پەتای گەندەڵی؛ روو لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات
بەرپرسانی پارێزگای سنە دەیان دۆسیەی گەندەڵییان لەسەر ساغ بووەتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گەندەڵییەكان لەرۆژهەڵاتی كوردستان زیادی كردووەو دەیان بەرپرس دەستگیركراون كە بەشداربوون لە وەرگرتنی بەرتیل و داگیركردنی زەوی موڵكی گشتی ئەوەش دۆخی هاوڵاتیانی خراپتر كردووەو بەو هۆیەوە رێژەی هەژاری زیادی كردووە.
بە پێی ریزبەندییەكانی ئێران لە رووی گەندەڵی ئیداری و بەرپرسانەوە، سنە بە دووەم پارێزگا دوای (كۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد) لەقەڵەم دەدرێت و لە روی نا شەفافی داهاتەوە دەكەوێتە ریزبەندی چوارم پارێزگای ناشەفاف و تەنها لە ساڵێكدا 82 دۆسیەی گەندەڵی دژی بەڕێوەبەران و بەرپرسانی كراوەتەوە.
ژمارەی دانیشتوانی 10 شاری پارێزگای سنە دەگاتە زیاتر لە یەك ملیۆن و 300 هەزار كەس و تەنها لە ساڵدا زیاتر لە 50 بەڕێوبەری دامودەزگاكانی حكومەت لە شارەكانی ئەو پارێزگایە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون كە زۆرینەیان لە شاری مەریوان بوون و تۆمەتەكانی وەك بەرتیل و داگیركردنی زەوی و موڵك و بە هەدەردانی سامانی گشتییان لەسەر ساغ كراوەتەوە.
ئاستی گەندەڵی بەرپرسانی باڵا لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشێوەیەك بووە كە سەرۆكی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێران راستەوخۆ دەستوەردانی لە دۆسیەكەدا كردوە و رایگەیاندووە ئەو ناوچەیە بەهۆی گەندەڵییەوە گیرۆدەی هەژاری و كەمی خزمەتگوزارییەكان بووەتەوە.
دانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستان گومانیان لە هەنگاوەكانی دژە گەندەڵییەوە هەیە و دەڵێن:» دەستگیركردنی بەرپرسان پەیوەندیی بە ململانێكانی ناو دامودەزگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.
دەزگای داد دەستوەردان لەدۆسیەكانی گەندەڵی دەكات
غوڵام حسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆكی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی لە گشتێكی بۆ شاری سنە رایگەیاند:» نەهێشتنی گەندەڵی لە پارێزگاكە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كاری زیاتر و كەمبونەوەی هەژاریی و باشبونی ئاستی بژێویی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆیە داواكاری گشتیی پارێزگاكە راسپێردراوە لە هەڵمەتێكی گشتگیردا ئەركی بنبڕكردنی گەندەڵی لە ئەستۆ بگرێت».
بە وتەی ئەو بەشێك لە كارگەكان و كانەكانی سنە بەهۆی گەندەڵییەوە داخراون و لەكاركەوتون بۆیە دەبێت بە زووترین كات چارەسەری ئەو دۆخە بكرێت.
سەرەتای ئەمساڵ بەڕێوبەری گشتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی (ستاندارد) پارێزگای سنە و كارمەندێكی بەڕێوبەرایەتییەكە بە فەرمانی داواكاری گشتی و لە لایەن دەزگای ئەمنی و هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی دزینی پارە و گەندەڵی دەستگیر كران و رەوانەی زیندان كران.
داواكاری گشتی سنە ئاماژەی بە ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی پارێزگاكە كرد كە لەو دۆسیەوە گلاون كە ئەوانیش دوای ساغبونەوەی تۆمەتەكانیان دەستگیرراون رەوانەی و زیندان دەكرێن.
عیسا هەواسی، لێكۆڵەرەوەی دەزگای چاودێری پارێزگای سنە ئاشكرای كردووە لە دۆسیەیەكدا هەزار و 148 دۆنم زەوی لە ناو شارەكانی ئەو پارێزگایە كە پێشتر بە ناوی جیاوازەوە داگیركرابوو بۆ موڵكی گشتی گەڕێنراوەتەوە و زیاتر لە 304 دۆنم زەوی كشتوكاڵیش ساغ كراوەتەوە.
بە وتەی ئەو تەنها لە یەك دۆسیەدا 13 هەزار مەتر زەوی لە شوێنێكی گرنگی ناو شاری سنە بە بەهای زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلار هەوڵی داگیركردنی دراوە و هاوكات چارەنوسی چوار هەزار دۆنم زەوی تایبەت بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون ساغ كراوەتەوە كە لەو دۆسیانەشدا دەستی بەرپرسانی حكومی تێدابووە.
هەواسی وتوشیەتی: تەنها لە 10 مانگدا 77 جار هۆشداریی دراوەتەوە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی پارێزگای سنە بەهۆی كەمتەرخەمی و جێبەجێ نەكردنی ئەركەكانیان.
بنبڕكردنی گەندەڵی یان پشكی زیاتر
لە دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەیەك بەرپرسی شاری مەریوان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون و ژمارەیەكی دیكەش رەوانەی زیندان كراون كە تۆمەتی زۆرینەیان داگیركردنی زەوی و بەرتیل وەرگرتن بووە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبون و رێگاوبانی شارەكەدا.
داواكاری گشتی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند؛ هەشت كەس لە بەڕێوبەران و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی مەریوان بە تۆمەتی گەندەڵیی دەستگیر كراون و 10 كەسی دیكەشیان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە.
داواكاری گشتی ئاماژەی بەوە كردوە؛ سەرپەرشتی ئێستای شارەوانی مەریوان و براكەی و سێ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی و سێ كەسی دیكە بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و بەكارهێنانی خراپی موڵك و داهاتی گشتی دەستگیركراون.
حسێن حسێنی، سەرۆكی داواكاری گشتیی سنە بە میدیاكانی راگەیاندوە؛ جگە لە دەستگیركردنی ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانە لە مەریوان، 10 كەسی دیكە لە چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە.
بە وتەی حسێنی ئەو كەسانە دەستیان هەبووە لە وەرگرتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی 440 هەزار دۆلار وەك بەرتیل لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوندا جگە لەوەی گەندەڵیان لە داگیركردنی زەوی و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی شاری مەریواندا كردووە.
گەندەڵی ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانە لە كاتێكدایە بودجەی شارەوانیی مەریوان 14 ملیۆن دۆلار بووە و هەر بەهۆی گەندەڵییەوە لە ساڵێكدا زیاتر لە دووجار سەرپەرشت و سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە دورخراونەتەوە و دواتر دەستگیركراون.
دانیشتوانی مەریوان وەك توانجێك بۆ گۆڕینی سەرۆك و سەرپەرشتیاری شارەوانی شارەكەیان وتویانە « گەندەڵی بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت هەموو دانیشتوانی مەریوان بۆ جارێكیش بێت دەبنە سەرۆكی شارەوانی شارەكەیان» چونكە ماوەی پۆستی سەرۆكی شارەوانی تەنها چەند رۆژێكە.
خەڵكی مەریوان ئاماژەیان بەوە كردووە شارەوانی شارەكەیان زیاتر لە 15 ساڵە گیرۆدەی گەندەڵییەوەو تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.
لە ماوەی رابردودا زیاتر لە پەنجا بەرپرس و بەڕێوەبەری شار و شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە تۆمەتی داگیركردنی موڵكی گشتی و گەندەڵی لە بەكارهێنانی داهات و سامانی ئەو بەشە لە كوردستان دەستگیر كراون.
سەرچاوەكانی هەواڵی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویان كردوەتەوە؛ ژمارەیەك لە سەرۆكی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شار و شارۆچكەكانی پارێزگای سنە لە دۆسیەكانی داگیركردنی زەوی و موڵك، ئەنجامدانی كاری نایاسایی و بەرتیل وەرگرتن تێوەگلاون.
سەرۆكی داواكاری گشتیی پارێزگای كوردستان(سنە) رایگەیاندوە؛ تا ئێستا تۆمەتی 30 بەرپرس و بەڕێوەبەری شار و شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای سنە ساغ بوەتەوە و ژمارەیەكیان دادگایی دەكرێن و ژمارەیەكیشیان سزا دراون، بەڵام دەیان دۆسیەی دیگە لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
ئاماژە بەوە كراوە ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانە دەستیان هەبووە لە ساختەكاریی بەڵگە فەرمییەكان و مامەڵەی خراپ بە داهاتی گشتیی و حكومی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانیان بە مەبەستی دزینی سەروەت و سامان و داگیركردنی زەوی و موڵكی گشتیی.
زۆربەی ئەو كەسانەی لە دوو هەفتەی رابردودا لە شار و شارۆچكەكانی سەر بە سنە لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی و جێگر و راوێژكار دورخراونەتەوە دەستگیركراون و ژمارەیەكیان سزای زیندانی و ماددیان بەسەردا سەپێنراوە.
لەچەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەی بەرچاو لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكان بانە و مەریوان و سنە بە تۆمەتی داگیركردنی موڵك و زەوی و بەرتیل وەرگرتن دەستگیركراون، بەڵام بە بڕوای دانیشتوانی ئەو بەشە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركردنی ئەو كەسانە نەبووەتە هۆی كەمكردنەوەی گەندەڵی و تەنها بووەتە هۆی زەقبونەوەی ململانێی ئەوانەی لە گەندەڵییەكاندا پشكێكی كەمتریان بەركەوتووە.