لەسەر حسابی کورد، سوید دەبێتە ئەندامی ناتۆ
چیتر کوردانی سوید ژیانیان پارێزارو نابێتو لەهەر ساتێکدا بێت ئەگەری هەیە دیپۆرت بکرێنەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
دواجار سەرۆککۆماری تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ سوید هەڵکرد کە ببێتە ئەندامی رێکخراوی ناتۆ، بەڵام دوای چەندین داواکاری و چەند و چوون لە سوید کە تێیدا گەورەترین زەرەرمەند کورد دەبێت.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، پیش کۆبونەوەی رێکخراوی ناتۆ لە لیتوانیا، یانس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی رێکخراوەکە، هەواڵێکی ئاشکراکرد، ئەویش ئەوە بوو کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رازیبووە داواکاری سوید بنێرێتە پەرلەمانی وڵاتەکەی تا ئەوەی پەسەندی بکات و سوید ببێتە ئەندامێکی ناتۆ.
ئەم هەواڵە هەواڵێکی کتوپڕ بوو چونکە تەنها چەند کارتژمێرێک پێشتر، ئەردۆغان داوای ئەوەی کرد تەنها کاتێک رازیدەبن سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا تورکیا وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەربگرن.
دوای کۆبونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان و ئۆڵف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوید، لە شاری ڤیڵینیەسی پایتەختی لیتوانیا ستۆڵتنبێرگ وتی، سەرۆککۆماری تورکیا «رازیبووە بەزووترین کات داواکاری سوید پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکات و لەنزیکەوە کار لە گەڵ پەرلەمان بکات بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکە.»
رازیبوونی ئەردۆغان پێشهاتێکی گەورەیە دوای ئەوەی ساڵێکە سوید داوای لێدەکات رازی ببێت بە ئەندام بوونی وڵاتەکەی. لە ئایاری 2022ەوە سوید و فینلەندا داواکاری فەرمیان پێشکەش کردووە ببنە بەشێک لە ناتۆ، ئەوەش دوای ئەوەی کە روسیا لە مانگی شوباتی 2022 لەشکرکێشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد. تورکیا وەک هەر 31 ئەندامەکەی تری ناتۆ مافی ئەوەی هەیە ئەندامێتی وڵاتی نوێ رەتبکاتەوە.
هەرچەندە ئەنقەرە بە داواکارییەکە رازیبووە، بەڵام مانای ئەوەی نییە سوید راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی ناتۆ. ستۆڵتنبێرگ باسی کاتێکی دیاریکراوی نەکرد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا. سەرۆکی ناتۆ رایگەیاند کە ئەو بڕیارە دەکەوێتەوە سەر تورکیا و دەبێت لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە رابگەیەنرێت. پێشتر پەرلەمانی تورکیا ماوەی دوو هەفتەی ویست بۆ پەسەندنکردنی داواکاری فینلەندا کە لە مانگی نیساندا گفتوگۆی لەسەرکرا.
ئەم هەنگاوەی ستۆکهۆڵم دوای چەندین داواکاری دێت لە ئەنقەرە، بەڵام ماوەی ساڵێکە تورکیا دوای دەخاتە بە بیانوی ئەوەی سوید «پەناگەیەکی ئارامە» بۆ ئەندامانی پەکەکە و پێوستە لەسەر حکومەتی سوید ئەندامانی پەکەکە رادەست بکاتەوە.
لەو بارەیەوە ستۆڵتنبێرگ وتی، سوید و تورکیا «لەنزیکەوە کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا، وەک بەشێک لەو پرۆسەیە، سوید دەستوری هەموار کردووەتەوە و هەندێ یاساشی گۆڕیووە، ئەمەش هەماهەنگەییە دژە تیرۆرییەکانی دژ بە پەکەکە فراوان کردووە.»
هاوکات کریستەرسن، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند کە «کاری جدی»یان کردووە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەانی تورکیا.
«پێموایە چانسی ئەوەمان هەیە کە ئەوەی کردوومانە بە بەڵگەوە بیخەینەڕوو و هەروەها بەرهەمیشی هەبووە، پێموایە بە یارمەتی هەموو وڵاتەکان ئەوەمان بەدەستهێنا،» سەرۆکوەزیرانی سوید وای وت.
دۆخی کورد لە سوید چی لێ دێت؟
لە مانگی رابردوو سوید کۆمەڵێک یاسای توندی دەرکرد بۆ بەنایاسایی کردنی پێدانی هاوکاری ماددی بۆ گروپە قەدەغەکراو و «تیرۆرستییەکان» کە تێیدا ئەوەی سەرنجی خراوەتەسەر پەکەکە، یەپەگە، پەیەدە، هەروەها رێکخراوی فەتۆیە.
لەنێو سویدا ژمارەی کورد لەنێوان 150 هەزار بۆ 200 هەزار کوردایە و بەشێکی زۆریان چالاکوانن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە سەر بە پەکەکە بن.
لە سەرەتادا تورکیا تەنها داوای 33 کەسی دەکرد لە سوید کە تۆمەتبار بوون بە پەیوەندی بە «ڕێکخراوی تیرۆرستی» بەڵام لە سەرەتای ئەم ساڵەوە داواکارییەکەی ئەنقەرە بەرزبوویەوە بۆ 130 کەس.
لە هەفتەی رابردوودا، دادگای ستۆکهۆڵم کوردێکی بەناوی یەحیا گونگۆر بە چوار ساڵ و شەش مانگ سزادا بە تۆمەتی ئەوەی هاوکاری دارایی پەکەکەی کردووە لە سوید. بەپێی بڕیاری داداگەکە یەحیای تەمەن 41 ساڵ دوای تەواوکردنی سزاکەی دیپۆرت دەکرێتەوە بۆ سوید.
یەحیا تەنها کورد نییە کە یاسا نوێیەکانی سوید بەسەریدا بسەپێنرێت. پێشتر و لە مانگی کانونی یەکەمی 2022، مەحمود تات لەلایەن سویدەوە گەڕێندرایەوە بۆ تورکیا. مەحمود تات پیشەی شۆفێری پاس بوو لە شاری دەرسیم و بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە پەکەکەوە نزیکەی حەوت ساڵ لەلایەن تورکیاوە بە غیابی سزادرا. مەحمود تات لەساڵی 2015 گەشتە سوید و داوای مافی پەنابەرێتی کرد.
بەهۆی فشارەکانی تورکیاوە، ژیانی کوردانی تاراوگە لە سوید زۆر سەختتر بووە. جەلیل توران کوردێکە کە ماوەی هەشت ساڵە لە سوید دەژی و بۆ گۆڤاری فۆرن پۆلەسی ئەمریکی قسەی کردووە و دەڵێت: بەهۆی ئەوەی تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە بۆ دروستکراوە، مافی پەنابەرێتی لەلایەن سویدەوە رەتکراوەتەوە.
جەلیل توران بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە کە ئەو بەشداری لە هیچ چالاکییەکی چەکداری نەکردووە بەڵام تەنها لە شەڕی داعشدا وەک کەسێکی پزیشکی یارمەتی کەسانی برینداری داوە لە رۆژاڤا. توران باسی لەوەشکردووە، کە دووجار ویستویەتی خۆی بکوژێت بەهۆی ترسی ناردنەوەی بۆ تورکیا.
زنار بۆزکورت یەکێکی ترە لەو کوردانەی لە سوید کێشەی بۆ دروست دەکرێت و لە ئابی 2022 لە ماڵەکەی خۆیدا گیرا و فەرمانی رادەستکردنەوەی بۆ تورکیای بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی چەند هەڵمەتێکی رێخکراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بڕیارەکە هەڵوەشایەوە. هەرزوو میدیاکانی تورکیا باسیان لەوەکرد کە سوید زنار بۆزکورتی تەمەن 26 ساڵ بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکراوە.
زنار لە ئێستادا خاوەنی رەگەزنامە و مۆڵەتی مانەوە نییە لە سوید و داواکەی لە ساڵی رابردوودا رەتکرایەوە، ئەوەش لەسەر داواکاری ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی سوید. زنار بە فۆرن پۆلەسی راگەیاندووە کە پێش ئەوەی داواکەی رەتبکرێتەوە لەلایەن ئاژانسەکەی سویدەوە بانگێشتی چاوپێکەوتنێک کراوە و لەوێ پێیانوتووە لە هەژماری ئینستاگرامەکەیدا چەند وێنەیەکی ئەویان لە خۆپیشاندانێکدا بینیووە کە ئاڵای پەکەکەی تێدا هەڵکراوە.