بەهۆی ژەهرخواردکردنیەوە؛ دکتۆر کازم فاروق خوێنی جەستەی بۆ گۆڕاوە
«خوێنی جەستەی بۆ گۆڕاوەو نەشتەرگەری بۆ جگەری ئەنجامدراوە»
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرئەنجام دوای ساڵێك دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان قسەیكردو رایگەیاند پاش ئەوەی نەشتەرگەری بۆكراو تەندروستی باش بوو هەموو شتێك لەبارەی ژەهرخواركردنەكەی ئاشكرادەكات، بەناڕاستەوخۆش پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی لایەنێكی سیاسی كردووە.
د.كازم فاروق پێش ماوەیەك لەنەخۆشكەوتنی دەستی لەسەرۆكایەتی فراكسیۆنی نەوەی نوێ كشاندەوە، جوڵانەوەكەش چەند جارێك بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ تۆمەتباریان كرد بەوەی دەوام ناكات و مووچەش وەردەگرێت، ئەمەش پەردەی لەسەر ناكۆكیی نێوان جوڵانەوەكەو د.كازم هەڵدایەوە.
دوای نزیكەی ساڵێك لەدیارنەمانی، دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رۆژی 12-6-2023 لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا بەجەستەیەكی لاوازو لەنەخۆشخانە دەركەوت و چەند راستییەكی ئاشكراكرد.
لەوتەكانیدا د.كازم فاروق وتی:»دوای ئەوەی ماوەیەكە لەخزمەت ئێوەی خۆشەویست دابڕاوم ئێستا پێمخۆشە لەخزمەتانابم، لەدوای زیاتر لەساڵێك لەچارەسەر وەرگرتن پزیشكەكان لەئوردن پێیان راگەیاندم كەمەترسی لەسەر ژیانم نەماوەو لەچەندڕۆژی داهاتوودا ئیزنم دەدەن».
هەروەها وتیشی: «ئەوەی دەمێنێتەوە نەشتەرگەرییەكی وردە كە تائێستا بڕیارم نەداوە لەچ نەخۆشخانەیەك و لەچی وڵاتێك بیكەم، هەندێك شتم بیستەوە، بیرم لەوە دەكردەوە ئەوانەی كەكاتی خۆی تیرۆركران و بوونە قوربانی، بەشێكیان لەدوای خۆیان هەندێك درۆو سینارۆشیان بۆ بڵاوكردنەوە, بیرم لەوە دەكردەوە كە چ نهێنی و حەقیقەتێكیان لەگەڵ خۆیاندا بردە ژێرخاك».
« دیارە خوای گەورە ئەمجارە نەیهێشت ئەو دەستە رەشەی خۆی وەك فریادڕەسی خەڵك ناساندووە نهێنییەكەی بچێتە ژێر خاكەوە، ئەگەر خوای گەورە دەرفەت بدات پاش نەشتەرگەرییەكەم هەموو بەڵگەو نهێنییەكان بۆ خەڵكی كوردستان و رای گشتی بڵاودەكەمەوە لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی دیكە كە بەڕاستی گرنگە خەڵكی كوردستان و رای گشتی بیزانن». دكتۆر كازم فاروق وا دەڵێت.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتیشی:» دوای ئەم قسانەو ئەم ڤیدیۆیەی من هەر كەسێك هەر لایەنێك هەر تەلەڤزیۆن و میدیایەك بەم قسەو نەخۆشیانەی من قەڵس بوو ئەوە بیناسنەوە خۆیەتی، با بمێنێت بۆ پاش نەشتەرگەرییەكەم».
هەر لەگرتە ڤیدیۆییەكەدا دایكی د.كازم فاروق وتی:» زۆر شكور بۆ خوای گەورە كە دكتۆر ئێستا تەندروستی بەرەو باشتر دەڕوات، بەڕاستی ئەم دەستە رەشە كەویستی ئەم ناهەقییە بەرامبەر د.كازم بكات، بەڵام نەیپێكا، خوانەخواستە بیپێكایەو ببوایە بەزەرەری رۆحی ئێمەش وەك خانەوادەی د.كازم بۆمان قبوڵ نەدەكرا».
قسەکانی سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەن بۆ تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی لایەنێکی سیاسی
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، دكتۆر كازم فاروق خوێنی جەستەی بە تەواوی بۆ گۆڕدراوەو نەشتەرگەری جگەریشی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام نازانرێت ئەو نەشتەرگەرییەی كە بڕیارە ئەنجامی بدات چییە.
هەروەها لەماوەی ئەو ساڵەدا لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدا بووەو بەردەوام براكەی و هاوسەرەكەی لەلای بووە.
هاوڵاتی پەیوەندی بەكەسوكاری دكتۆر كازم فاروقەوە كرد، بەڵام ئەوەیان دووپاتكردەوە كە هەموو بەڵگەكان بۆ رای گشتی دەخرێنەڕوو.
30 ئۆكتۆبەری 2022 دایكی د.كازم فاروق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كەكوڕەكەی ژەهرخوارد كراوە، وتیشی:»لەمانگی یەكی 2022 سەرەتای نەخۆشیەكەی دەركەوت و پاشان لەمانگی دوو بەتەواوی بێتاقەت بوو جاروباریش تووشی خوێنبەربوون بوو، لەپڕ بەهیلاك چوو كە گەیاندمانە نەخۆشخانە پزیشكەكان وتیان چی دراوتێ و بۆچی وای لێهاتووە».
بەوتەی دایكی د.كازم فاروق، پزیشكەكان وتوویانە دەبێت راپۆرتی پزیشكی بهێنن ئینجا چارەسەری بۆ دەكەن، دواتر كە راپۆرتیان برد دووجار پشكنینیان بۆكرد نەیاندەزانی چی لێبكەن، لەبەرئەوە وتیان» واباشە چاوەڕێی پزیشكێك بكەن لەدەرەوەی وڵاتە ئەویش هاتەوەو پشكنینی بۆ كرد لەنەخۆشخانەی شۆرش وتیان پشكنینەكەی پاك نییە».
«بیرمان لەوەكردەوە بیبەین بۆ دەرەوەی وڵات و لەوێ پشكنینیان بۆكرد و وتیان ژەهرخوارد كراوەو دواتر رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبوو، هەر رۆژەو شوێنێكی بەرەو خراپ بوون چوو دواتر لەقسەكردن كەوت، كاتێك پرسیارمان لەهاوڕێكانی كرد لەنەوەی نوێ ئەوان شڵەژان و وتیان ساڵ و نیوێكە لەگەڵ ئێمە نەماوە جگە لەوەش رۆژ بەڕۆژ شتی خراپیان لەسەر بڵاودەكردەوە».
هاوكات، عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە لەفەیسبووكی خۆی نووسیویەتی:» شەوێكیان كاتژمێر ١١ بوو ژمارەیەكی بەریتانیا بە واتس ئەپ تەلەفونی كرد، وتی من د.زوهێرم برای د.كازم فاروق، بەناوی خانەوادەكەمان پەیوەندیت پێوە دەكەین، دەزانین تۆ دۆستایەتیەكی نزیكت لەگەڵ د.كازم نەبووە، بەزۆر كەسمان لەهاوڕێكانی وتووە ئامادەنین لەسەری هیچ بڵێن، كازم لەدۆخێكی خرپدایە… دكتۆر ٧٢ كاتژمێری بۆ داناوە ئەگەر لەم ٧٢ كاتژمێرەدا نەمرێت… ئەگەری ژیانی بەهێزە».
عەلی حەمەساڵح هەروەها نووسیویەتی:» وردەكاری دۆسیەكەیان پێیوتم، لەوە نیگەران بوون وتبوویان كوڕەكەیان رۆشتووەتە ئەوروپاو موچەش وەردەگرێت، قەناعەتیان پێهێنام بۆ نەخۆشیەكەی، دواتر لەگەڵ دایكی و براكانی د.كازم لەسلێمانی دانیشتین (جارێك بەتەنیاو جارێك لەگەڵ كاك سۆران عومەر) زۆر بەڵگەو نووسراویان پیشانداین».
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، تائێستا ئەوە پشتڕاستبووەتەوە كە د.كازم فارووق ژەهرخوارد كراوەو كەسوكارەكەشی گومانیان هەیەو بەڵگەشیان لەبەردەستدایە.