هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەنێوان دوو كۆمسیۆندا گیری خواردووە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رێڕەوێكی دیكەی وەرگرت، چیتر دیاریكردنی كاتەكەی لەدەستی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكاندا نەماوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كەخۆی وادەكەی لەسەرەتای ساڵی داهاتوو كۆتایی دێت و دەبێت پەرلەمانی عێراق وادەكەی بۆ درێژبكاتەوە دەبێت ئەركی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بگرێتە ئەستۆ، چونكە كۆمسیۆنەكەی هەرێم بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان چیتر ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجامبدات.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: لەكۆبوونەوەی كۆمسیۆن لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە داوایكردبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، كۆمسیۆنی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی».
هەروەها وتیشی:» نوسینگەمان لەهەولێرو دهۆك و سلێمانی هەیە بۆیە كۆمسیۆن لەدوای ئامادەكردنی ئامرازەكانی ئێمە شەش بۆ حەوت مانگمان دەوێت تا بتوانین هەڵبژاردنەكە ئەنجامبدەین.
بەوتەی جومانە غەلای جگە لەو پێداویستیانە بودجەشیان پێویستە بۆ ئەنجامدانی و كاتی دیاریكراو نییە، هەڵبژاردنەكەش بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992 كە 2013 هەمواركراوەتەوە كۆمسیۆن بەكاریدەهێنێت و دەبێتە رێنمایی و ئاسانكاری یەكێك لەبڕگەكان ئەوەیە كە كۆمسیۆن رێگایەك بگرێتەبەر كە خۆی بەباشی دەزانێت.
«بەپێی یاسای هەڵبژاردن تایبەت بە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و بەپێی كۆبوونەوەكەش وامان پێباش بوو بەئەلكترۆنی هەڵبژاردنەكە بەڕێوەبچێت و بەپێی لیستی هەڵبژاردنی 2021 دەبێت و كاتی دیاریكردنی كاتەكەش تۆمارەكە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت»، جومانە غەلای وای وت.
بڕیاردراوە 18ی 12ی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجامبدرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەدوای ئەو وادەیە بەڕێوەدەچێت، بەوپێیەش هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو.
هەر بەپێی زانیارییەكان ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق بۆ دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەند جارێك كۆبوونەتەوەو كۆبوونەوەكانیش بەردەوامییان هەیە، هەڵبژاردنەكەش شەش مانگ زیاتری پێویستە تاهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.
پێش کۆتای مانگی شەش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیار لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات
لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 20ـی حوزەیراندا ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان چەند پێشنیازێكی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبووە كە لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە تاووتوێ كراون.
كەدەبێت پێش كۆتایی مانگی حوزەیران، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوا بڕیار لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە بدات.
دوای چەند مانگێك لەمشتومڕو ناكۆكی نێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ، 30ـی ئایاری 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نادەستووریبوون»ـی یاسای ژمارە 12ـی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 9ـی تشرینی یەكەمی 2022 دەركراو رایگەیاند: تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ كۆتاییهاتنی خولی پێنجەم كۆتاییهاتووە و هەر بڕیارێك لەدوای كۆتاییهاتنی ئەو ماوەیەوە دەركرابێت، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە.
بڕیارەكە لەسەر سكاڵای یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان سەرەتا جوڵێندرا دژ بە سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.
بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان نادەستورییەو ناكۆكیشە لەگەڵ شەش ماددەی دەستوری و لەدوای شەشی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە درێژكردنەوەكە نایاساییەو هەر بڕیارێك لەدوای ئەو وادەیە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووبێت كاری پێناكرێت.
هاوڵاتی بەدواداچوونی كردو لەچەند شارەزایەكی یاسایی پرسی، یەكێك لەو شارەزایانە حاكم شێخ لەتیف مستەفا بوو، دووپاتیانكردەوە لەڕووی یاساییەوە ئێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ناتوانێت وەكو كۆمسیۆن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، تەنها لەیەك ئەگەردا نەبێت كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەندامەكانی بەكاربهێنن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە.
هاوكات هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» تائێستا كۆمسیۆنی هەرێم هیچ داوایەكمان لێنەكراوە بەشداری هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستان بكەین، بەڵام ئەگەر داوامان لێبكرێت ئەوا ئامادەین هەموو هاوكارییەك بكەین».
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەدووری دەزانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا ئەنجامبدرێت.
ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەڕووی تەكنیكیەوە قورسە بتوانرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە لەمانگی 12دایە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، چونكە لەهەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ناكرێت.
هەوەها پێشیوابوو ئەگەر كۆمسیۆن پێداویستیەكانی بۆ دابین بكرێت ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی پێویستە تا بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 24ی شوباتی 2022 مەرسومێكی بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن دەركردو یەكی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووی بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاریكرد، بەڵام وادەكە گۆڕا بۆ 18-11-2023 دوای ئەوەی پەرلەمان ماوەی خۆی بۆ ساڵێك درێژكردەوە.
بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێم كە پارتی و یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان و لە 22 -5-2023 شەڕیان كرد لەسەر درێژكردنەوەكەی چیتر ناتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات.
سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: ئەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمانگی 11ی ئەمساڵ دیاریكراوە دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڵوەشاوەتەوە.
وتیشی: وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و پێشبینیش دەكەین بكەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو.
بە هەموو پێوەرەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ ئەنجام نادرێت
شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێم باس لەوەدەكات چاوەڕێی هەڵوێست و بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن كەئایا هەڵبژاردنی هەرێم كەكۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەكات ئایا كۆمسیۆنی هەرێمیش دەتوانێت بەشداری بكات یاخود نا.
لەهەرێمی كوردستان تائێستا پێنج هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەنجامدراوە، یەكەمیان لەساڵی 1992و دواینیان لەساڵی 2018 بوو، لەدوایین هەڵبژاردندا زیاتر لەسێ ملیۆن و 85 هەزار كەس مافی بەشداریكردنیان هەبوو، بەهۆی ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا لیستی تۆماری دەنگدەرانی عێراق بەكاردەهێنرێت هێشتا روون نییە چەند كەس مافی بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنەكەدا هەیە، بەڵام جیاوازی لیستی تۆماری هەرێم و عێراق نزیكەی 400 هەزار كەسە.