كابینەی نۆیەم؛ قەرزەكانی لـە 28 بۆ 31 ملیار دۆلار زیاد كردووە
کابینەی نۆیەم شکستی هێنا لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی لەبەردەم خوداو پەرلەمان ڕایگەیاند
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
چوار ساڵ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت، كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی قەرزەكانی لە 28 بۆ 31 ملیار دۆلار زیاد كرد و لەجیاتی جێبەجێكردنی شەفافییەت باجی لەسەر هاوڵاتیان زیاد كرد.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم مەسرور بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆكی حكومەت بووەو زۆرینەی دەسەڵاتەكان لەلایەن پارتییەوە قۆرغ كرا.
مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونی رایگەیاند:»هاووڵاتییان میحوەری كارەكانی كابینەی نۆیەم دەبن، خزمەتگوزارییەكان بە ئاستێكی باشتر پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكرێت»، بەڵام لەراستیدا لەم چوارساڵەدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان پەكیان كەوت و حكومەت بەبێ بوونی یاسای بودجە چوار ساڵەكەی تەواو كردو پرسی داهاتەكان و خەرجییەكان بە ناشەفافی مایەوە كە سەرۆكی حكومەت لەپەرلەمان بەڵێنی جێبەجێكردنی شەفافییەتی دابوو.
مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونی رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان دیدگایەكی جیاوازی هەیە، دەركەوت ئەو دیدگایە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان بوو كە چەندین رۆژنامەنوسیان بە»سیخوری» تۆمەتبار كردو راپێچی زیندان كران و حكوم دران كە تا ئێستاش شێروان شێروانی ئازاد نەكراوە.
میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم دەڵێن 80% بەرنامەی حكومەت جێبەجێ كراوە و داهاتەكان زیاد كراوەو خەرجییەكان كەمكراوەتەوە، بەڵام پاش ساڵێك لە حكومرانی كابینەی نۆیەم، لە 10/7/2020 دا قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم لە 28 ملیارو 476 ملیۆن دۆلارەوە گەیاندووەتە 31 ملیارو زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار، واتا قەرزەكانی سەر حكومەت لەم چوارساڵەی كابینەی نۆیەم زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بووە.
حكومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە فرۆشتنی نەوتی خاو كە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی لەرێگەی بەندەری جەیهان لە توركیاوە رەوانەی بازاڕەكان دەكرد تا 25ی ئازاری ئەمساڵ كە بەبڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس رێگری لە هەناردەی نەوت كراو، مەسرور بارزانی بە ناچاری لە چواری نیسانی ئەمساڵدا رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ تەسلیم كردنی نەوت راگەیاند كە سودانی و بارزانی واژۆیان كرد.
كابینەی نۆیەم دەڵێت 100 هەزار هەلی كاریان ڕەخساندووە، واتا بۆ هەر ساڵێك 25 هەزار هەلی كار دەكات، نازانرێت ئەو ژمارەیە لە كوێوە هێناویانە، چونكە بە پێی داتای فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بێكاری لە ساڵی 2019 بۆ 2023 لە سێ پارێزگاكەی هەرێم بەڕێژەی 5% زیادی كردووە.
هەروەها سەدان پڕۆژە لەهەرێمی كوردستاندا راگیراون و نزیكەی 700 ملیار دیناری بەڵێندەران قەرزارن و ئامادە نیین بیاندەنەوە تا پڕۆژەی دیكە ئەنجام بدەن.
هەروەها كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ سنوری هەولێرو دهۆك رێگاوشەقامی نوێی دروست كردووە و شەقامی 100 مەتری سلێمانی كارەكانی وەك «كیسەڵ» دەروات، چونكە حكومەتی هەرێم ئامادە نەبوو بودجەی پڕۆژەكە خەرج بكات و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەرێگەی فرۆشتنی چەند زەوییەكی نایابەوە هەندێك پارەی بۆ شەقامی 100 مەتری تەرخان كرد، ئەمەش شكستی كابینەكەی مەسرور بارزانییە.
حكومەتی هەرێم دەڵێت 757 پڕۆژەی تەنها لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەدا ئەنجامداوەو هەزارو 104 پرۆژە لەهەولێرو 617 پڕۆژەی لە دهۆك ئەنجامداوە، ئەگەر ئەم داتایانەتان دروست بێت جیاوازییەكی گەورە لە دابینكردنی بودجە بۆ پڕۆژەكان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەرامبەر هەولێرو دهۆك دەردەخات كە مەسرور بارزانی بودجەی بۆ هەولێرو دهۆك زیاتر تەرخان كردووە.
هەروەها ئەگەر 757 پڕۆژە لەم چوارساڵەدا لە سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدرابێت جوڵەی بازاڕو دۆخی ئابووری و دارایی خەڵك گۆرانكاری ئەرێنی بەدوادا دەهات، بەهەمان شێوە بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆكیش.
حكومەتی هەرێم رەنگە مۆڵەتدانی یەكەیەكی نیشتەجێبوون و پرۆژەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاری بە پڕۆژەی خۆیان وەسف كردبێت بۆیە ئەو ئامارانە بەو شێوەیە خراوەتەروو.
لەكاتێكدا مەسرور بارزانی دەڵێت مووچەیان بەتەواوی داوە، بەڵام تەنیا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هەشت ترلیۆن دیناری موچە نەدراوە كە شەش ترلیۆن و 300 ملیار دیناری حەوت مووچەی تەواو و یەك ترلیۆن و 701 ملیار دیناری نۆ مووچە لێبڕینی 21% بووەو 162 ملیار دیناری یەك مووچە بەلێبڕی 18% بووە.
سەرەرای بەڵێنەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران، بەڵام كابینەی نۆیەم كە ئەوەشی جێبەجێ نەكرد.
حكومەتی هەرێم خۆیان رایانگەیاندوووە كە خەرجییەكانیان كەمكردووەتەوەو داهاتیان زیاد كردووە، پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆیان لەكاتی خۆیدا ئەنجامدا كە مافێكی یاسایی خۆیانە، بەڵام بۆ پاراستنی خۆیان ئەم كارەیان ئەنجامداو دڵنیابوون هێزە ئەمنییەكان ئەمەیان لێ قبوڵ ناكەن، بەڵام 365 هەزار فەرمانبەری مەدەنی لە مامۆستایان و تەندروستكاران و فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتییەكانی سەر بەوەزارەتە خزمەتگوزاری و مەدەنییەكان بۆیان جێبەجێ نەكراوەو بیانووەكەیان ئەوەیە كە دەڵێن «بارگرانی دارایی لەسەر حكومەت زیاد دەكات» لەكاتێكدا خەرجی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی 40% ئەو خەرجییەیە كە بۆ پلە بەرزكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان كردوویانە.
كابینەی نۆیەم دەڵێن 407 خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاوڵاتیان دەكەن، لەكاتێكدا لیستی ئەو خزمەتگوزاریانە بڵاوناكەنەوە تا خەڵك متمانە بەو ژمارە گەورەیەی خزمەتگوزاری حكومەت بكات، رەنگە هەڵمژینی هەواو ژن هێنان و منداڵ خستنەوەشیان خستبێتە چوار چێوەی ئەو ژمارە خزمەتگوزارییەوە.
لەكاتێكدا كابینەی نۆیەم بەڵێنی باشتركردنی كارەبای نیشتمانی داو سەدان ملیار دینار بۆ پڕۆژەی پێوەری زیرەك تەرخانكرا، بەڵام كارەبای مۆلیدەی ئەهلی گەرەك و ناوچەكان نەبێت لە شەوانیشدا كوردستان دەبێتە تاریكستان.
هەرچەندە پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی پەسەندكردو حكومەتی هەرێم دەستی بەكاركردن كرد تێیدا تەنها چەند هەزار بندیوارو دوو مووچەیی و سێ مووچەییەك، مووچەكانیان راگیرا، بەڵام دۆسیەی گەندەڵی و بردنی سامانی نیشتمانی میللەت بەردەوام بووەو حكومەت نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بكات و ئەو دەستانە ئاشكرا بكات كە بەرۆژی روناك گەندەڵی دەكەن و سامانی خەڵك بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكاردەهێنن.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە»خراپترین» كابینە دادەنرێت لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە بە ئێستاشەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان گللەییان لە دەسەڵات و ئەدای كاركردنیان هەیە لە حكومەتداو بەو هۆیەشەوە ماوەی حەوت مانگ جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان ئامادە نەبوون لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا.
پارێزگای هەڵەبجە كە لە 2014 حكومەتی هەرێم بە فەرمی بە پارێزگابوونی راگەیاند، لە چوارساڵی كابینەی نۆیەمدا كەمتر لە 10 ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و لەكاتێكدا پێویستی هەڵەبجە لە چوارساڵدا زیاتر لە 60 ملیار دینار بووە، بەڵام حكومەتی هەرێم ئامادە نەبوو شایستەی دارایی تەواو بۆ هەڵەبجە دابین بكات، بەڵام لەیادی 16ی ئازاری هەموو ساڵێكدا بە دروشم لەگەڵ كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا خەمباری دەردەبڕن.
لەم كابینەیەدا لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی داراییشدا دوو پڕۆژەیاسای پێشنیاز كراوە كە ئەوانیش یاسای رێگریكردن لە بە قاچاغبردنی نەوت و غاز و یاسای گرتنی كاڵای قاچاغ و قەدەغە كراوەكان و مامەڵە پێكردنیان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەقاچاغبردنی نەوت لە سنوری هەولێر و لە كێڵگە نەوتییەكانی عەین زالەو دەوروبەری بەردەوامەو بە تانكەر رەوانەی توركیا دەكرێتو هاوردەكردنی كاڵای قاچاغیش بۆ ناوخۆی هەرێم بەردەوامە.
مەسرور بارزانی لە كۆی هەزار و 539 پرسیار وەڵامی 676 پرسیاری پەرلەمانی نەداوەتەوە كە پەرلەمانتاران نوێنەری خەڵكن و وەڵامی ئەو پرسیارانەش جێی متمانەی بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران نەبوون و ئەوەشیان لە راگەیاندنەكان خستۆوتەڕوو.
یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە دەبوو ئێستا یەكلابكرایەتەوەو هێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەو حكومەتی هەرێمدا بوویایە، بەڵام پارتی و یەكێتی لەژێر ناوی هێزەكانی (70،80) هێزی تایبەت بەخۆیان هەیەو تەنها ژمارەی لیوا یەكگرتووەكان لە 14 بۆ 21 لیوا زیاد كراوە، ئەوەش یەكگرتنەوەی شكڵی بووە، ئامر لیوا پارتی، جێگری ئامر لیوا یەكێتی، ئامر فەوج یەكێتی، جێگری ئامر فەوج پارتی.
سەرەرای ئەوەی كە یاسای چەك هەڵگرتن بوونی هەیە، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا بەراورد بەكابینەی هەشتەم زۆرترین تاوان كوشتن بەتایبەت لە هەولێر روویانداوەو هێزە ئەمنییەكان نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن، ئەو چەكانەی تاوانی پێ ئەنجام دەدرێت بەشێكی زۆری لەرێگەی حیزبیەوە هاوكاری كراون بۆ مۆڵەت پێدان.
حكومەتی هەرێم دەڵێت لە كەرتی تەندروستی 83 پڕۆژە جێبەجێ كراوە، بەڵام نەخۆشخانەیەكی حكومی 200 قەرەوێڵەیی لەم چوارساڵەدا دروست نەكراوە، زۆرینەی پڕۆژەكان لەلایەن كۆمپانیاو كەرتی تایبەت ئەنجام دراون و هاوڵاتیان هان دەدرێن بۆ چارەسەر رووبكەنە كەرتە تەندروستییە ئەهلی و تایبەتییەكان تا بارگرانی لەسەر حكومەت كەمبێتەوە.
تەنانەت لە شاری رانییە و سۆران و زاخۆ و كەلار پرۆژەیەكی نەخۆشخانەی100 یان200 قەرەوێڵەیی هەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێم جێبەجێی نەكردووە.
لەكاتێكدا ئێران گلدانەوەی ئاوی بۆ هەرێمی كوردستان كەمكردووەتەوەو حكومەتی هەرێمیش دەڵێن چوار بەنداو بە گوژمەی 243 ملیار دینار دروست دەكرێت، واتا هێشتا دروست نەكراوەو لەپرسی پاراستنی سامانی ئاودا هیچ هەنگاوێكیان نەناوە
رێژەی هەژاری و بێكاری لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا زیادی كردووەو كەمنەبووەتەوە كە رێژەی بێكاری لە دهۆك 24% بووە كە ئەمە مەترسییەكی گەورەیە لە پارێزگایەكی هاوسنوری توركیا كە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بوونی هەیە و مانگانە زیاتر لە 150 ملیار دینار داهاتی هەیە رێژەی بێكاری لەو ئاستەدا بێت، ئیتر چۆن دەڵێن هەلی كارمان بۆ سەد هەزار كەس رەخساندووە.
مەسرور بارزانی لەدوای ساڵێكی كابینەكەی وەڵامی 98 پرسیاری پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی داوەتەوە، بەڵام وەڵامەكان مەتاتی بوون و روونكردنەوەی تەواوی تێدا نەبووە.
مەسرور بارزانی لە پێنجی تەموزی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان بەم شێوەیە وەڵامی هەندێك پەرلەمانتارانی دایەوە، گرنگ بوو بەبیر هاوڵاتیانی بهێنینەوە كە خۆتان هەڵسەندگاندن بۆ قسەكانی بكەن كە بزانن چەندی جێبەجێنەكردووە.
حکومەتی هەرێم لە چوار ساڵدا لە جیاتی شەفافیەتی داهات و خەرجییەکان باجی لەسەر هاوڵاتییان زیاد کرد
دۆخی ئابووری بەرەو كوێ دەچێت؟
پرسیارێكی گشتگیرە و بەستراوەتەوە بە پەتای كۆرۆنا و نرخی نەوت و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، بەڵام ئێمە گەشبینین، ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەو دۆخێكی باشتر دەچێت و هەنگاوی باشتر دەنێت. ئەگەر ئێمە لەگەڵ بەغدا بتوانین، لانیكەم شایستەی دارایی مووچەخۆران وەك مافێكی دەستووری دابین بكەین، ئەو داهاتانەی دیكە كە هەن لە بوژاندنەوەی ئابووری بەكاری بهێنین و دەشتوانین زۆر سەركەوتوو بین لەوەدا.
هەشت ملیار دۆلار
دەوترێت بۆری نەوت فرۆشراوە بە كۆمپانیایەك و باسی هەشت ملیار دۆلار كرا، شتی وا نییە و نازانم ئەو ژمارەیە لە كوێ هاتووە.
ئەو بۆرییە نەوتە، پێشتر بڕیاری درووستكردنی داوە، ئەمە لەم كابینەیە نەبووە، تا ئەم پرسیارە ئاراستەی من بكەن، بەڵام بۆ ئەوەی روونبكرێتەوە، حكومەتی هەرێم پارەی هەبوایە خۆی درووستی بكات، دەیكرد، بۆیە پەنای بردووەتە بەر كەرتی تایبەت، جا بیانی بێت یان ناوخۆیی، ئەوان تێچوویان گرتووەتە ئەستۆ، ئەمەش چۆن كراوە؟ پێویستە سەیری گرێبەستەكان بكەم و بزانم بە چ شێوەیەك كراوە، ئەوەی شایستەی وەبەرهێنەران و خاوەن پرۆژەكەیە، بێگومان داوای گەڕانەوەی سەرمایەی خۆیان دەكەن، نە لێخۆشبوونە و نە بەخشینە، بەڵكو مافی ئەو كەسەیە كە وەبەرهێنانی كردووە و ئێستا داوای پارەكەی دەكات.
چاكسازی و مەرەكەبی سەر كاغەز
بە راستی چاكسازی پرۆسەیەك نییە، بە شەو و رۆژێك كۆتایی بێت. ئێمە كە دەڵێن، كەی دەست بە چاكسازی دەكەن، درووست نییە، چوونكە دەستمان پێكردووە، كەی تەواو دەبێت، شتێكی دیكەیە، پرۆسەیەكە هەرگیز تەواو ناوبێت. دەست بە پرۆسەكە كراوە، هەندێك شتیش كراوە، ئایا بەو خێراییەیە كە ئێمە دەمانەوێت، نەخێر، هۆكارەكەی چی بووە، قەیرانی دارایی و كۆرۆنا و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و نەبوونی بودجەی پێویست بووە بۆ بەشێك لەو چاكسازیانەی دەبوایە بیكەین. ئەمە كراوە. حەز دەكەم هەڵسەنگاندنتان بە ئینسافەوە بێت، چەندی كراوە، ئایا لە ئاستی خواستی ئێوەدایە یان نا شتێكی دیكەیە، بەڵام بە قەتعی بووترێت نەكراوە راست نییە.
خانەنشین و بندیوار
بەڕێزان ئێمە لە حكومەت لەسەر بنەمای داتا و زانیاری درووست مامەڵە دەكەین. تیمی تایبەتمان داناوە بۆ پێداچوونەوە. لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ هەموو ئەو فەرمانبەرانەی بە نایاسایی خانەنشین كراوون و بندیوارن، پێداچوونەوەیان بۆ دەكرێت، ئەوەی نایاسایی هەیە دڵنیا بن بە هیچ شێوەیەك لێیان قبوڵ ناكەین و لاشیان دەبەین. بەڵام دەبێت لەسەر بنەمای بەڵگە و زانیاری بێت. كۆی گشتی ئەو داتایانەمان كۆكردەوە، دەست بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە پێویستانە دەدەین.
قەرزارانی حكومەت
هەموو ئەو كەسانەی حكومەت قەرزی لایانە، ئەو كەسانە نین، كە قەرزیان لای حكومەتە. هەندێكجار لەوانە هەمان كەس بێت و قەرزی لای حكومەت بێت و قەرزی حكومەتی لە لای بێت، بۆ ئەوانە دەكرێت مقایسەی ئەو قەرزانە بكرێت. بەڵام ئەوانەی قەرزی لای حكومەتە و كەسێكیش قەرزی حكومەتی لایە، ناكرێت بەیەك یاسا كاری لەسەر بكرێت.
نوێنەرایەتی پارتی و یەكێتی و گۆڕان
بەڕێزێك باسی لەوە كرد، ئێمە نوێنەرایەتی لایەنەكانمان دەكەین، حەز دەكەم ئەوەتان پێ بڵێم لەو رۆژەی لێرە سوێندم خواردووە وەك بەرپرسێكی خزمەتگوزار لە حكومەت كار دەكەم، وەك فەرمانبەر یان بەرپرسێكی پارتی كارناكەم. شانازی بە پارتیبوونی خۆمەوە دەكەم، بەڵام ئێستا من وەك بەرپرسێكی حكومەت كار دەكەم. بە هەمان شێوە لەم كابینەیە لەگەڵ كاك قوباد و كاك شێخ ئاوات و هەموو كابینەكە وەك فەرمانبەر و خزمەتگوزاری خەڵك كار دەكەین لە حكومەتدا. داوا دەكەم چیدیكە ئێمە بە نوێنەری حزبەكان پێناسە نەكەن، ئێمە نوێنەری خەڵكین. ئێوە متمانەتان پێداین و خزمەتگوزاری ئەو خەڵكەین.
كۆمپانیای كار
باسی ئەوە دەكرێت بە حساب پارەیەكی زۆر بە كۆمپانیای كار و پاسەوانانی نەوت دەدرێت، یانیش كەسێكی دیكەی پاكستانی سوودمەندبووە، بۆ زانیاری بەڕێزتان، كۆمپانیای كار، كوردستانییە. لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی لە كۆمپانیای ناوخۆیی و كوردستانیی بكەن، پێم خۆش نییە، بێ هۆكار پەلاماری كۆمپانیا كوردستانییەكان بدەن. هەرچەند لە زۆر شوێن ئەو تۆمەتانە دراوەتە پاڵ ئەو كۆمپانیایە، گوایە حزبییە، بەڵام لە ئێستاوە پێتان دەڵێم، هیچ بەرژەوەندییەكی حزبی ئێمە لەگەڵ كۆمپانیای كار نییە.
مستەفا لاغانی، پێشتر گرێبەستی هەبووە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ فرۆشتنی نەوت و بەڕێكردنی نەوت لە بەندەری جەیهان، بەڵام بۆ زانیاری ئێوەی بەڕێز، ئێمە پێداچوونەوەمان لە گرێبەستەكە كردووە. داواشمان كردووە تیمێكی دیكەی پسپۆڕ لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و تیمێكی پسپۆڕی بیانی بێت بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی لە تیمی بەڕێوبردنی ئەم دۆسیەیە بكات، ئەمەش كاتی دەوێت، پێویستە رێز لە گرێبەستەكە بگرین، بەڵام لە كۆتاییدا بێگومان گۆڕانكاری بەسەردا دێت و خەڵكی دیكە كە جێی متمانەی ئێمە بن ئەو دۆسیەیە بەڕێوە دەبەن.
تەنها کابینەی نۆیەم هەشت ترلیۆن دیناری مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە یان لێیانی بڕیوە
%90ی خەڵكی هەرێم بەرەو ئیفلاس دەڕۆن
راستی من وا تێنەگەیشتووم و بڕواش ناكەم وابێت، ئەگەر بەراوردی خۆمان بكەین بە باقی ناوچەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، ئەوا خەڵكی هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەموو نەهامەتییەكان، رەوشی ژیان لە هەرێمی كوردستان زۆر زۆر باشترە، بەڵام لە ئاستی خواستی ئێمە نییە، بەڵام بە بەراوردكردن لەگەڵ ناوچەكانی دیكە دەبێت ئەم واقیعە لەبەر چاو بگرین، لە هەر شوێنێكی كوردستان، نموونە وەربگرن و بەراوردی بكەن بە بەغدا و بزانن لە پاكوخاوێنی و خزمەتگوزاری و گەیاندنی پڕۆژەكان چ جۆرە جیاوازییەك دەبینن.
یاسای خانەنشینی
ئێمە تیمی یاساییمان هەیە، پێداچوونەوە با بكەن، ئێمە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نین ماف و شایستەی پێشمەرگە و ئاسایش لەبەرچاو نەگیرێن، ئەگەر بزانین لە شوێنێك دەتوانین شتی باشتر بكەین، ئەوا تاپۆ نییە و دەتوانین پێداچوونەوە بكەین. بەڵام دەبێت هەموو شتەكان لەبەر چاو بگرین، توانای حكومەت و كاتەكە و شێوازی جێبەجێكردنی لەبەرچاو بگرین.
بازگەكان
جێی داخە پێنج بازگە لە نێوان هەولێر وسلێمانی هەن، خۆزگە نەبووان، حەزیش دەكەین هەموومان بەیەكەوە هەوڵی ئەوە بدەین ئەو بازگانە نەمێنن، ئەو شوێنەوارەی ئێوە باسی دەكەن، نەمێنێت. با شتێكی وا بكەین، كوردستان بە هەموو شێوەیەك ببێت بە كوردستانێكی یەكپارچە. ئەوەی لەسەرمانە دەیكەین. بیرتان نەچێت، ئەمە ماوەیەكی درێژە و كاریگەرییەكانی ماونەتەوە. ئێوە چاوەڕوانییەكی زۆرتان هەیە لە ماوەی یەك ساڵ هەموو شتێك بكەین، تۆزێك بوارمان بدەن، لە ماوەی چوار ساڵ بتوانین زۆر شت بكەین. لە دوای تەواوبوونی وادەكەمان خەڵكیش هەڵسەنگاندنمان بۆ بكات و بزانێت تا چەند لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكان سەركەوتوو بووین.
بۆچی قەرز زیادی كردووە
ئێمە هیچمان قەرز نەكردووە، لەم ماوەیە داوامان لە توركەكان و رووزنەفتیش كرد، ئەو بڕە پارەیەی دەبوایە پێیان بدرێت، چونكە تووشی قەیرانی دارایی و كۆرۆنا بووین، كەمێك ئارام بگرن، ئەم بڕە پارەیە ماوەتەوە لەسەر مان و لێمان خۆش نەبوون و چاوەڕێن لە كاتێكی دیكە بتوانین ئەو قەرزەیان پێ بدەینەوە. ئەمە یەك.
دووەم: ئەمە قەرز نییە و بەشێكی پابەندییە. ئەو سێ مانگەی حكومەتی عێراق، مانگەكانی (5، 6، 7) كە پارەی نەنارد، ئەمەش دەخرێتە سەر ئەو پابەندییە داراییە و كۆی گشتیی پابەندیی دارایی حكومەتی هەرێم بووەتە (28) ملیار دۆلار.