عێراق بەشێك لەناوچە گەشتیارییەکانی دهۆك دەپارێزێت

پاش ساڵێك لەبۆردومانەكەی توركیا، سەیرانگای پەرەخ لەدهۆك بەڕووی گەشتیاراندا كرایەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

ساڵێك لەمەوبەر توركیا سەیرانگای گوندی پەرەخی لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان بۆردومان كرد، بەهۆیەوە چەند گەشتیارێك شەهید و برینداربوون، دوای ساڵێك لەڕووداوەكە سەیرانگەكە بەڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوەو پاسەوانی سنووری عێراق دەیپارێزێت.

دوو هەفتەیە سەیرانگای پەرەخ كەدەكەوێتە سنوری ناحیەی دەركار لەپارێزگای دهۆك، دووبارە بەڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوە، داخستنەكەی لەبەر ڕووداوەكەی رۆژی 22ی تەموزی 2022 بوو، كە بە چەند موشەكێك سەیرانگاكە لەلایەن توركیاوە كرایە ئامانج، بەوهۆیەوە نۆ گەشتیار شەهید و22 گەشتیاریی دیكەش برینداربوون كە لەناوەڕاست و باشوری عێراقەوە ڕوویان لەناوچەكە كردبوو.

دوای ڕووداوەكەش رۆژی26ی حوزەیرانی 2023خاڵێكی سەربازی پاسەوانی سنور بە دووری تەنها كێلومەترێك لەگوندی پەرەخ جێگیركراوە، ئەوەش بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەكە هەروەها ئەو گەشتیارانەی روولە گوندەكە دەكەن.

جەمیل عەبدوڵا، موختاری گوندی پەرەخ  لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» نزیكەی دوو هەفتەیە هاوینە هەواری پەرەخ بەرووی گەشتیاراندا كراوەتەوە، بەڵام هاتنی گەشتیاران بۆ گوندەكەمان زۆر كەمە.

26ی مانگی رابردوو پاسەوانی سنوری عێراق خاڵێكی سەربازییان داناوە كەتەنها كێلۆمەترێك لەسەیرانگای پەرخەوە دوورە.

موختاری گوندی پەرەخ  پێیوابوو هێشتا كاریگەری ڕووداوەكەی 22ی تەموزی ساڵی رابردوو هەر ماوە بۆیە گەشتیاران هێشتا زۆر ڕوو لەناوچەكەیان ناكەن.

گەشتوگوزاری زاخۆ دڵنیایی دەداتە گەشتیاران كە دەتوانن كاتەكانیان لە گوندی پەرخ بەسەر بەرن.

بێوار سندی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ لەلێدوانێدا بە هاوڵاتی وت: زیاتر لە 15 رۆژە سەیرانگای گوندی پەرەخ بەفەرمی كراوەتەوە، ئەوەش دوای نزیكەی ساڵێك لەداخستنی بەهۆی ڕووداوەكەی 22ی تەموزی 2023 كە ژمارەیەك گەشتیار شەهیدو برینداربوون.

هاوكات دڵنیایدا لەوەی كە بۆ پاراستنی زیاتری ناوچەكەو گیانی گەشتیاران هێزی پاسەوانی سنوری عێراق خاڵێكی سەربازی لە دەوروبەری گوندەكە جێگیركردوە.

بێوار سندی وتیشی:» حەزدەكەین گەشتیاران عەرەب روو لە سەیرانگای پەرەخ بكەن و ریكلامیش بۆ ئەو شوێنە دەكەین، پێشتر حەزمان نەدەكرد گەشتیار ڕوو لەگوندەكە بكەن، بەڵام بەدانانی ئەو خاڵە سەربازییە  تەواو دڵنیا بووین شتێكیش رووبدات زیانەكانی زۆر كەمتر دەبن لەجاران.

هاوكات هێزی پاسەوانی سنوری عێراق لە دەوروبەری چەند هاوینەهەوارێكی تر لەسنوری ناحیەی دەركار جێگیركراوە لەوانە شەرانش و ئەشكەوتی بێهیرێ.

لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە25شوێنی گەشتیاری هەیە، لەرۆژانی جەژندا 54هەزار 233گەشتیار هاتوونەتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەروەها  لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا نزیكەی 150هەزار گەشتیار ڕوویان لەسنوری ئیدارەكە كردووە.

 لەسنوری ناحیەی دەركار سێ هاوینەهەواری بوونیان هەیە كە» گوندی پەرەخ، شەرانش، ئەشكەوتی بیهێری» تەنها لەم مانگەدا زیاتر لە30هەزار گەشتیار سەردانی ئەو سێ شوێنەیان كردووە.

خاوەنی یەكێك لە شوێنە گەشتیاریەكان لەڕێگەی هاوڵاتیەوە داواكاری هەیە

مەسعود عەلی، خاوەن شوێنێكی گەشتیاریە لەگوندی پەرەخ، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی  وت: لەناوەراستی مانگی رابردوودا جارێكی تر هاوینە هەواری گوندی پەرەخ بەفەرمی كرایەوە، بەڵام هاتنی گەشتیاران بۆگوندەكە یەكجار كەمە، ناوچەكە لەرووی ئەمنییەوە هیچ كێشەیەكی نیە، داواكاریمان ئەوەیە گەشتوگوزاری زاخۆ زیاتر هاوكاریمان بكات و دڵنیایی بداتە گەشتیاران كە هیچ كێشەیەكی ئەمنیی لەسنورەكە.

«ئەوانەی لەدوو هەفتەی رابردوو سەردانی پەرەخیان كردووە زیاتر گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون،  رۆژانە دوو تا سێ پاس روولە پەرەخ دەكەن، لەكاتێكدا پێش روداوەكە رۆژانە بەلایەنی كەمی 10پاس دەهاتن»،  مەسعود عەلی وای وت.

یەكەم جار نییە توركیا بۆردوومانی هەرێمی كوردستان بكات و قوربانی لێبكەوێتەوە، بەڵام یەكەمجار بوو بۆردومانێكی توركیا لەعێراق و ناوچەكە و جیهان ببێتە جێی باس و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنێتە دەنگ.

ڕووداوەكە كاردانەوەی توندی عێراق و هاوڵاتیانی لێكەوتەوە، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجومەنی ئاسایش داوای لێكۆڵینەوەی لەڕووداوەكە كرد، بەڵام تائێستا ئەنجومەنی ئاسایش و عێراقیش لەبارەی ڕووداوەكە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، لەكاتێكدا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی 100 هاووڵاتیی مەدەنی هەرێمی كوردستان بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەكانەوە شەهید بوون، بەڵام هاتنی ژمارەیەك گەشتیاری عەرەب لە گەرمای تەممووزی بەغدا و باشوورەوە بۆ هاوینە هەوارە فێنكەكانی پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان بووە ڕووداوێكی تراژیدی و كاریگەر و بەشێكیان تەرمەكانیان گەڕایەوە و بەشێكیشیان برینداربوون.

هەرچەندە لەكاتی ڕووداوەكەدا سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكوەزیران و یۆنامی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی توندیان نیشاندا بەڵام تائێستا توركیا خۆی بە ئەنجامدەری ڕووداوەكە نازانێت و ئامادەش نەبوو قەرەبووی كەسوكاری قوربانیەكان بكاتەوە، لەكاتێكدا بەپێی لێكۆڵینەوەكان بۆردومانەكەی گوندی پەرەخ كە دەیان قوربانی لێكەوتەوە، ساغبوەتەوە كە سوپای توركیا بەرپرسیارە لەو رووداوە.

هەر بەماوەیەكی كەم لەدوای ڕووداوەكە میدیاكانی عێراق ئاشكرایانكرد ئەنجامی لێكۆڵینەوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەریخستووە كە هێرشەكە لەرێگەی تۆپهاوێژەكانی سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە .

ئاماژە بەوەشكرابوو دوای كۆكردنەوەی پاشماوەی موشەكە هاوێژراوەكان و گواستنەوەیان بۆ بارەگای بەرێوەبەرایەتی تۆپخانەی سوپای عیراق لەبەغدا، دەركەوتووە موشەكە بەكارهاتووەكان لەو پەلامارەدا بۆ سەر گەشتیارە عیراقییەكان لەجۆری 155 ملم بوەو هەروەها لەدووری حەوت بۆ هەشت كیلۆمەترەوە لەپشت چیای خانتێرەوە هاوێژراون كە بەپێی زانیاری هەواڵگری مۆڵگەی سوپای توركیایە، هاوكات تەئكید لەوەكراوەتەوە كە پەكەكە خاوەنی تۆپی قورسی لەو جۆرە نییە و پەلامارەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە، هەرزوو پارتی كرێكارانی كوردستان( پەكەكە) بێبەری بوونی خۆی لەڕووداوەكە ڕاگەیاند و توركیای بە بەرپرسیار زانی.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار