شەبەحەكەی ئەردۆغان لەپشت پەردەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئۆجەلان كردووە
هاكان فیدان؛ ئەو پیاوەی هەمیشە بەنهێنی كاری دەكرد هاتە بەرچاو
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆك كۆماری توركیا بەفەرمی ناوی هاكان فیدانی بۆ وەزارەتی دەرەوە راگەیاند، كەئەو پیاوەی هەمیشە لەپشت پەردەوە كاری دەكرد، هاتووەتە بەرچاو، كەچەندین ئەركی پێ سپێردراوەو بەپیاوە (شەبەح) سێبەرەكەی ئەردۆغان ناسرابوو كەناوی «رێوی هەواڵگریشی» لێنرابوو.
هاكان فیدان كە لەساڵی ٢٠١٠ەوە وەك سەرۆكی هەواڵگری توركیا كاردەكات، لەكابینەی نوێی حكومەتی توركیا كەدوای هەڵبژاردنەكانی ٢٨ی ئایار پێكهێنرا، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاوە وەك وەزیری كاروباری دەرەوە دەستنیشانكرا كەبووە ٤٦هەمین و وەزیری دەرەوەی توركیا.
هاكان فیدان، لەساڵی ١٩٦٨ لەشاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەدایكبووە، بنەماڵەكەی لەشاری وان ژیان و بەرەچەڵەك كوردن، دواتر چوونەتە ئەنقەرە، ئێستاش برازایەكی لەناو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دایە.
هاكان فیدان چەندین جار بەنوێنەرایەتی ئەردۆغان گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا كردووە.
فیدان تەمەن 54 ساڵ، یەكێك بووە لەو كەسانەی متمانەپێكراوی سەرۆك كۆماری توركیا، لەدوای ئەوەی ئەردۆغان لەساڵی 2003 بووەتە سەرۆك وەزیرانی توركیا، بەردەوام لەپۆستە جیاوازەكاندا خزمەتی كردووە، پێش ئەوەی فیدان لەپۆستی سەرۆكی هەواڵگری دەستبەكاربێت، پێشتر بابەتێكی سەرنجڕاكێش بوو لەكاتێكدا وەكو… نێردەی تایبەتی ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتە لەپرۆسەی ئاشتی كەئێستا لەكاركەوتووە لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و حكومەتی توركیا.
كاری فیدان لەئەفسەری ناڕازییەوە تا ئەكادیمی، لەپۆستە بیرۆكراتییەكانەوە تا بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی میت و ئێستاش بۆ وەزارەتی دەرەوە.
لەساڵی ٢٠٠٠ وەك ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سندوقی خانەنشینی هێزە چەكدارەكان (ئۆیاك) هەڵبژێردرا. دوای تەواوكردنی ١٥ ساڵ خزمەتە ئیجبارییەكەی، دەستی لەسوپا كێشایەوە. لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ توركیا لەساڵی ١٩٩٩ بڕوانامەی ماستەر لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لەساڵی ٢٠٠٦ لەزانكۆی بیلكەنت خوێندنی دكتۆرای تەواو كردووە.
هاكان بڕوانامەی بەڕێوەبردن و زانستە سیاسییەكانی لەزانكۆی میریلاند جیهانی كەمپی بەدەستهێناوە. دواتر بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای لەزانكۆی بیلكەنت بەدەستهێناوە.
لەساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ وەك راوێژكاری باڵای سیاسی و ئابووری لەباڵیۆزخانەی ئوسترالیا لەئەنقەرە كاری كردووە. لەساڵی 2003 تا 2007 سەرۆكی دەزگای هاریكاری و هەماهەنگی توركیا لەسەردەمی سەرۆكوەزیرانی توركیا بووە.
لەو ماوەیەدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەوكات ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گول وەزیری دەرەوەی ئەوكات و ئەحمەد داودئۆغڵو كەڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك وەزیران بوو، هاوكارییەكی نزیكی هەبوو.
لە 14ی تشرینی دووەمی 2007 وەك جێگری یاریدەدەری سكرتێری سەرۆك وەزیرانی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستنیشانكرا.
لە ١٥ی نیسانی ٢٠٠٩ فیدان وەك جێگری یاریدەدەری سكرتێری میت دەستنیشانكرا. دوای خانەنشینبوونی ئیمری تانەر جێگری سكرتێر، لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٠ بۆ ئەم پۆستە دامەزرا، بەم شێوەیە لەتەمەنی ٤٢ ساڵیدا هاكان فیدان بووە گەنجترین كەس كەوەك بەڕێوەبەری میت دامەزرا.
هەروەها فیدان دووەم كەسایەتی «مەدەنی» بوو كە لەدەرەوە هێنرایە سەرپەرشتیكردنی دامەزراوەكە، شانبەشانی سۆنمێز كۆكسال كە لەساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ وەك بەڕێوەبەری میت كاری كردووە.
فیدان لەماوەی كاركردنی وەك بەڕێوەبەری میت ڕۆڵێكی چارەنووسساز لە ڕووداو و ئۆپەراسیۆنە گرنگە جیاوازەكاندا بینیوە. یەكێك لە ڕووداوە دیارەكان «پرۆسەی چارەسەركردن» بوو كە لە ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێكرد، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەی لە مێژینەی كورد لە توركیا.
هاكان فیدان لەدوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی ٢٠١٦ خۆی لەناو مشتومڕێكی بێوێنەدا بینیەوە، هەندێكجار وەك كەسایەتی یەكلاكەرەوە لەشكاندن و ئاشكراكردنی كودەتاكەدا، هەندێكجاریش وەك دواكەوتوویەك بۆ ئاگادارنەكردنەوەی سەرۆك هەر كەئاگاداری بوو پلانەكە لەنیوەڕۆداو لەهەمووی گرنگتر بۆ ئەوەی پێشتر بوونی پلانێكی وەها گەورە نەدۆزیەوە، ئایا ئەوەی لەپانزەی تەمموزدا روویدا، نیشانەی دڵسۆزی ئەو بوو بۆ ئەردۆغان، یان سەربەخۆیی لەپلاندانان و كاركردن بەتەنیا لەگەڵ سەركردایەتی سوپادا.
ناوی فیدان دوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016 سەریهەڵدا، كاتێك وەك دیارترین رۆڵی هەبوو لەڕزگاركردنی ئەنقەرە لەخنكان لەگێژەڵوكەی كودەتای پێنجەمی سەربازیدا، ئەردۆغان بە «نهێنیپارێز» وەسفی كرد، توركەكانیش ناوی لێنا «رێوی هەواڵگری».
لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا گۆڕانكارییەكی لەهاوكاری ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكاوە بەرەو هاوكاری لەگەڵ ئێران دیارترینیان قاسم سولەیمانی، سەرۆكی فەیلەقی قودس بوو، لەمیانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەشوباتی 2017، لیستێكی 300 كەسی كەگوایە لایەنگری بزووتنەوەی گولەن بوون، گەیاندە برۆنۆ كاهل، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری فیدراڵی ئەڵمانیا.
دوای 13 ساڵ بەسەربردن لەسەركردایەتیكردنی دەزگای هەواڵگری توركیا، هاكان فیدان رووی لەسەركردایەتی دیپلۆماسی وڵاتەكەی كرد، دوای ئەوەی لەحكومەتی نوێ كە لەپێنج ساڵی داهاتوودا وڵات بەڕێوەدەبات، بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دەستنیشانكرا.
فیدان سەركردایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی نزیكبوونەوەی توركیای لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كرد لەم ماوەیەی دواییدا، هەروەها بەرپرسی ئەو پڕۆسەی دانوستانە بوو كە لەگەڵ سوریا ئەنجام دەدرا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دیمەشق، بەپاڵپشتی روسیا و ئێران.
نەوزاد سەواش شرۆڤەكاری سیاسی توركیا، رایدەگەیەنێت، فیدان ژمارەیەك فایلی دیپلۆماسی پەستاندار لەبەردەمیدا دەبینێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەمان ئەو كەسە بێت كە پێشتر مامەڵەی لەگەڵ بەشێكیان دەكرد، بەڵام ئەمجارە خۆی پیاوێكی چرا دەبینێتەوە، نەك سێبەر، رۆڵێك كە لەماوەی دەیەی رابردوودا خووی پێگرتووە.
دەشڵێت:» فیدان تەواوكردنی پرۆسەی هێوركردنەوەی گرژییەكانی ناوچەی توركیا لەئەستۆ دەگرێت و لەلوتكەشدا تەواوكردنی پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ سوریا دەبێت، كەئەویش بەشێك بوو لەو پرۆسەیە، هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر كەئێستا لەسەر رێگای راستدایە دوای راگەیاندنی بەرزكردنەوەی نوێنەرایەتی».
هاكان فیدان گفتوگۆ لەسەر فایلەكانی یۆنان و قوبرس و ئەرمینیا دەكات، كەسەرۆك وەزیرانی یۆنان بەشداری لەمەراسیمی دەستبەكاربوونی ئەردۆغان كرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری پێشكەوتن لەم فایلە سەختەی دەیان ساڵ لەمەوبەر، هەروەها رۆڵی هەبووە لەناردنی هاوكارییەكان» و گروپەكانی رزگاركردن لەكاتی بوومەلەرزەكەی ئەم دواییەدا”.