لەگیان لەدەستدانی منداڵێكدا نەخۆشخانەیەك تۆمەتبار دەكرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
«پێنج خولەك پێش لەدایكبوونی، منداڵەكە لێدانی دڵی ئاسایی بوو، براژنم زۆر پاڕایەوە لەپزیشكەكان نەشتەرگەری بۆ ئەنجامبدەن پزیشك و پەرستارەكان نەهاتن بەلایداو بەو هۆیەوە مناڵەكەی مرد»، حەلیمە ئەحمەد پووری منداڵەكەی وای وت.
ساكار محەمەد، خانمێكی تەمەن ٢٩ ساڵەو دانیشتووی شارۆچكەی قەڵادزێیە سەر بەئیدارەی راپەڕین، لەنۆی ئەم مانگە سەردانی نەخۆشخانەی قەڵادزێی كردووە بەمەبەستی لەدایكبوونی منداڵەكەی، بەڵام منداڵەكەی گیانی لەدەستداو خانەوادەكەی كارمەندان و پزیشكانی نەخۆشخانەكە بەهۆكار دەزانن.
نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون یەكێكە لەنەخۆشخانە گرنگەكان، بەڵام نەبوونی لەبەشێك لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا بووەتە گرفت و خانمان رۆژانە رووبەڕووی كێشە دەبنەوە.
حەلیمە ئەحمەد خوشكی هاوسەری (ساكار محەمەد) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كاتژمێر دووی شەو براژنمان بردە نەخۆشخانەو تا دووی نیوەڕۆ ماینەوە، كەچووین پەرستاری لێبوو، بەڵام پزیشكی ئێشكگرو پزیشكی بەنجمان نەبینی، دوانزەو نیوی نیوەڕۆ پزیشك هات بەلامانداو خەریكی بەكارهێنانی مۆبایل بوون و زۆر كەمتەرخەم بوون».
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كەپێنج خولەك پێش لەدایكبوونی، منداڵەكە لێدانی دڵی ئاسایی بووەو براژنی زۆر پاڕاوەتەوە لەپزیشكەكان نەشتەرگەری بۆ ئەنجامبدەن لەبەرئەوەی بارودۆخی خراپ بووە، منداڵەكەی لەدایك نەدەبوو و بۆ ماوەیەكی زۆر ژانی پێوە بووە.
حەلیمە دەشڵێت: «براژنم ئێستا تەندروستی خراپەو پاش لەدایكبوونی منداڵەكە خوێنی زۆری لێ رۆیشتووەو پزیشك و پەرستار پاش بیست خولەك هاتن بەلایدا، تووشی نەخۆشی دەروونی بووەو خەوی نەماوە».
پووری منداڵەكە پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵادزێ بەسەرەكیترین هۆكاری گیانلەدەستدانی برازاكەی دەزانێت.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێ ئاماژە بەوەدەدات كەبڕیاری منداڵبوونی نەشتەرگەری لەدەستی پزیشك و لیژنەی پسپۆڕدایە نەك دایك و كەسوكاری منداڵ.
دكتۆر ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو ژنە نزیكەی كاتژمێر دووی شەو هاتووەتە نەخۆشخانەو كارمەندان و پزیشكان چەند جارێك بینیویانە و پشكنینیان بۆ ئەنجامداوە، داوای ئەوەی كردووە كەمنداڵەكەی بەشێوەی نەشتەرگەری لەدایك ببێت و نەیویستووە ژانی مناڵبوونی بۆ بێت».
هەروەها پێشیوابوو لەڕووی زانستیشەوە پێویستی بەنەشتەرگەری نەبووەو چانسی منداڵبوونی سروشتی هەبووەو نزیكەی كاتژمێر دووی نیوەڕۆ منداڵەكەی بەمردووی لەدایكبووە.
« بڕیاری منداڵبوونی نەشتەرگەری لەدەستی پزیشك و لیژنەی پسپۆڕدایە نەك دایك و كەسوكاری منداڵ، ئەو خاتوونە نزیكەی 10 كاتژمێر لەهۆڵی لەدایكبوون بووە ئینجا منداڵەكەی بەمردوویی لەدایكبووە». ئازاد ئەحمەد وای وت.
سەبارەت بەنەبوونی نەخۆشخانەی ژنان و لەدایكبوون لەقەڵادزێ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەزیاتر لەسێ ساڵە داوای كردنەوەی نەخۆشخانەی ژنان و لەدایكبوون لەقەڵادزێ دەكەن، بەڵام تائێستا رەزامەندییەكەیان لەئەنجومەنی وەزیرانەوە نەگەڕاوەتەوە بەهۆی زۆری بودجەكەیەوە.
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێ: بڕیاری منداڵبوونی نەشتەرگەری لە دەستی پزیشک و لیژنەی پسپۆڕدایە نەک دایک و کەسوکاری منداڵ
دكتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەدا هەموو ساڵێك داوای دروستكردنی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونیان كردووە لەزۆربەی قەزاكان بەتایبەتی لەسەیدسادق.
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی:» لەقەزاكاندا لەڕانیەو چەمچەماڵ نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون هەیە، بەڵام لەقەزاكانی دیكەدا نەخۆشخانەی تایبەت بەژنان و مناڵبوون نییە، تەنها بەشی لەدایكبوون وەك بەشێك لەنەخۆشخانكە گشتییەكاندا هەیە».