لەدوو ساڵدا حەوت ئەندامی هەدەپەو چالاكوانی باكوور لەهەرێم تیرۆر كراون

تیرۆری سیاسیی كوردانی باكووری كوردستان‌و ئەندامانی هەدەپە لەهەرێم لەهەڵكشاندایە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا حەوت چالاكوانی باكوری كوردستان و ئەندامی هەدەپە لەهەرێمی كوردستان تیرۆركراون، تەنها بكوژی یەكێكیان دەستگیركراوە دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت لێكۆڵینەوە لەبكەرەكانیان بەردەوامە.

تیرۆری سیاسیی پەلیهاویشتووە  بۆ بەردەم دەرگای ماڵەكان و شوێنی كارو قەرەباڵغترین شەقامەكان، سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و دامەزراوە ئەمنییەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، پۆلیس و دەزگاكانی ئاسایش، لەوبارەیەوە كەمترین روونكردنەوەی فەرمییان هەبووە، تیرۆركردنی حسێن ئاراسان ئەندامی رێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لەبەردەم نوسینگەی رێكخراوەكەدا لەسلێمانی، نوێترین تیرۆری سیاسیی بوو لەهەرێمی كوردستان.

لە ١٧ـی ئەیلولی ٢٠٢١، یاسین بولوت ناسراو بە شوكری سەرحەد لەگەڕەكی چوارچراو شەوی ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٢، محەمەد زەكی چەلەبی، لەگەڕەكی بەختیاری و لەبەردەم خواردنگەكەی خۆیدا.

هەروەها چواری تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢ لەگەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لەنزیك ماڵەكەی خۆیدا ناگیهان ئاكارسەل، رۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢، سوهەیل خورشید عەزیز، ناسراو بەمامۆستا شەماڵ، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیداو رۆژی ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣ حسێن ئاراسان ئەندامی رێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لەبەردەم نووسینگەی رێكخراوەكەیان، تیرۆركران و پەنجەی تۆمەتیش بۆ ئەو تیرۆركردنانە ئاڕاستەی دەزگای هەواڵگری توركیا دەكرێت.

لە ١٦ـی ئەیلولی ٢٠٢١یشدا لەنووسینگەی كارەكەی لەشاری سلێمانی، هەوڵی تیرۆركردنی فەرهاد بارش قۆندوو دراو بەسەختیی برینداركرا، لەشەوی ١٧ـی نیسانی ئەمساڵیش، حسێن تورەلی پەنابەرێكی سیاسیی باكووری كوردستان، لەناو بازاڕی فامیلی مۆڵ لەدهۆك، تیرۆركراو شەهیدبوو.

لەهەرێمی كوردستاندا دەزگای سیخوری میت، لەڕێگەی ئەو كەسانەی لەگەڵیاندا كاردەكەن چاودێری وردی ئەو ئەندامانەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)و چالاكوانانی باكوری كوردستان دەكەن كە وەك پەناگەیەكی ئارام لەهەرێمی كوردستاندا ژیان بەسەردەبەن.

تا ئێستا یەک بکوژی ئەو تیرۆرکردنانە دەستگیرکراوە کە ئەویش لە سلێمانییە

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە ماوەی 12 ساڵە نوێنەرایەتی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە  ئەوە دەخەنەڕوو كە لەم دووساڵەدا تیرۆری ئەندامانیان زیادیكردووە.

محەمەد عادل، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لەهەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا حەوت ئەندامی هەدەپەو چالاكوانی كوردی باكور لەهەرێمی كوردستان تیرۆركراون».

هەروەها وتیشی:»لەو كەسانە شەشیان لەسنووری پارێزگای سلێمانی بوون و یەكێكیان لەدهۆك بووەو تەنها بكوژی یەكێكیان دەستگیركراوەو لەلای ئاسایشی سلێمانییە كەئەویش بكوژەكەی ناگیهانە».

نوێنەرایەتی هەدەپە زیاتر لە 12 ساڵە لەهەرێمی كوردستان بوونی هەیە، بەوتەی ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتیەكەیان لەم دوو ساڵەی دواییدا تیرۆری ئەندامانی ئەو پارتەو چالاكوانانی باكور زیادی كردووە، دەشڵێت:»هەركات دەچینە ئاسایش و لایەنە ئەمنیەكانی هەرێم پێمان دەڵێن هیچ زانیاریەكمان نییە».

جگە لەتیرۆركردن، هەڕەشەكردن لەئەندامانیان و سنورداركردنی چالاكیەكانیان بەشێكی دیكە لەو فشارانەی بۆ سەر ئەندامانی هەدەپەو بەرپرسانیان لەهەرێمی كوردستان زیادیكردووە بەتایبەتیش لەسنووری پارێزگای هەولێر، وەك ئەندامەكەی نوێنەرایەتی هەدەپە لەهەرێمی كوردستان وادەڵێت.

نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان: لایەنە ئەمنییەکانی هەرێم پێمان دەڵێن هیچ زانیارییەکمان نییە

سەرچاوەیەك لەدەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە» ئەو جۆرە تیرۆركردنانە هەموویان بەتاوان لای ئێمە هەژمار دەكرێن و دەزگای ئاسایش هەمیشە بەدوای بكەری ئەو تیرۆرانەوەیەو لێكۆڵینەوەش كراوەو بەردەوامیشە».

لەو حەوت چالاكوانەی باكورو ئەندامەی هەدەپە كەتیرۆركراون بكوژی ناگیهان ئاكارسەل لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركراوە، بەڵام هێشتا دیارنییە چ سزایەك بەسەریدا سەپێندراوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار