پشكی حاجیانی هەرێم وەك پشكی بودجە كەمكرایەوە
هەرێمی كوردستان 13%ی سەرجەم حاجیانی عێراق پێكدەهێنن
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
پشكی حاجیانی هەرێم وەك پشكی بودجە كەمكرایەوەو 13%ی سەرجەم حاجیانی عێراق پێكدەهێنن كە لەكۆی ٣٧ هەزار حاجی تەنها چوار هەزارو ٦٨٤ حاجیان بەر هەرێم كەوتووە.
زیاتر لەدوو ملیۆن موسوڵمان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج روویان لەوڵاتی سعودییە كردووە، لەو ژمارەیەش نزیكەی پێنج هەزاریان حاجیانی هەرێمی كوردستانن، وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆ ساڵی ئایندە ناونووسین دەبێتە ئۆنلاین.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەمساڵ حاجیانی عێراق ٣٧ هەزار حاجین و لەو ژمارەیەش چوار هەزارو ٦٨٤ حاجیانی هەرێمی كوردستانن.
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە ناونووسین بۆ حەج ساڵی ٢٠١٧ ئەنجامدراو ٨٦ هەزارو ٨٦٧ كەس ناویان نووسی و تیروپشكیان بۆ كرا، كەمەرجی سەرەكی بۆ ئەو كەسەی ناوی دەنووسی نەدەبوو تەمەنی لە ١٨ ساڵ كەمتربێت، ساڵەكانی ٢٠١٧و ٢٠١٨و ٢٠١٩ نزیكەی ١٨ هەزار حاجی لەو ژمارەیە گەشتیان كردووە.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف باسی لەوەشكرد كە ساڵی ٢٠٢٠و ٢٠٢١ بەهۆی كۆرۆناوە حەج بۆ هەموو جیهان راگیراو ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە ئەو ناوانەی لەساڵی ٢٠١٧ تیروپشكیان بۆ كرابوو راكێشرایەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە ٦٥ساڵ زیاتر بوو سعودیە رێگای نەدا بچنە خاكی سعودیەوە، بەڵام ئەمساڵ مەرجی تەمەن هەڵگیراوە.
زیاتر لە دوو ملیۆن مسوڵمان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕوویان لە وڵاتی سعودیە کردووە، لە ژمارەیەش نزیکەی پێنج هەزاریان حاجیانی هەرێمی کوردستانن
سەبارەت بەشێوازی گەشتی حاجیانی هەرێمی كوردستان بۆ سعودیە نەبەز ئیسماعیل هێمای بۆ ئەوەشكرد كەحاجیانی هەرێمی كوردستان بەدوو شێواز گەشت دەكەن، شێوازی یەكەمیان رێگای وشكانییە كەژمارەیان ٦٩٠ حاجییە، شێوازی دووەمیان رێگای ئاسمانییەو لە 11 بۆ 18ی حوزەیران بەهەشت كاروان دەگەنە سعودیە.
سەبارەت بەپشكی پارێزگاكان لەمساڵدا، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەی خستەڕوو كە حاجیانی هەولێر زیاتر لەهەزارو ٥٠٠ حاجی و سلێمانی نزیكەی هەزارو ٦٠٠ حاجی و دهۆك نزیكەی هەزار حاجی و هەڵەبجەش زیاتر لە ٨٠ حاجین.
«ساڵی ئایندە بۆ ناونووسینی حەج میكانیزمێكی نوێ بەكاردێت و لەڕێگەی ئەپڵیكەیشنی ئۆنلاین لەڕێگای بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە دەبێت، تێچووی حەج گرانتر بووە ئەویش بەهۆكاری جیاواز، لەسعودیەش شوێنی حەوانەوەو رێكارەكان گرانتر بووەو داخوازی حەج لەسەرانسەری جیهان زۆربووە» نەبەز ئیسماعیل وای وت.
بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ژمارەی حاجیان گۆڕانكاری ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە، تەنها ساڵی 2019 نەبێت كە دوو هەزار حاجی بۆ هەرێمی كوردستان زیادیكردووە.
حاجیانی هەرێمی كوردستان تەمەنی جیاواز لەخۆدەگرن و بەشێوەیەكی گشتی تەمەنیان سەروو ٦٥ ساڵە، بەهۆی ئەوەی كەئەمساڵ مەرجی تەمەن هەڵگیراوە، بەتەمەنترین حاجی هەرێمی كوردستان خانمێكی ناوچەی گەرمیانە، تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە، بچووكترین حاجیش گەنجێكی تەمەن ٢٢ساڵی شاری هەولێرە.
محەمەد یەحیا گەنجێكی شاری هەولێرەو لە ١\٧\٢٠٠١ لەدایكبووەو دەرچووی بەشی شەریعەی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەڵاحەدینە، نازناوی بچووكترین حاجی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵی ٢٠١٧ ناوەكان نووسران و من ئەوكات تەمەنم ١٦ ساڵ بوو، نەمدەتوانی ناو بنووسم تەنها ناوی خانەوادەكەم هاتەوە.
هەروەها وتیشی:» ئەم حەجەی من بەشی باوكمەو ئەو پێشتر حەجی كردبوو، بۆیە تەنازولی بۆ من كرد كەگەشتەكە ئەنجامبدەم، بەڕاستی هەستێكی تایبەت و خۆشەو وەسف ناكرێت كەبەم تەمەنەوە ئەم فەریزەیە ئەنجامبدەم».
فەریزەی حەج یەكێكە لەڕوكنەكانی ئیسلام، یەكجار لەژیاندا لەسەر هەر موسوڵمانێك ئەركە، بەچەند مەرجێك ئەوانیش: پێگەیشتن، واتە لەسەر منداڵ ئەرك نییە- ئاقڵ- ئازادبێت- توانای جەستەیی و ماددی هەبێت، هەرچەند بەشێك لەموسوڵمانان چەندجارێك لەژیانیاندا حەج ئەمجامدەدەن بەڵام تەنها یەكجار ئەركە.