بەشێك لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خەباتی چەكداری رادەگرن
مۆڵەتە شەش مانگییەكەی ئێران چالاكیی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كەمكردووەتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم چالاكی چەكدارییان دژ بە ئێران ڕاگرتووە و نایانەوێت كێشە بۆ باشوور دروست ببێت.
لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە داوای لەحزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردووە چەك دابنێن یاخود بارەگاكانیان لەهەرێم چۆڵ بكەن و بچنە چەند كەمپێكەوە كە نەتەوەیەكگرتوەكان سەرپەرشتی بكات.
لەكۆتایی مانگی شوباتی 2023 وەفدێكی باڵای ئێران سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبوەوە، پرسی سەرەكیش بوونی بارەگای حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو كە نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێرانن.
بەرپرسانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێن نایانەوێت كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست ببێت و خەباتی چەكداریان راگرتووە.
ئارام مودەڕیسی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «تائێستا بەفەرمی داواكاری چۆڵكردنی كەمپەكانمان لێنەكراوە ، بەڵام لەكۆنەوە پابەندی هەندێك ڕێوشوێن بووین كە هەرێمی كوردستان دژی ئێران بەكاری نەهێنین زۆرجاریش پابەندی خۆمان بەبەڵێنەكانمان دووپاتكردووەتەوە».
وتیشی:» لەدیداری دۆستانەماندا زۆرجار ئەوە باسكراوە كە پابەندی بەڵێنەكانمان بین و ئاساییە كۆماری ئیسلامی ئێران ئێمە وەك فشار بۆسەر هەرێم بەكاردەهێنێت و داواكاری یەكێتی و پارتیش ئەوەبووە كە هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكارنەهێنین».
بەوتەی ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، «چالاكیەكانیان لەناو كەمپەكاندا كەمكردووەتەوە و مانۆڕی سەربازیش ئەنجام نادەن، جگە لەوەی هێزەكانیشیان لەبەشێك لەناوچە سنوریەكان جێگۆڕكێ پێكردووە».
«كەمپەكان زیاتر خێزانی ئەندامانی حزبەكانمانی تێدان و لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكاندایە و كەمپەكانیشمان بۆ لایەنی سەربازی بەكارنەهێناوە، لەچەند ساڵی ڕابردووشدا دوای بۆردومانەكان و فشارەكان كە خراوەتە سەر یەكێتی و پارتی هەستیاریەكانمان كەمكردووەتەوە و چالاكی سەربازیمان كەمكردووەتەوە». ئارام مودەڕیسی وای وت.
مودەریسی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە حزبەكانیان لەناو جەماوەردان و پێویست بە شەڕی چەكداری ناكات لەمكاتەدا و زیان بە خەباتی جەماوەری دەگەیەنێت.
هەروەها ڕەزا كەعبی سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەهاوڵاتی وت:» تائێستا هیچ شتێكی نوێمان پێنەوتراوە و لەشوێنی خۆمانین، ئەگەر داوای چۆڵكردنی كەمپەكانیشمان لێبكرێت ئەوا تاوتوێی دەكەین».
پێشتر بەرپرسێكی سەربازی كۆمەڵەی شۆڕشگێری ئێران كەنەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بەهاوڵاتی وت:»حكومەتی هەرێم مۆڵەتی شەش مانگیان پێمان داوە كەبچینە دوو كەمپی سلێمانی و هەولێر یاخود هەرێمی كوردستان جێبهێڵین، وتیان ئێمە دەسەڵاتمان نییەو یەك ساڵە خەریكین لەبەر ئێوە تاران و بەغدا دەكەین».
وتیشی:»»پێیان وتین دەبێت خۆتان رادەستی نەتەوەیەكگرتووەكان بكەن و سەركردەكانی رۆژهەڵات و هەرێم تائێستا لەوبارەیەوە خۆیان بێدەنگ كردووە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی هەردوو كۆمەڵەو دیموكرات ئەوە رەتدەكەنەوە، لەكاتێكدا یەكێتی هەردوو كۆمەڵەكەی بانگ كردووە بۆ سلێمانی و پارتیش دیموكرات و پاكی بانگ كردووە بۆ هەولێر».
سوپای پاسدارانی ئێران لەچەندین ناوچەی سەر سنوری هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان هێزێكی زۆری كۆكردووەتەوە و چەندین جۆری چەك و سەكۆی موشەكی جێگیركردووە.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعالەم، بەشێك لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاشكرا كرد كە بەشێكی پەیوەندی بە بوونی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستانەوە هەبوو.
لە چاوپێكەوتنەكەدا ئەمیرعەبدوڵاهیان ڕایگەیاند:»لەگەڵ پێكهێنانی كۆمیتەیەكی باڵای هاوكاری ئەمنیی، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەیوەندیداری هەرێم، دوو گەڕی گفتوگۆ لە تاران و بەغدا ئەنجام دراوە و هەر یەك لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕۆڵێكی گرنگیان لەوبارەیەوە بینیوە.
ئەمیرعەبدوڵاهیان هەروەها ئاماژەی بۆ پڕۆژەیەك كرد، كە لە نێوان ئێران و عێراق پەیوەندیدار بە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەكراوە و وتی: ئەو پرۆژەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا واژۆ دەكرێت.
سەبارەت بە بوونی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیكردووەتەوە، بوونی ئەو حزبانە “هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی عێراق، ئێران و تەنانەت هەرێمی كوردستانیش، دەبێت ئەم بابەتە بە یەكجاری و بۆ هەمیشە كۆتایی بێت».
وەزیر دەرەوەی ئێران دووپاتیشیكردەوە كە دەبێت هەموو بارەگاكانی بەرهەڵستكارانی دەوڵەتی ئێران لە هەرێمی كوردستان و ئەو بنكانەی مەشق و ڕاهێنانیان تێدا دەكەن، بۆ هەمیشە دابخرێن، وتیشی «بەهیچ جۆرێك پشوودرێژیمان نابێت بەرامبەر هەر چەشنە جموجۆڵێكی گروپە جودا خوازەكان، كە لە هەرێمی كوردستانەوە لە دژی كۆماری ئیسلامی ئەنجامی بدەن».
وەزیری دەروەی ئێران هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی كردووە، لە ئەگەری بەردەوامی جوڵەی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ناو خاكی هەرێم، كاردانەوە و بەرگرییەكی بەهێز و كاریگەریان دەبێت.
دوای دەستپێكردنی ناڕەزایەتیەكانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، بە پاساوی ئەوەی هۆكاری بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەكانن، فشارەكانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان زیاتر بوون و چەند جارێك بنكە و بارەگاكانی ئەو حزبانەی بۆردومان و توپباران كرد و لە ئەنجامیشدا ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو حزبانە و هاوڵاتیانی مەدەنی بوونە قوربانی.
هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆو دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە كرد، بەڵام ڕەتیانكردەوە هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان لەساڵی 2015وە تائێستا نزیكەی 160 هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بەبۆردوومانەكانی توركیاو ئێران بەتایبەت لەگوندەكانی ناوچە سنورییەكان شەهیدبوون و زیاتر لە 220 هاووڵاتیش برینداربوون.