بافڵ تاڵەبانی: لەئەمڕۆ بەدواوە یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بافڵ  تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، لەئەمڕۆ بەدواوە یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێت و هەرچی شتێک روبدات وەکو خۆی جواب دەدرێتەوە

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات. ئەوەش دوای زیاتر چوار کاتژمێر لە کۆبوونەوەی بەردەوام.

بافڵ  تاڵەبانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەدوای تەوابونی کۆبونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای پارتی، بە کورتی و بەتوڕەییەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و وتی، "هەوڵدەدەین رێکبکەوین، بەڵام دڵنیابن لە ئەمڕۆوە بەدواوە یەکێتی وا بە وستکوتی نامێنێت، هەرچی شتێک روبدات لە ئەمڕۆ بەدواوە وەکو خۆی جواب دەدرێتەوە".

وتیشی،" یەکێتی مێژووە، یەکێتی خوێنی شەهیدە، یەکێتی قوربانییە، یەکێتی هێزە." 

یەکێک لە رۆژنامەنوسەکان پرسیاریان ئاڕاستە کرد کە ئایا لەگەڵ پارتی نزیکن؟ سەرۆکی یەکێتی بە توڕەییەوە وتی، "لەوە دەچێت نزیکبین؟"، دواتر شوێنی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لە نێو بینای مەکتەبی سیاسی پارتی بەجێهێشت و سواری ئۆتۆمبێلەکەی بو.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی کە پێکهاتبو لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و لەلایەن شاندێکی پارتی کە پێکهاتوە لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحمود محەممەد، رێبوار یەڵدا و زاگرۆس فەتاح پێشوازیان لێکرا

کۆتا کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی رۆژی 26ی حوزەیرانی رابردوو بوو کە تیایدا هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆبونەوە، رەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەردوولا و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقیان تاوتوێكرد.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار