توركیا پێشێلكارییەكانی كوشتنو رفاندنی لەعەفرین بەردەوامە
كوشتن، ڕفاندن و دەستگیركردن بووەتە ناسنامەی عەفرین
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی نوێترین ئامار لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 185 خەڵكی مەدەنی كورد كوژراون یان دەستگیركراون و بەشێك لەوانەش قەدەغەی هاتوچۆیان لەلایەن میلیشیاكانی توركیاوە بەسەردا سەپێندراوە.
سەرەرای كوشتن و رفاندن و دەستگیركردنی كوردانی عەفرین، توركیا لەرێگەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە شەش كۆمەڵگای نیشتەجێبوونی بۆ عەرەبە هاوردەكان دروست كردووە
لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشی دەوڵەتی توركیا لەدژی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، لە 20ی كانونی دووەمی ساڵی 2018ەوە، كوشتن، رفاندن، بەزۆر ئاوارەكردنی هاوڵاتیانی كورد دەستی پێكردو تاوەكو ئێستا بەردەوامە.
لەشەش مانگی رابردوودا، 185 هاوڵاتی كورد كوژراون و دەستگیركراون كەتا ئێستاش چارەنووسی زۆربەی زۆریان نادیارەو ژمارەیەكی كەمیان لەبەرامبەر بڕە پارەیەك كە وەك فیدیە دەناسرێت، ئازاد كراون، بەڵام هەموو جۆرە هاتوچۆو جووڵەیەكیان لێ قەدەغەكراوە.
ژمارەیەك لەرێكخراو و دەزگاكانی رۆژئاوای كوردستان بەتایبەتی هەرێمی عەفرین پێشێلكاریەكان كە لەلایەن گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیاو حكومەتی توركیا ئەنجام دەدرێن، تۆمار دەكەن. یەكێك لەو رێكخراوانەش، رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین – سوریایە.
رێكخراوەكە ئاماری پێشێلكاریەكانی شەش مانگی رابردووی، لەدژی كوردانی عەفرین بڵاوكردەوە.
لە شەش مانگی ڕابردودا ١٨٥ هاوڵاتی کورد کوژراون و دەستگیرکراون کە تا ئێستاش چارەنوسی زۆربەی زۆریان نادیارە
كوشتن و ڕفاندن
تاوانی كوشتن و رفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن چەكدارەكانی سەر بەتوركیا و بەتایبەتی هێزێك بەناوی (پۆلیسی مەدەنی) رۆژانە بەردەوامن.
بەپێی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین – سوریا، لەشەش مانگی رابردوودا، 12 هاوڵاتی كورد كەچوار كەسیان لە یەك خانەوادەن، كوژراون. هەروەها لەو شەش مانگەدا، 173 بەبیانووی پەیوەندیكردن بەخۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیركراون. بەگوێرەی زانیاریەكان ئەو كەسانەی كەدەتوانن پارە بدەن، ئازاد دەكرێن، بەڵام زۆر كەسیش كەتوانایان نییە پارە بدەنە گروپە چەكدارەكان تاوەكو ئێستاش لەزیندانەكاندان و چارەنووسیان نادیارە.
سروشتی عەفرین تاڵان دەكرێت
بەپێی رێكخراوەكە، دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نیشتەجێبوون دروست بكات، دەستی بە بڕینی دارستان و تێكدانی باخ و باخچەی هاوڵاتیان كردووەو لەلایەكی دیكەوە چەكدارەكان دارو درەختەكان دەگوازنەوە بۆ باكوری كوردستان و توركیاو دەیفرۆشن.
تاوەكو ئێستاش بۆ دروستكردنی كۆمەڵگاكان كە وەك ‹كۆمەڵگاكانی كۆلۆنیالیزم› لەلایەن كوردانی رۆژئاواوە بەناودەكرێن، 15 هەزار و 500 داری بەرهەمداری وەك، زەیتون، گوێز، بادەم و دارستانەكانی بەڕوو و درەختی خۆڕسك لەناوبراون و زیاتر لە 70 هێكتار زەوی گەنم و جۆ سووتێنراون.
تا ئێستا شەش كۆمەڵگای نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە هاوردەكان دروست كراون
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین – سوریا باسی ئەوە دەكات كەدەوڵەتی توركیا بەهاوكاری هەندێك رێكخراوی ناوخۆیی و كوەیتی و وڵاتانی عەرەبی، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا دەستی بەدروستكردنی شەش كۆمەڵگای نوێی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە هاوردەكان كردووە كەئەمانەن:
كۆمەڵگای «ئەجنادین فەڵەستین»: دەوڵەتی توركیا لەچواری كانونی یەكەمی ئەمساڵدا لەناوچەی جندرێسی عەفرین دەستی بە دروستكردنی ئەو كۆمەڵگایە كردووە. رێكخراوی «ئەجناد ئیسلام»ی فەڵەستینی تەندەرەكەی وەرگرتبوو و بەپێی زانیاریەكان جگە لەهەندیك عەرەبی هاوردە، 40 خانەوادەی چەكدارانی «ئەحرار ئەلشام» لەوێ جێگیركراون.
ئەو زەویەی كە كۆمەڵگاكەی لەسەر دروستكراوە، موڵكی دوو هاوڵاتی كوردن بەناوەكانی (حەسەن مەجید و موراد مەنان) كە خەڵكی گوندی شیتكای ناوچەی مابەتان. هەر دوو هاوڵاتیە كوردەكە بەزۆر لەناوچەكە دەركراون و لەئێستادا لە كەمپێكی ناوچەی شەهبا لەژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەژین.
كۆمەڵگای «ئەلكەرامە»ی قەتەری: رێكخراوی خێرخوازی قەتەری، لە 12ی مانگی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، لەناوچەی جندرێس، دەستی بەدروستكردنی كۆمەڵگای «شاری ئەلكەرامە» كردووە.
رێكخراوەكە بەبیانووی ئەوەی لەبوومەلەرزەكەی شەشی شوباتدا زیان بەخانووی هاوڵاتیان گەیشتووە، دەستی بەدروستكردنی ئەو كۆمەڵگایە كرد. بەڵام دوای تەواوكردنی خانووەكان، خانەوادەی چەكدارەكانی سەر بەتوركیا لەو كۆمەڵگایە جێگیر كران و لەئێستادا ئەو كەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەركەوتووە لە خانووە رووخاوەكاندا دەژین.
گوندی «قەتەری 2»: ئەم كۆمەڵگایە لەلایەن ئەنجومەنی خۆجێی عەفرین و دەستەی گشتی هاوكاری و پیشخستنی ئەنسارەوە لە چواری ئایاردا تەواوكرا. كۆمەڵگاكە دەكەوێتە گوندی شادێرێی ناوچەی شێراوا.
كۆمەڵگای نیشتەجێبوونی «مابەتا»: چەكدارەكانی گروپی «سوڵتان سلێمان شاهـ» لەناوچەی مابەتای عەفرین كۆمەڵگاكەیان دروست كردووەو تایبەتە بەخانەوادەی چەكدارەكانی.
كۆمەڵگای ‹ئەلئەیەدی ئەلبەیدا»: ئەم كۆمەڵگایەش تایبەتە بەگروپێكی دیكە لە گوندی شادێریێ ناوچەی شێراوا، بەڵام زانیاری لەسەر كۆمەڵگاكە نییەو نازانرێت چۆن و لەلایەن كام گروپەوە دروستكراوە.
لەچەند رۆژی رابردوودا دەوڵەتی توركیاو چەكدارەكانی كۆمەڵگایەكی دیكەی نیشتەجیبوونیان بۆ عەرەبە هاوردەكان لەچیای لێلون دروست كردووە.
لە عەفرین تا ئێستا شەش کۆمەڵگای نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە هاوردەکان دروست کراون
حكومەتی توركیا دەستی بە ناردنی ئاوارە سوریەكان بۆ ناوچە داگیركراوەكان كردووە
لەلایەكی دیكەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، حكومەتی توركیا ئاوارە سوریەكان لەكەمپەكانی توركیاو باكوری كوردستان دەگەڕێنێتەوە و لە كۆمەڵگاكان نیشتەجێ دەكات و بەم شێوەیە دیموگرافیای عەفرین و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە دەگۆڕێت.
روانگەی سوری ئاشكرای كرد كە لەماوەی حەفتەیەكدا نزیكەی 300 كەس گەڕێندراونەتەوەو لە عەفرین نیشتەجێكراون و پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارە سوریەكان بۆ ئەو هەرێمە بەردەوامە.
ئاژانسی هاوار نیوزیش لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە باسی ئەوەی كرد كە لەماوەی كەمتر لەحەفتەیەكدا چەكدارانی سەر بە توركیا، لە عەفرین دەستدرێژیان كردووەتە سەر دوو منداڵی 10 و 14 ساڵ.
بەم شێوەیە هاوڵاتیانی كوردی عەفرین كە ئامادە نین ماڵ و موڵكیان جێبهێڵن، رووبەرووی هەموو جۆرە پێشێلكاریەك دەبنەوە و كوشتن، تاڵان، ئەشكەنجە و دەستدرێژی لە سایەی توركیا و گروپە چەكدارەكانەوە بووەتە ناسنامەی عەفرین كە پێشتر وەك بووكی كوردستان دەناسرا.