شارەوانی گۆڕستانێكی گەورەی بۆ سلێمانی دروستكردووە

«لەهەندێك گۆڕستانی سلێمانی گۆڕ لەسەر گۆڕی دیكە هەڵدەكەندرێت»

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

هاوشێوەی پێداویستییەكانی دیكە خەرجی ناشتنی ئازیزان و خۆشەویستانمان بووەتە پارەو هەر گۆرێك 200 هەزار دیناری تێدەچێت و بۆ منداڵیش 75 هەزار دینار، گۆڕهەڵكەنێكیش دەڵێت:»ئامادەكردنی گۆڕ هەبووە هەشت دەفتەر دۆلاری تێچووە».

شارەوانی سلێمانی ناشتنی مردووی لەچەند گۆڕستانێك قەدەغە كردووە كەناسراوترینیان گردی سەیوانە، بەهۆكاری ئەوەی شوێن بۆ ناشتنی مردوو نەماوە، بەڵام گۆڕهەڵكەنێك رەتیدەكاتەوەو دەڵێت شارەوانی گۆڕستانە نوێیەكەی كردووە بەتەندەرو دەیەوێت گۆڕهەڵكەنەكان بێكار بكات.

گردی سەیوان دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی شاری سلێمانی كەسوكارو ئازیزانیان لەو گردەدا سپاردەی خاك كردووە، لەئێستادا سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ناشتنی مردووی لەو گردەدا قەدەغەكردووە.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: كۆمەڵیك گۆڕستان هەیە لەشاری سلێمانی بەهیچ شێوەیەك جێگای ناشتنی مردووی تێدا نەماوە، زۆربەی ئەو گۆڕستانانەش دیواری راگرو پلیكانەیان بۆ كراوە، بۆ نموونە گۆڕستانی سەیوان، گردی جۆگە كەدەمێكە داخراوەو چەند گردێكی دیكەی شاری سلێمانی.

هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئەو شوێنانە شوێنی مردوو ناشتنیان تێدانەماوە، تەنانەت هەندێكجار گۆڕ لەسەر گۆڕی دیكە هەڵدەكەندرێت، بۆیە بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە نەمێنێت سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئەو شوێنانەی قەدەغە كردووە كەجێگای تیا نەماوە.

«هەندێك گۆڕستان لەڕاپەڕین، بەكرەجۆ، قولەرەیسی كەهێشتا جێگایان تیاماوەو دەتوانرێت مردووی تێدا بنێژرێت»، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی وای وت.

وتەبێژی شارەوانی سلێمانی باسی لەوەشكرد سەرۆكایەتی شارەوانی گۆڕستانی نوێی سلێمانی دروستكردووەو دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی نزیك شوقەكانی شاری مامۆستایان كە رووبەرێكی فراوانی هەیە، وتیشی:» ئێمە گۆڕهەڵكەنەكانمان ئاگاداركروونەتەوە كەنابێت گۆڕ هەڵبكەنن، بەڵام ئەمە ئەو حاڵەتانە ناگرێتەوە كەپێشتر گۆڕیان بۆ خۆیان ئامادەكردووە، هەر كەسێكیش بەبەڵگەوە لایبێت كەمردوو لەو گۆڕستانانەیا دەنێژرێت دەتوانێت سكاڵا ئاڕاستەی  شارەوانی سلێمانی بكات».

گردی سەیوان لەگەڵ سێ گردی دیكە بەشێوەیەكی گشتی رووبەریان 200 دۆنمە ئەوانیش گردەكانی: سەیوان- شەهیدان- شێخ مارف- عەفوان بەهەر چواریانەوە 25 كۆشكیان تێدایە، هاوكات گۆڕستانی نوێی سلێمانی كە لەنزیك شاری مامۆستایانەو گەورەترین گۆڕستانی شاری سلێمانییە لەكۆی 27 گۆڕستانو رووبەرەكەی 238 دۆنمەو 20 كۆشكی تێدایە.

حاجی عومەر، تەمەن 55 ساڵ پیشەی گۆڕهەڵكەنە لەگردی سەیوان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: راست نییە كەدەوترێت مردوو لەجێگەی مردوویەكی دیكەدا دەنێژرێت، نزیكەی 35 ساڵە ئێمە لێرەین، لەبەشی سەرەوەی گردی سەیوان بەئێڵ تی گۆڕمان هەڵكەندووەو مۆلیدەمان هێناوەو خاوەن مردووەكە بەلامانەوە بووە.

ئەو گۆڕهەڵكەنە وتیشی: شارەوانی نرخی گۆڕێكی بۆ ئێمە داناوە بە 200 هەزار، ئەم نرخە بەشێكی بەرد دەیبات و بەشێكی بلۆك دەیبات ئێمەی گۆڕهەڵكەن هیچ سودمەند نابین، شارەوانی دەڵی دەبێ ئێوە لەم گۆڕستانە بچنە دەرەوەو بچنە گۆڕستانە نوێیەكە لەوێ بەتەندەرێك كارەكە بۆ بەشێكمان دەربچێت.

« لەگۆڕستانە نوێیەكە 20 كۆشكی لێیە، كۆشكەكان دراوە بەئێمەو كلیل و ژوورەكان بەدەست ئێمەوەن، بەڵام دەیانەوێت بیدەنە دەست بەڵێندەرو قوتی ئێمەش بكەنە ژێر دەستیانەوە، لەكاتێكدا نووسراوێك هاتووە بۆ سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت بەهیچ شێوەیەك ئەو گۆڕستانە نەدرێتە بەڵێندەر». حاجی عومەر وای وت.

بەوتەی ئەو گۆڕهەڵكەنە تا 20 ساڵی دیكەش گۆرستانەكە شوێنی مردووی هەیە، دەشڵێت «بەڵام چەرداخ هەیە شوێنی چوار گۆڕ، پێنج گۆڕی گرتووە، هەیە شوێنی حەوت مردووی گرتووە، خەڵك هەیە 10 بۆ 15 ساڵ لەمەوبەر پێش ئێستا گۆڕی ئامادەكردووە لە تەنیشت باوكی یان دایكیدا بینێژن، دەتوانم بتبەمە سەر 50 گۆڕ هەڵبەستراوەو مردووشی تێدا نییە «.

حاجی عومەر باس لەوەشدەكات ئەوان منداڵ بەبێ بەرامبەر دەنێژن، بەڵام شارەوانی كردوویەتی بەپارەو دەڵێن دەبێت لە 75 بۆ 80 هەزار دینار وەربگرن و هەڵبەستنەكەشی 90 هەزار بێت.

وەك ئەو گۆڕهەڵكەنە باسی دەكات «گۆڕ هەبووە یەك كێلی دوو هەزار دۆلاری تێچووەو چەرداخیش دروستكراوە بۆ گۆڕ كە حەوت هەزارو 500 دۆلاری تێچووە، گرانترین گۆڕیش لەم گۆڕستانەدا هەشت دەفتەری تێچووە و هەرزانترین نرخیش 100 هەزار دیناربووە».

حاجی عومەر دەشڵێت:» خەڵك هەبووە خاوەن پێداویستی تایبەت بووەو پێی وتووین موچەكەم 150 هەزار دینارە دەتوانم پارەی گۆڕەكە بەدوو مانگ بدەم«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار