لابردنی سەرپۆش لەئێران 20 هێندە زیادی كردووە
ئێران كامێراكانی پۆلیسی هاتوچۆ بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەو كەسانە بەكاردەهێنێت كە سەرپۆشیان لابردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەبیانوی پاراستنی رێوشوێنە ئیسلامییەكان یاساكانی تایبەت بەسەرپۆش و باڵاپۆش توند دەكاتەوە لەكاتێكدا لابردنی سەرپۆش لەئێران و رۆژهەڵات بووەتە ئامرازێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات.
زۆربەی بیرمەندو سیاسەتمەدارانی كۆماری ئیسلامی پێیان وایە كێشەی سەرەكیی ئێستای ئێران بژێویەو لەبەرامبەردا نەیارانی كۆماری ئیسلامی پێیانوایە سەرپۆش بووەتە هێمایەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات كە دەتوانێت هەرەسیان پێ بهێنێت.
یاساكانی باڵاپۆشبون لەئێران توندتر بووەتەوە و سەرۆك كۆماری پێشووترو سەرۆكی ریفۆرمخوانی وڵاتەكەش دەڵێت ناتوانرێت سەرپۆش بە سەركوت بسەپێنرێت، چونكە جیاوازیی لەنێوان شەرەف (پاكیی) و سەرپۆشدا هەیەو لەهیچ دەقێكی سەرەكیی قورئان پێداگریی لەسەپاندنی سەرپۆشدا نەكراوە.
لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی دیاردەی لابردنی سەرپۆش لەئێران و رۆژهەڵات بووەتە رەمزێك بۆ بەرەنگاربونەوەو شارەزایانی كۆمەڵایەتی و ژمارەیەك لەبەرپرسە باڵاكانی كۆماری ئیسلامی دانیان بەوەدا ناوە ئەو دیاردەیە هێندەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییە دژی دەسەڵاتی سیاسییە بەئامانجی لادان یان رەتكرنەوەی بیروباوەڕێكی ئاینیی نییە.
كۆماری ئیسلامی ئێران بەبەردەوامی هەوڵیداوە ئاستی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و وڵاتەكە بەپرسی سەرپۆشەوە گرێبداتەوە لەكاتێكدا خۆپیشاندەران و ناڕەزاییەكانی سەرشەقام بەتایبەت كچان و ژنان لەشێوەی هەڵكردنی هێمایەك بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵات سەرپۆشەكانیان لادەبردو لەسەر دەست دەیانشەكاندەوەو لەهەندێك حاڵەتیشدا ئەو سەرپۆشانە دەسووتێنرا چونكە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە 43 ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا ئەو سەرپۆشەی وەك هۆكارێكی سەرەكی بۆ سەركوتی ژنان و كۆمەڵگە بەكارهێناوە.
نۆ مانگ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانە بەرفراوانەكانی رۆژهەڵات و ئێراندا تێدەپەڕێت ناڕەزایەتییەكان دژی كۆماری ئیسلامی بەشێوەو شێوازی دیكە بەردەوامەو یەكێك لەو شێوازانە، لابردنی سەرپۆشە بۆیە دەسەڵات هەوڵی سەپاندنی سزای توند دەدات بۆ رێگریی لەلابردنی سەرپۆش.
سەرپۆش زۆر كات لەمێژوی دەسەڵاتدارانی ئێراندا وەك ئامرازێك بۆ سەركوت بەكارهێنراوە لەساڵی 1935 بەفەرمانی رەزا پەهلەوی پاشای ئەوكاتی ئێران پۆشینی سەرپۆش و پەچە، عەبا لەژنان قەدەغە كراو ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری لێكەوتەوەو دواتریش لەساڵی 1979و لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە ئەمجارە سەرپۆش كرا بەئەركێكی ناچاریی و زۆرەملێ.
دەوترێت سەرپۆش داویین چەكی سەركوتی كۆماری ئیسلامییە كەئێستا ناتوانێت بەتەواوەتی كۆنتڕۆڵی بكات بۆیە بەبیانوی پاراستنی ئیسلام و شەرەف (عیفاف) دەیەوێت ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی كە لەئەنجامی گەندەڵیی دەسەڵات و قەیرانی دارایی و هەژاریی سەریهەڵداوە سەركوت بكات.
سەرپۆش و دیواری بەرلین
رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئێران گەڵاڵەی پشتیوانیی لەكەلتورو باڵاپۆشبون (حیجاب)ی بڵاوكردەوە كەپێشتر لەلایەن دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی دوای پێداچونەوە رادەستی حكومەت كرابوو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران بەدەستكاریی لەناوو ناوەرۆكدا ئەو گەڵاڵەیەی رەوانەی پەرلەمان كرد، بەڵام ئەو پێشنیارە لەلایەن توندڕەوەكانی كۆماری ئیسلامی و هاوكات نەیارانی سەپاندنی سەرپۆش رەتكرایەوە.
شارەزایانی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی پێیانوایە پاشەكشێی كۆماری ئیسلامی لەپرسی سەرپۆش كۆتایی بەو دەسەڵاتە دەهێنێت، بۆیە كۆماری ئیسلامی پەنا بۆ هەموو شێوازەكانی سەپاندنی سەرپۆش دەهێنێت و رەنگە كەمترین پاشەكشێ لەو پرسەدا بكات كەچارەنووسی خۆی و نەیارانی پێوە گرێدراوەتەوە.
سەرپۆش لەوتەدا، وەك دیواری بەرلین وەسف دەكرێت كە رووخانی ئەو دیوارە دەبێتە كۆتایی سیستمێكی سیاسیی بەڵام لەبەرامبەردا ژمارەیەك لەبەرپرسانی باڵی ریفۆرمخواز دەڵێن رێگەدان بەلابردنی سەرپۆش نابێتە هۆی رووخانی كۆماری ئیسلامی وەك ئەوەی بە رووخانی دیواری بەرلین لەئەڵمانیا كۆتایی بەدەسەڵاتی سۆڤیەت و جەنگی سارد هێنرا.
ئەحمەد بەخشایشی، یەكێك لەكەسایەتییە سیاسییەكانی سەر بەباڵی توندڕەوەی كۆماری ئیسلامی پێچەوانەی دەسەڵاتی وڵاتەكەی رایگەیاندووە؛ سەرپۆش تەنها یەكێكە لەناسنامەكانی كۆماری ئیسلامی، بۆیە بەنەمانی ئەو ناسنامەیە كۆی هێماو ناسنامەكانی دەسەڵات هەرەس ناهێنێت و ئەگەر بڕیاربێت كۆماری ئیسلامی بەلابردنی سەرپۆش بڕووخێت ئەوە دیارە كۆڵەكەكانی ئەو دەسەڵاتە لەشوێنی دیكەوە لاوازو سست بووە.
بەبڕوای بەخشایشی دۆخی بژێوی دانیشتوان و كەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵك دەتوانێت هۆكار بێت بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی و ئەگەر كێشەی بژێویی خەڵك چارەسەر نەكرێت، ئەوا مەترسیی كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئێستا نزیك دەبێتەوە.
ئەو وتوویەتی: كۆماری ئیسلامی بۆ رازیكردنی لایەنگرانی دەبێت پێداگریی بۆ چارەسەری پرسی سەرپۆش و باڵاپۆش لەوڵاتەكەیدا بكات بەڵام بەزیادەڕەویی و توندڕەوەیی لەسەپاندنی سەرپۆش كاردانەوەی نەیارانی بەرامبەر توندتر دەبێت و هەردوولا هەڵە دەكەن.
محەمەد دێهقان، راوێژكاری یاسایی سەرۆك كۆماری ئێران لەدوایین وتاریدا رایگەیاند؛ ئەگەر بڕیاربێت سەپاندنی سەرپۆش لەوڵاتەكەدا نەمێنێت بێگومان كۆماری ئیسلامی هەرەس دەهێنێت و دواتر مەی خواردن و رووتبوونەوەی ئاشكرا لەشەقامەكان روودەدات و تەنها بەلابردنی سەرپۆش كۆتایی بەو پرسە نایەت، بەڵام مەترسیی گەورەتر بۆ دەسەڵات چارەسەر نەكردنی كێشەی بژێویی خەڵكە.
ژن و پیاو گیرۆدەی یاساكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانن
ئەگەرچی تائێستا وا پیشان دراوە كەتەنها ژنان گیرۆدەی یاساكانی باڵاپۆشن لەكۆماری ئیسلامی بەڵام دەسەڵاتی ئەو وڵاتە پۆشینی كۆمەڵێك جلوبەرگی لەپیاوان قەدەغە كردووەو لەدوایین هەوڵیشدا ناوەندی فەرمان بەچاكەو دووریی لەخراپەی كۆماری ئیسلامی لەمانگی ئازاردا رایگەیاند؛ پۆشینی كراسی قۆڵ كورت و بۆینباخ لەدامودەزگا فەرمییەكاندا قەدەغەیەو نابێت پیاوان بەو جۆرە جلوبەرگانەوە لەدامودەزگاكانی حكومەتدا دەركەون و كاربكەن.
كۆماری ئیسلامی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەیارانی خۆی بەتایبەت ئەوانەی وەك هێمایەكی ناڕەزایەتیی پابەندنی یاساكانی تایبەت بەباڵاپۆشبوون نابن خۆی لەهیچ رێوشوێنێك نەبواردووەو كامێراكانی پۆلیسی هاتوچۆشی خستووەتە خزمەتی دیارییكردن و ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەو كەسانە، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش بەرپرسانی باڵای دەسەڵات دانیان بەوەدا ناوە لابردنی سەرپۆش بەراورد بەڕابردوو 20 هێندە زیادی كردووەو كۆنتڕۆڵكردنی ئاستەمە.
بەگشتی یاسای تایبەت بەباڵاپۆش بوون (حیجاب) لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە هێندەی بۆ سنورداركردن و توندكردنی رێوشوێنەكانی كۆنتڕۆڵكردنی كۆمەڵگە بەكاردەهێنرێت بۆ پاراستنی بنەماكانی ئیسلام نییەو هەندێك لەزانایانی ئاینی لەئێران جەخت لەوە دەكەنەوە دین و بیروباوەڕ پەیوەندیی بەتاكەكانەوە هەیە نەوەك دەسەڵاتی سیاسیی.