راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی: مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم كۆتایی هاتووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە:" مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم كۆتایی هاتووە"، لەكاتێكدا پێدانی مووچەكانیان بەردەوامە.
لەدوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 30-5-2023 كەدرێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی بەنایاسایی ناوبرد، مشتومڕی زۆر لەسەر وەرگرتنەوەی مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران دروستبووە.
دانا دارا راوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" كاری ئەندام و راوێژكاری پەرلەمان جیاوازە، كاری ئەندام بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیەوە بیست رۆژە ئەو خولەی هەڵوەشاندووەتەوە لەڕووی دادوەریەوە، واتا خولەكەی هەڵوەشاندووەتەوە نەك دامەزراوەكە".
وەك ئەو راوێژكارە یاساییەی پەرلەمان دەڵێت :"مادام خولەكە درێژبكرێتەوە كەواتە مافە داراییەكەیان بەزۆر وەریاننەگرتووەو پێیان دراوە، ئێمە باوەڕمان وابوو هەر لەڕووی یاساییشەوە بەردەوامیدان بەخولەكە نایاساییە كەواتە خولەكە كۆتایی بێت ئیمتیازاتەكانیشی (لەمووچەو دەرماڵە) كۆتایی پێدێت".
راوێژكارە یاساییەكەی پەرلەمانی كوردستان پێشیوابوو بەشێوەیەك لەشێوەكان یەكلاكردنەوەی باشە، دەشڵێت "راستگۆیانە بڵێم وەرگرتنەوەشی دەكرێت بخرێتە بری ئەو مووچە كۆكراوەی كە بەیەكەوە وەریدەگرن و " ئیكرامی"ە، كە هی شەش مانگە یان لەبری موچەكانیان ببڕدرێت، چونكە رەنگە وەرگرتنەوەی مووچەكانیان كێشەیەك دروستبكات كەخەرجیان كردبێت".
هاوكات، دانا دارا كە راوێژكاری یاساییە لەسەر پشكی كۆمەڵی دادگەری، باسی لەوەشكرد كەدامەزراوەی پەرلەمان بەپێی ماددەی 17ی دەستوری عێراق هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی هەیەو درێژكردنەوە یان بەردەوامیدان بەخولەكەی نایاسایی راگرتووە،"ئەندامەكان ئەندامی خولەكەن، ئەندامەكان دەڕۆن راوێژكارو فەرمانبەرەكان هەریەكەیان ئیشی خۆی هەیە ئەوە تایبەتە بەسەرۆكایەتی پەرلەمان ئەگەر كارێكیان پێبسپێرێت".
"بەشێكیان پەیوەندی بەكاروباری لیژنەكانەوە هەیە كەئەم بڕیارە كاری لیژنەكانیشی وەستاندووە لەم رووەوە دەمێنێتەوە دەوامكردنی رۆژانە یان پێشكەشكردنی هەندێ پرس كەهەنووكەیی و گرنگ بێت، چونكە دامەزراوەكە راستگۆیانە بڵێم درێژكردنەوەی خولەكەی وەستاندووە " دانا دارا وادەڵێت.