هاوڵاتی مەترسی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەخاتەڕوو

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

بڵاوبوونەوەی رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كاری میدیایی، كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە، سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێت  لایەندار نین تێیداو پاش كۆبوونەوەی فراوان رای خۆیان لەبارەیەوە دەڵێن، وەزارەتی رۆشنبیریش چاوەڕێی كاردانەوەكان دەكات.

رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 لەبارەی كاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان (تایبەت بەڕێكخستنی فریكوێنسی رادیۆو تەلەڤزیۆن) كە لەڕۆژی 22ی 5ی 2023 لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە، چەندین رێنمایی بڵاوكراونەتەوە كە لە 17 ماددە پێكهاتووەو لەڕۆژنامەی وەقایعی كوردستانیش بڵاوكراوەتەوە.

لەڕێنماییەكاندا دەسەڵاتێكی رەها بەحكومەت دراوە، لەناویاندا وەزارەتی رۆشنیبری لەپێدانی مۆڵەتدا ئەوەش دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو ژینگە، بەپێی رێنماییە نوێیەكە ئاماژە بەوەكراوە كەئەگەر لەماوەی 90 رۆژدا وەڵامیان نەبوو، ئەوە داواكە بەپەسەندكراو دادەنرێت.

وەزارەتی رۆشنبیری مەرجی بۆ كوالێتی ناوەڕۆكی بابەتە رۆژنامەوانییەكان داناوەو لەبەشێكیدا هاتووە «پابەندبوون بەپێوەرەكانی ناوەڕۆكی میدیایی كە لەلایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاریی دەردەچێت»، لەكاتێكدا ئەو فەرمانگەیە سەر بەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەو هێشتا روون نییە كەی و چۆن ئەو پێوەرانە دەنووسێت.

هەروەها لەبەشێكی تردا هاتووە: «دووركەوتنەوە لەو كارە میدیایانەی كە دەبنەهۆی قەیرانی ئابوری و شڵەژانی بازاڕە ناوخۆییەكان»، بەبێ ئەوەی روونكردنەوەی تیابێت.

رێنماییەكان كۆت و بەندی زۆری بۆ كاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان تێدایە، كە بووەتە هۆی ناڕەزایی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن.

رۆژنامەنووس شوان محەمەد پێی وایە دەبێت ئەم یاسایە رابگیرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە، لەبەرئەوەی سنوری یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی پێشێل كردووەو ناوەڕۆكەكەی نەهێشتووەتەوە.

ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»یاسای ژمارە 35 میدیا داناخات بەڵكو سزاكەی داراییە، بەڵام ئەم رێنماییانە میدیا دادەخات و ئەگەر سەرپێچی بەردەوام بوو لیستی رەشی بۆ دەكاتەوەو داوا لەحكومەتیش دەكات مامەڵەی لەگەڵ نەكات».

هەروەها باسی لەوەشكرد كە بەپێی یاسای ژمارە 35 مۆڵەت وەرگرتن نییە تەنها ئاگاداكردنەوەیە لەڕێگەی سەندیكاوە، بەڵام لەم رێنماییە نوێیەدا كۆمەڵێك شوێنی زیادكردووە وەك وەزارەتی ناوخۆ، جگە لەوەی لەكاتی پەخشدا كۆمەڵێك كەناڵی داناوە بۆ مۆنیتەرینگ كە یەكێك لەوانە فەرمانگەی میدیاو زانیارییە.

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: لایەندار نین تێیداو لەگەڵ ئەوەدان کاری میدیایی ڕێکبخرێتەوە

«لەسەرەتادا رێنماییەكە وادەریدەخات تەنها بۆ كاری میدیاییە، بەڵام دواتر سۆشیال میدیاشی بۆ زیاد دەكات و دەشڵێت دواتر رێنمایی نوێ دەردەچێت لەفەرمانگەی میدیاو زانیارییەوە، ساڵی 2014 رێنماییەك هەبووە كەئەویش پێشێلكاری تیایە، بەڵام زیاتر تەكنیكییە، ئەمە 17 ماددەو بەهەموو پێوەرەكان دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری یاسای ژمارە 35 جێبەجێ بكات و ئەم بیدعەیەمان لەكۆڵ بكاتەوە». شوان محەمەد وادەڵێت.

شوان محەمەد وتیشی «وەزارەتی رۆشنبیری بووەتە شوێنی كادرەكانی حزب و بووەتە چەكوش بەسەر ئازادی میدیاو رۆژنامەوانییەوە، ناتوانن كۆت و بەند بۆ میدیای پارتی و یەكێتی دابنێن، چونكە ئەمە تەنها بۆ ئەو میدیایانەیە كە پاڵپشتی بەهێزیان نییە».

سەرنووسەری دەزگای میدیایی «كەركوك ناو» باس لەوەدەكات لەگەڵ ئەو رێنماییە نوێیانەدا هەست بەئارامی ناكەن.

شۆڕش خالید، سەرنووسەری دەزگای میدیایی كەركوك ناو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نائارامییەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لەكاتێكدا یاسای كاری رۆژنامەوانیمان هەیە كەدەتوانین بڵێین یاسایەكی تاڕادەیەك باشە، بەڵام هاتوون رێنمایی نوێتر دەردەكەن، ئەمە جێی گومانە».

وتیشی:» لەڕابردودا دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم لەدەرەوەی كاركردن بەیاساكە هاتووە رۆژنامەنووسانی بەیاسای تر دادگایی كردووە، لەوانەش یاسای سزادانی عێراقی و تەنانەت یاسای توندتر، ئەی ئەگەر دادگاكان كار بەم رێنماییانە بكەن، حەتمەن ئەركەكە بۆ ئێمە زۆر قورستر دەبێت».

«هەستدەكەین بیانەوێت زیاتر كۆت و بەندمان بكەن و بمانترسێنن، بەتایبەت بەشێك لەڕێنماییەكان زۆر لاستیكی و روونكردنەوەی تیا نییە، بۆ نموونە لەبابەتە قەدەغەكراوەكانی رێنماییەكانی وەزارەت داوا دەكات دووربكەوینەوە لەو كارە میدیایانەی «دەبنەهۆی قەیرانی ئابوری و شڵەژانی بازاڕە ناوخۆییەكان، نازانین مەبەستیان لەمە چییە» شۆڕش خالید وادەڵێت.

سەرنووسەری كەركوك ناو دەشڵێت :»هەر بابەتێك ناوزڕاندنی كەس و سیمبولی نیشتیمانی لێبكەوێتەوە، قەدەغەیە، وای لێتێدەگەم ئەگەر سبەی من بەبەڵگەوە سەلماندم كەگریمان سەرۆكی حكومەت یان هەر بەرپرسیكی باڵا گەندەڵی كردووە، دوایی دەمدەنە دادگا و دەڵێن تۆ ناوت زڕاندووین».

شۆڕش خالید ئەوەی دووپاتكردەوە كە رۆژنامەنوسان بێدەنگ نەبوون و رۆژانە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان لەو پرسە ئاگاداردەكەنەوە، داواشدەكەن كۆدەنگی زیاتر دروستبێت بۆ راگرتنی، چونكە لەهەرێم دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە.

سەنتەری میترۆو سەندیكای رۆژنامەنووسان كەوەك رێبەری داكۆكیكردن لەكاری رۆژنامەنووسی ناودەبرێن بۆچوونیان لەبارەی رێنماییەكانەوە جیاوازە.

رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» رێنماییەكان گوزارشتە لەسیاسەتی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەئازادیی كاری رۆژنامەگەری و رادەربڕین، كە بەمەش ناوەڕۆكی یاسای رۆژنامەگەری بەتاڵ دەكاتەوە.»

وتیشی:»لەیاسای رۆژنامەگەریدا (35ی ساڵی 2007)دا رۆژنامە قەدەغەناكرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت، بەڵام لەم رێنماییەدا، وەزارەت ماف بەخۆی دەدات هەر لەڕاگرتنی كاتییەوە و لەكاتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچی، مافی درێژكردنەوەی راگرتنیش دەدات بەخۆی تادەگات بەلیستی رەش».

ڕەحمان غەریب، بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ: ڕێنماییەکان ناوەڕۆکی یاسای ڕۆژنامەگەری بەتاڵ دەکاتەوە

لەبەرامبەردا ئازاد حەمەئەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا ئێمە بەتەواوی دەقی رێنماییەكانمان نەخوێندووەتەوەو لەڕاستیشدا ئێمە تەرەف نین تێیدا، هەرچەندە پێشتر بۆ ئێمەیان ناردبوو، بەڵام دوای كۆبوونەوەیەكی فراوان رای خۆمان بەفەرمی دەڵێین، بەڵام بەگشتی لەگەڵ ئەوەداین كاری میدیایی رێكبخرێتەوە».

لای خۆیەوە، نامیق هەورامی وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوای ئەوەی لەوەقایعی كوردستان بڵاوكراوەتەوەو جێبەجێدەكرێت دواتر لەبارەیەوە قسە دەكەین، چونكە لەكاتی جێبەجێكردندا دەردەكەوێت باشە یان خراپ».

وتیشی:»بۆیە ئێستا هیچ لێدوانێكمان نییە لەسەری و بەپێی یاساش دەبێت چاوەڕێ بكەین تادەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار