باڵاپۆشانیش بۆ جوانکاری دەچنە ئارایشتگاکان

لیژنەی فەتوا : ئیسلام رێگەی بەجوانكاریی ئافرەتان داوەو سنووری خۆی هەیە

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

لەهەرێمی كوردستان ئارایشتگای تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش بوونی هەیەو  سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانیش دەڵێت» ئیسلام ڕێگەی بەجوانكاری و خۆڕازاندنەوە داوەو سنووریشی بۆ داناو».

كچان و ژنان بۆ جوانكاری و خۆڕازاندنەوە حەزو خولیایان هەیەو هەمیشە خوازیاری ئەوەن كە بەجوانترین شێوە دەربكەون.

لەهەرێمی كوردستاندا سێ ئارایشتگای تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش هەیە كە دوانیان لەشاری هەولێرو ئارایشتگایەكیشیان لەشاری سلێمانییە، كاری جوانكاری و خۆڕازاندنەوە بۆ خانمان ئەنجامدەدەن بەتایبەت ئەو خانمانەی ڕۆژی هاوسەرگیریانە.

خەرمان ئەنوەر، خاوەنی یەكەمین ئارایشتگای تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش لەشاری هەولێر لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لە ساڵی ٢٠١٢ یەكەمین ئارایشتگای باڵاپۆشانیان لەكوردستاندا كردووەتەوە بەئامانجی گرنگیدان بەخانمانی باڵاپۆش و نیشاندانی جوانییەكانیان.

هەروەها وتیشی: »خۆم كچێكی باڵاپۆش بووم و بەردەوام گرنگیم بەدیزاینی لەچك و جلوبەرگ دەدا و زۆرجار كەسانی دەوروبەرم پرسیاری شێوازی دیزایەنەكانیان لێدەكردم، پاشان بیرم كردەوە بۆشاییەكی زۆر هەیە لەئارایشتگاكاندا و گرنگییەكی ئەوتۆ بەخانمانی باڵاپۆش نادرێت، بۆیە بڕیارمدا خزمەتەكەم بگوازمەوەو تەنها بۆ خۆم نەبێت».

خەرمان ئەنوەر باسی لەوەشكرد خانمانی باڵاپۆش بۆ هەموو بۆنەیەك دەڕازێننەوە، كە ئەو میكیاجەی لەئارایشتگاكەیاندا بەكاردەهێندرێت كوالێتی بەرزەو بەشێكیان لەدەرەوە دەهێنن و بەشێكیشیان ئەو میكیاجانە كە لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەردەستن بەكاریاندەهێنن.

بەپێی ئاماری قایمقامییەتی پارێزگاكانی هەرێم هەزارو ٧٦٢ ئارایشتگا لەسەنتەری هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمدا هەیە كە ٤٨٧ ئارایشتگا لەهەولێرو  هەزارو ١٦١ ئارایشتگا لەسلێمانی و ١١٤ ئارایشتگاش لەدهۆك بوونیان هەیە.

بێریڤان ئەنوەر خاوەنی كۆمەڵگایەكی تایبەت بەخانمانی باڵاپۆشە، كە پێكدێت لەبەشی هۆڵ تایبەت بەبۆنەو ئاهەنگەكان و ئارایشتگا و وێنەگرتن وجلوبەرگ كەچەندین مۆدێل و ستایلی پۆشاكی خانمانی باڵاپۆش لەخۆدەگرێت و لە 11 ساڵی رابردوودا دەستی بەكارەكەی كردووە.

بێریڤان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: »پێشتر شوێنێكی تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش نەبوو و لەڕۆژی هاوسەرگیریاندا گرنگییەكی وایان پێنەدەدراو لەئارایشتگاكاندا شارەزایی لەستایل و مۆدێلی لەچك بەستنی خانماندا نەبوو، بەڵام لەئێستادا بابەتەكە گۆڕاوەو لەئارایشتگاكانی دیكەدا گرنگی بەخانمانی باڵاپۆش دەدرێت.

«ئامانجمان ئەوەبوو كۆمەڵگایەك یان شوێنێكی تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش هەبێت بۆ جوانكاری و گرنگیپێدانیان و هەمیشە نوێگەری دەكەین بەتایبەت لەستایلی لەچك بەستندا.»، بێریڤان ئەنوەر وای وت.

لەئارایشتگاكەیاندا بەشی میكیاج و لەچك بەستن، بەشی قژ كە ئۆمبرێ و مێش و هەموو كارێكی تایبەت بەقژی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەشی هایدرۆفیشنەڵ و بەشی لیتینگی برژانگ و برۆیان هەیە و هەموو ئەو كارانەی ڕیگەپێدراون بۆ خانمانی ئەنجامدەدەن.

سەبارەت بەو میكیاجانەی لەئارایشتگاكەیاندا بەكاری دێنن بێریڤان ئەنوەر ئەوەی روونكردەوە كە زۆربەی ئەو میكیاجانەی بەكاریان دێن لەوڵاتی توركیاوە دەیهێنێت و ساڵانە زیاتر لەدووجار سەردانی توركیا دەكات بەمەبەستی هێنانی ماددەكانی مكیاج، وتیشی:» سەرجەمیان كوالێتیان بەرزەو لەماركە بەناوبانگەكانن، بەشێكیش لەبازاڕەكانی هەرێم دەكڕین».

هاوكات لەشاری سلێمانی ئارایشتگایەكی تایبەت بەخانمانی باڵاپۆش كراوەتەوەو لەلایەن دوو خوشكەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

سەرۆكی لیژنەی فەتوا پێیوابوو كە شوێنی تایبەت بەجوانكاری ئافرەتان لەئیسلامدا موباحەو لەبازنەی حەڵاڵەكاندایە.

دكتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەسڵی كارەكە حەڵاڵ و ڕەوایە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا شەریعەتی ئیسلام سنووریشی بۆ داناوەو بەڕەهایی بەدروستی دانەناوە.

هەروەها وتیشی: نابێت ڕوكەشی مرۆیی خۆی بگۆڕێت واتە شێوەی دەموچاوی ئەسڵی خۆی بگۆڕێت و سەرنجڕاكێشانێكی زیاد لەپێویست ئەنجامبدرێت.

«بەكارنەهێنانی ماددەیەك كەزیانی بۆ پێست و قژ یان هەر بەشێكی دیكەی جەستە نەبێت, دەشبێت  ئەو كەسەی جوانكاری ئەنجامدەدات هاوڕەگەزی خۆی بۆی ئەنجامبدات، واتە پیاو بۆ پیاو و ئافرەتیش بۆ ئافرەت لەگەڵ پاراستی نهێنییەكانی»، محەمەد پێنجوێنی وای وت.

سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی  وتیشی:  ئافرەت لەسەردەمی پێغەمبەردا لەڕۆژی هاوسەرگیریدا ڕازێنراوەتەوەو جوانی تایبەتی خۆی هەبووە, تەنانەت لەو ڕۆژەشدا جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردا بووە.

دكتۆر محەمەد پێنجوێنی باسی لەوەشكرد  ئەو شتانەی لەسەردەمی پێغەمبەردا بۆ ئافرەتان ئەنجامدەدرا خەنەكردن بووە بۆ دەست و چاو ڕەشكردن بووە، هەروەها سوفرەو سەك و خەلوق بەكارهاتووە كە جۆرێكن لەبۆن، هەروەها غومرە هەبووە كە بۆ سەر كوڵم بەكارهاتووە بۆ ئەوەی ڕەنگێكی جوان بداتە ڕوخسار، هەروەها وسمە كە بۆ ڕەنگی قژ بەكارهاتووە لەگەڵ ئێكسسواراتدا.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار