کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی بە ناکۆکی و بێئەنجام کۆتایهات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات. ئەوەش دوای زیاتر چوار کاتژمێر لە کۆبوونەوەی بەردەوام و بێئەنجام بوو.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر کۆتاییهات و لەکاتی هاتنەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی چەند چرکەیەک بۆ میدیاکان قسەی کرد و بە تووڕەییەوە پیرمامی جێهێشت.
هاوکات فازڵ میرانی هۆکاری تووڕەیی سەرۆکی یەکێتی بۆ لێدوانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گەڕاندەوە و گوتی، "دڵنیاتان دەکەمەوە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی کە پێکهاتبو لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و لەلایەن شاندێکی پارتی کە پێکهاتوە لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحمود محەممەد، رێبوار یەڵدا و زاگرۆس فەتاح پێشوازیان لێکرا.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کەس و لایەنێک بدات، بە تووڕەییەوە رایگەیاند: "یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە هەر شتێک رووبدات، وەکو خۆی وەڵامدەدرێتەوە. یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە، قوربانییە." بە دەنگێکی بەرزیشەوە گوتی: "یەکێتی هێزە."
کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد، ئاخۆ لەگەڵ پارتی لەیەک نزیکن، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووڕەییەوە پرسی: "لەوە دەچێت نزیکبین؟" و شوێنی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.
دواتر فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئەرێنی بوو، تێڕوانینی هاوبەشمان زۆربوو و جیاوازیشمان هەبوو."
وتیشی، "لێدوانێك لەبرادەرانی ئێمە دەرچوبو، برادەرانی یەكێتی نیگەران كرد، بەڵام ئەو لێدوانە بۆچونی فەرمی حزب نیە."
وتیشی، "نەمانوتوە یەكێتی هێز نیە، لەهەڵبژاردنەكانی 2013، یەكێتی لەدۆخێكی خراپدا بو، بەڵام سەرۆك وەزیرانمان پێیاندا، پارتی و مەسعود بارزانی واقعی كوردستانیان لەبەرچاوگرتوە بۆ بەرژەوەندی هەرێمەكەمان هەمیشە مامەڵەمان لەگەڵ یەكێتی بەكورسی نەكردوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "بارودۆخی نەگونجاو دێتە پێشەوە، بەڵام مرۆڤ نابێت هەراسانبێت، لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا پشت بەخودا ئەو کێشانەش چارەسەر دەکەین، بڕیاریشمان داوە بە زووترین کات کۆبوونەوەی سێیەم بکەین، ئەمەش کۆتایی دنیا نییە، ئێمە دوو حیزبین و مێژوویەکی دوورودرێژمان بەیەکەوە هەیە."
کۆتا کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی رۆژی 26ی حوزەیرانی رابردوو بوو کە تیایدا هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆبونەوە.
