كورد بەچەند لیستێكەوە دەچێتە كێبڕكێ لەگەڵ عەرەب‌و توركمان

یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە»قورس» ناودەبرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

لایەنە كوردستانیەكان لەكەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دوورن لەوەی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەن و تا ئێستا چوار لیست بوونی هەیە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و كورد كێبڕكێی زۆرترین كورسی دەكات بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە 16 كورسیە و ئەگەر كورد نۆ كورسیی كەمتر بەدەستبێنێت ناتوانێت پۆستی پارێزگار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایبكاتەوە.

خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « یەكێتی و پارتی ململانێكانی هەرێمیان بردووەتە كەركوك، بەڵام زۆر گرنگە كورد یەك لیست بێت، هەرچەندە پارتی و یەكێتی هەڵەی زۆریان كردووە».

وتەبێژی یەكگرتوو پێشیوابوو سەرەڕای هەڵەكان دەبێت پارتی و یەكێتی وانە وەربگرن و ببنە یەك لیست، وتیشی:» وا دەردەكەوێت یەك لیست نەبن هەرچەندە هەوڵەكان بەردەوامە، لەنێوان یەكگرتوو ولایەنەكانی دیكە گفتوگۆ هەیە بەتایبەتیش لەگەڵ ئیسلامیەكان».

خەلیل ئیبراهیم باسی لەوەشكرد ئەگەر لەگەڵ پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش نەگەنە ڕێككەوتن ئەگەری ئەوەی لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەكان و چەند لایەنێكی دیكە بگەنە ڕێككەوتن دوور نییە».

پارتی پێشتر ڕایگەیاندبوو كە لەگەڵ یەكێتی بە یەك لیست لەكەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم بە یەك لیست دانابەزن، بەڵام بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دەڵێت گفتوگۆ بۆ یەك لیستی بەردەوامە.

مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «لەگەڵ هەموو لایەنەكان گفتوگۆ بەردەوامە بۆ ئەوەی بەیەك لیست دابەزین، بەڵام ئەوە قورسە لەبەر ئەوەی ئامادە نین لەگەڵ یەكێتی یەك لیست بین».

كۆمەڵی دادگەری پێیوایە بۆ ئەوەی پێگەی كورد پارێزراو بێت دەبێت كورد بەیەك لیست دابەزێت

رێباز سابیر بەرپرسی مەڵبەندی كۆمەڵی دادگەری لەكەركوك لەلێدوانێكدا بۆ ئاماژەی بەوەكرد پڕۆژەیەكیان ڕاگەیاندووە كە هەموو حزبەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەعێراق لەكەركوك بە یەك لیست دابەزن و هەندێك كۆبوونەوەشیان ئەنجامداوە.

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی كۆمەڵی دادگەری دەشڵێت:» تائێستا كورد بەداخەوە پێناچێت یەك لیست بێت لەكەركوك و بگرە نزیك دەبێتەوە لەچوار لیست و زیاتریش».

بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی، پارتی لەگەڵ هەندێك لایەن و یەكێتی لەگەڵ هەندێكی دیكە لە گفتوگۆدان و ئیسلامییەكانیش پێكەوە لەگەڵ لایەنی دیكە خەریكن بۆ ئەوەی لیستێكیان هەبێت، بێجگە لە چەند لیستێكی دیكە.

لەسەر پرسی یەك لیستی لایەنە كوردیەكان لەكەركوك، هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە ڕزگار حاجی حەمە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی ڕەتیكردەوە تا یەكلابوونەوەی گفتوگۆكان لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێك بدەن.

پێشتر ڕزگار حاجی حەمە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی بەهاوڵاتی وتبوو: «جارێ چاوەڕێی وەڵامی لایەنە سیاسیەكانین، یەكێتی پێی باشە هەموو لایەنە كوردستانیەكان بەیەك لیست بەشداری بكەن لەو ناوچانە و ڤیتۆشمان لەسەر هیچ لایەنێك نیە».

« لەگەڵ هەموو لایەنەكان گفتوگۆ كراوە تا یەك لیست بین، بەڵام تائێستا قسەی كۆتایی لەسەر نەكراوە، ئەگەر یەك لیست بین كوردستانی دەبێت و هەر لایەنە و بانگەشە بۆ كاندیدی خۆی دەكات»، ڕزگارحاجی حەمە وای وت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تا كۆتایی مانگی تەموزی دیاریكردووە تا لیست و قەوارەكان ناوی خۆیان تۆماربكەن.

بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاكانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ژمارەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە ژمارەیان (15) پارێزگایە جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

هیچ پارێزگایەك نابێت كورسییەكانی لە (12) كورسی كەمتربێت و هەر پارێزگایەك ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر كورسییەك زیاتر بوو لە (200 هەزار) كەس ئەوا بەپێی یاساكە كورسییەكانی بۆ زیاد دەكرێت لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ساڵی (2019).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار