بۆ هاوینی ئەمساڵ لەچەند ناوچەیەكی هەرێم كێشەی كەمئاوی دروستدەبێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین كەئەمڕۆ یەكەم رۆژیەتی دڵەراوكێ لای بەشێك لەهاووڵاتیانی هەرێم دروستبووە كە لەهەفتەیەكدا دوو جار ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەردەدرێتەوە، بەڕێوەبەری ئاوو ئاوەڕۆی هەرێمیش دەڵێت خواستێكی زۆر لەسەر ئاوی ماڵان هەیە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم ئاشكرایدەكات شوێن هەیە لەهەرێم 24 كاتژمێر ئاوی هەیە بەڵام شوێنیش هەیە رۆژ ناڕۆژێك ئاوی دەدرێتێ.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی لەسنوری هەرێمی كوردستاندا هەندێك كێشەمان هەیە كەڕۆژ ناڕۆژێك ئاو بدرێتە ماڵان، بەڵام هەندێك شوێنیش رەنگە 24 كاتژمێر ئاویان هەبێت، ئەوە بەپێی جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی هەیە لەشارو شارۆچكەو كۆمەڵگاكان دەگۆڕێت و بوون و نەبوونی كارەباش رۆڵی هەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە تائێستا ئەو بڕە ئاوەی كە بەرهەمدەهێندرێت ئەگەر بەتێكڕا حساب بكرێت زیاترە لەبڕی ئاوی ستاندارد كە بوونی هەیە، وتیشی:» لەهەندێك شوێن كێشەمان هەیەو بەرهەمهێنان كەمترە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و نەبوونی كارەبا».

«لەچەند گەڕەكێك یان چەند كۆڵان و گەڕەكێكی شاری هەولێر كێشەمان هەیە، چونكە نیوەی بیرەكان ئاوەكەی دابیندەكات و نیوەكەی دیكەشی پڕۆژەكان دابینی دەكەن، هەروەها لەقەزای قوشتەپەو چەند گەڕەكێكی شاری سۆرانیشدا كێشە هەیە، لەپارێزگای سلێمانیش لەشارۆچكەی چەمچەماڵ كێشەی كەمی ئاو هەیە» ئاری ئەحمەد وای وت.

بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بۆ چارەسەركردنی كەمئاوی چەند پلانێكیان هەیە، ئەوانیش ئاوی بیرەكان چارەسەربكەن بەوەی كەئەو بیرانەی كێشەی دابەزینی ئاستی ئاویان هەیە پێویستە پەمپ و ماتۆڕەكانیان زیاتر شۆڕبكرێتەوە، ئەو بیرانەش كە وشكبوون لێبدرێنەوە، هەروەها رێكخستنی تۆڕەكانی ئاوو نۆژەنكردنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەكان.

بەڕێوبەری گشتی ئاوی هەرێم: ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە

هەروەها بەرێوەبەرایەتی ئاوی هەرێم بۆ دابینكردنی ئاو بەتانكەر، لەسنوری بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێرو ئاوی سۆران و ئاوی ئاكرێ و ئاوی دەوروبەری سلێمانی و ئاوی راپەڕین پڕۆژەیەكیان هەیە كەتیایدا ئاو بەتانكەر دابەشدەكرێت.

هاوكات، بەختیار  ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا ئەو ئاوەی دەدرێتە ماڵان لەئاستی پێویستدایەو هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە كەهاووڵاتیانی سلێمانی بێ ئاو نەبن، ئەگەر بێت و حاڵەتی نەخوازراو روونەدات وەك بۆری شكان یان كارەبا تێكچوون».

وتیشی:»گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیاو ئێرانەوە كاریگەری لەسەر ئاوی دوكان هەیەو كەمێكیش كاریگەری كردووەتەسەر ئاوی خواردنەوە».

لەبەشێكی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا هاووڵاتیان رۆژانە رووبەڕووی كەمی ئاو دەبنەوەو گەڕەك هەیە ماوەی سێ یان چوار رۆژ تێپەڕدەبێت و ئاویان بۆ بەرنادرێتەوە.

مینا مستەفا هاووڵاتییەكی دانیشتووی گەڕەكی كارێزەوشكە لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت: جاری وا هەبووە یەك هەفتە بێ ئاو بووین بەتایبەت لەهاویندا، بۆیە ئاومان بەتەنكەر كڕیوە».

شكانی بۆری كێشەیەكی دیكەیە كە بەهۆیەوە هاووڵاتیان بێ ئاو دەبن، حسێن ئەحمەد دانیشتووی چەمچەماڵ  بەهاوڵاتی وت:» بەهۆی شكانی بۆرییەوە ساڵی وا هەبووە چەند جارێك بەتەنكەر ئاومان كڕیوە، جگە لەوەی زۆربەی كات هاوینان بەچەند رۆژێك ئاوی بەلوعەمان بۆ بەردراوەتەوە، بۆیە زۆرێك لەهاووڵاتیان ناچارن ئاوی بیر بەكاربهێنن».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار