەوتنی عێراق و ئێرانی كردووە.
مانگی ئازاری ساڵی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی عێراق لەبەیاننامەیەكدا واژۆكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدادو تارانیان راگەیاندو دواتر دەركەوت بەشێكی سەرەكیی خاڵەكانی نێو رێككەوتنەكە بۆ چەككردن و دورخستنەوە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم بووە.
كۆماری ئیسلامی لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا داوای دوورخستنەوەو چەككردنی ئەو پارتانەی كردبوو تەنانەت پێشنیاركرابوو كەكامپی تایبەت بەئاوارەكانیان لەموسڵ بۆ بكرێتەوە، بەڵام ئەو پارتانە رەتیان كردووەتەوە پابەندی داواكارییەكانی كۆماری ئیسلامی بن.
پێشتر محەمەد باقری سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی و یەكێك لەفەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو كەدوای موشەكبارانی بنكەو بارەگاكانی پارتە نەیارەكان لەهەرێمی كوردستان حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە بەچەككردن و دوورخستنەوەیان لەخاكی ئەو وڵاتە.
باقری چەندجارێك پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بەتیرۆریست ناوهێناوەو وتوویەتی: «كۆماری ئیسلامی قبوڵی ناكات سێ هەزار تیرۆریست لەهەرێمی كوردستان جێگیربن» هاوكات هەڕەشەی ئەوەشی كردووە كەئەگەر بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئەو پارتانەی رۆژهەڵات دوورنەخەنەوە ئەوا هێرشەكانی سوپای پاسداران دەستپێدەكاتەوە خۆیان دووریان دەخەنەوە.
باقری گلەیی لەهەرێمی كوردستان كردووەو وتوویەتی» ناكرێت كەكۆماری ئیسلامی خزمەتی ئەوانی كردووە ئەوان لەبەرامبەردا رێگەبدەن پارتە نەیارەكان بنكەو بارەگایان لەسنوری هەرێمدا هەبێت».
ئێران لەزەوی و توركیا لەئاسمانەوە جموجۆڵەكانیان زیاد دەكەن
لەگەڵ جموجۆڵەكانی سوپای پاسداران لەشێوەی لەشكركێشیی بۆ رۆژهەڵات و هەرێم، جوڵەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەسنورەكانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان زۆر بووەو سەرچاوەیەك لەپارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند لەماوەی رابردوودا بەهەر هێرشێكی موشەكی و تۆپخانەكانی سوپای پاسداران لەسەر هەرێم، توركیا هێرشەكانی دژی گەریلای یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) زیاتر دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند؛ جموجۆڵی سوپای پاسداران ئاشكرایەو لەناوچەكانی شاهۆ لەنزیك شاری كامیاران لەڕۆژهەڵات چەند شوێنێكی تۆپباران كردووە، بەڵام پژاك هەمیشە هەوڵی خۆپاراستن و یەكڕیزیی كورد دەدات بەرامبەر ئەو پیلان و هێرشانەی كەكۆماری ئیسلامی دژی كوردو پارتەكانی ئەنجامی دەدات.
پژاك دەڵێت؛ كۆماری ئیسلامی ئەزموونی شكستی گەورەی هەیە لەسەر دەستی گەریلاكان لەقەندیل و ئەگەر بێت و نیازی هێرشی بەرفراوانی هەبێت ئەوا ئەزموونی ئەو شكستە دووبارە دەكاتەوە، بۆیە گەریلا شارەزایی جەنگی هەیە لەگەڵ ئەو دوژمنەو دەزانێت چۆن بەرەنگاری ببێتەوە.
پارتەكانی رۆژهەڵات هۆشداریی دەدەن
ناوەندی هاوكاریی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا هۆشدارییان داوە كەكۆماری ئیسلامی بەگواستنەوەی چەك بۆ ئەو بەشە لەكوردستان و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش دژی هەرێم و ئەو پارتانە بەبڕوای ئەوان شۆڕشی ژینا كۆماری ئیسلامی بەچۆكدا هێناوەو دەیەوێت بەكۆمەڵكوژكردنی كوردانی رۆژهەڵات لەهەرێم قەرەبووی شكستەكانی بكاتەوە.
پارتەكانی رۆژهەڵات لەو بەیاننامەیەدا داوایان لەڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ناوچەییەكان و زلهێزەكانی ناوچەكە كردووە كە لەئاست جموجۆڵ و ئەگەری هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بێدەنگ نەبن و هەوڵبدەن بۆ رێگریی لەكۆمەڵكوژكردن و كوشتنی كورد لەهەرێمی كوردستان.
هەر لەو بەیاننامەیەدا داوا لەدانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستان و خەڵكی ئێران كراوە لەئەگەری هێرشی سوپای پاسداران بەناڕەزایەتیی جەماوەری هەڵویستی خۆیان دەربڕن و رێگەنەدەن پیلانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران قوربانی لێبكەوێتەوە.