ئاوارە ئێزیدییەكان دەگەڕێنەوە شەنگال
لەچل رۆژدا 259 خێزانی ئاوارەی ئێزیدی گەڕاونەتەوە شەنگال
یەک ساڵ لەمەوپێش
عەممار عەزیز
لەدوای رزگاركردنی شەنگال لەژێر دەستی داعش تائێستا تەنها لەسەدا 35ی ئاوارەكانی شەنگال و دەوروبەری گەڕاونەتەوەو هێشتا بەشی هەرە زۆری ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە.
بەرپرسانی عێراق دەڵێن دەبێت بەزووترین كات ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و مەلەفی ئاوارەكان بەیەكجاری دابخرێت، لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی هەرێم دەڵێن» بەزۆر نایانگەڕێنینەوە».
سێڤی حەمو، كچێكی ئێزیدی تەمەن 27 ساڵ نزیكەی نۆ ساڵە لەكەمپی باجید كەنداڵا لەگەڵ خێزانەكەی دەژی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت « هیچ ئاوارەیەك حەزناكات هەر لەكوردستان بمێنێتەوە و هەر چاوەڕێی گەڕانەوەیە، وامان دانابوو چەند مانگێگ لەكوردستان بین و دواتر دەگەڕێنەوە، بەڵام هەموو شتێك پێچەوانەوە دەرچوو، لەچەند هەفتەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر لەئاوارەكان گەڕانەوە ئێمەش بەنیازین بگەڕێینەوە شەنگال».
ماڵی خێزانەكەی سێڤێ لەكۆمەڵگای سیبا شێخ خدرە سەر بەشەنگال زیاتر وتی: «تائێستا هیچ كەس و لایەنێك بەئێمەی نەوتووە دەبێت بگەڕێنەوە، بەڵام هەست دەكەین جۆرێك لەفشار هەیە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تائاوارەكان بگەڕێنەوە، هەرچەند ئێستا هاوكارییەكان بەسەر ئاوارەكاندا زۆر كەمبوونەتەوە.»
بەدەل رەڤۆ، دوای زیاتر لەهەشت ساڵ لەژیانی ئاوارەیی هەفتەی رابردوو گەڕاوەتەوە گوندەكەی خۆی لە سیبا شێخ خدر بەهاوڵاتی وت» دوای زیاتر لەهەشت ساڵ دووبارە دەستمان بەژیانێكی تازە كردووە لەگوندەكەی خۆمان شوێنەكەمان زۆر خۆشترە لەژیانی كەمپ و ئاوارەیی، مانەوەمان لەكەمپ كاتی بوو».
بەدەل رەڤۆ پێشیوابوو ئەگەر بەشی زۆری ئاوارەكان گەڕانەوە ئەوكات دەبێتە فشارێكی گەورە لەسەر حكومەتی عێراق تاهەموو كێشەكان چارەسەر بكات، وتیشی:» ئەگەر خەڵك هەر نەگەڕایەوە بیانووی ئەوان خوشە دەڵێن خەڵك نەگەڕاوەتەوە، باشترین چارەسەر ئەوەیە ئاوارەكان بگەڕێنەوە و كۆتایی بە ژیانی ئاوارەیی بهێنن، شەنگال ئارامەو هیچ كێشەیەكی ئەمنی نیە، لەڕووی خزمەتگوزاریش كەموكورتی هەیە بەڵام ئەوە شتێكی گشتییە».
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم لەماوەی 40 رۆژدا 950 خێزان مامەڵەكانی گەڕانەوەیان پێشكەش كردووەو لەو ژمارەیە 259 خێزان گەڕاونەتەوە شەنگال.
پیر دیان جەعفەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم دەڵێت:»ئەگەر كێشەكانی شەنگال چارەسەر بكرێت گەڕانەوەی ئاوارەكان لەئێستا زیاتر دەبێت».
پیر دیان جەعفەر كەهاوكات سەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی دهۆك دەكات ئەوەشی خستەڕوو كە لەماوەی 40 رۆژدا، 950 خێزان مامەڵەكانی گەڕانەوەیان پێشكەش كردووەو لەو ژمارەیە 259 خێزان گەڕاونەتەوە شەنگال و 29 خێزان پەشیمان بوونەوە لەگەڕانەوەو 662 خێزانیش خۆیان ئامادەدەكەن تا بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
لەبارەی هۆكارەكانی نەگەڕانەوەی هەموو ئاوارەكان، پیر دیان پێیوابوو كەمی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی سیاسی و ئیداری هۆكاری سەرەكی بووە.
جەختی لەوەشكردەوە كە ماوە ماوە هەندێك خێزان دەگەڕێنەوە بەڵام هێشتا رێژەی گەڕانەوە كەمە لەچاو ژمارەی ئاوارەكان كە لەدوای رزگاركردنی شەنگال تائێستا لەسەدا 30 بۆ 35 گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەگەر هاوكارییان بكرێت و كێشەكانی شەنگال چارەسەربكرێن رەنگە تاكۆتایی ئەمساڵ 40%ی ئاوارەكان بگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێم ئەوەی دووپاتكردەوە كە» دەیانجار وتوومانەو ئێستاش دەڵێن یەك خێزانی ئاوارە بەزۆر ناگەڕێنینەوە بۆ شەنگال تا لێرە بن ئێمە خزمەتیان دەكەین، هەر ئاوارەیەكیش بگەڕێتەوە ئازادەو رێگری لێناكەین «.
بەپێی دوایین ئامار لەئێستادا ژمارەی ئاوارەكانی ناو كەمپ 26 هەزار 963 خێزانن، ئەم ئاوارانە لە 15 كەمپ نیشتەجێكراون، كۆی گشتی ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ 38 هەزارو225 خێزانن، لەم ژمارانە تائێستا لەسەدا 30 بۆ 35 گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ئەسكەندەر محەمەد ئەمین ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەشاری دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی روونكردەوە كە تائێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی دەرنەچووە بۆ داخستنی كەمپەكانی شاری دهۆك.
هەروەها وتیشی:»لەبەرنامەی حكومەتیشدا نیە بەزۆر ئاوارەكان بگەڕێنینەوە، هەر ئاوارەیەك ئازادە لەهەرێم بمێنێتەوە یان بگەڕێتەوە شەنگال، تا لێرە بن بەپێی بەرنامەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هاوكارییان بەسەردا دابەشدەكەین «.