تەنها دوو خوێندكاری خوێندنگا تایبەتەكان یەكەم بوون لەسەر ئاستی هەرێم

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح- عەمار عەزیز

لەكۆی 30 خوێندكاری یەكەم لەسەر ئاستی هەرێم تەنها دوو خوێندكاری خوێندنگا تایبەتەكان یەكەم بوون و لەبەرامبەردا 28 خوێندكاری خوێندگا حكومییەكان لە پلەی یەكەمدابوون.

لەهەرێمی كوردستاندا 117 هەزارو 364 خوێندكاری قۆناغی ئامادەیی و پیشەیی لەهەرێمی كوردستاندا بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 بەشداری ئەزموونەكانی پۆلی 12یان ئەنجامدا، بەشێككی كەم لە خوێندكارانی خوێندنگا ئەهلی و تایبەتەكان توانیان بگەنە پەلەی یەكەم.

یەكێك لەچیرۆكە جیاوازەكانی ئەمساڵ، خوێندكارێكی پۆلی 12ی وێژەییە كەتوانی ببێتە یەكەم لەسەر ئاستی هەرێم كە لەخانوویەكی سەقف چینكۆدا كۆششی ئەمساڵی خوێندنی بەكۆنمرەی 97.43 تەواوكرد.

هەنار تەها، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: خانوو و ئۆتۆمبێل و پارەشم وەرگرتووە، هەروەها پێیان ڕاگەیاندین لەهەر زانكۆیەكی هەرێم بتانەوێت دەتوانن بخوێنن لەسەر خەرجی حكومەت، بەڵام باسی خوێندنیان لەزانكۆكانی دەرەوەی هەرێمدا بۆ نەكردین».

هاوكات، ڕۆزی یەحیا، یەكەمی بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەڵێنی سكووڵەرشیبێكمان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە پێدراوە بۆ زانكۆكانی كورستان، بەڵام باسی زانكۆكانی دەرەوە نەكراوە، تائێستا لەلایەن كاك بافڵ و شاناز خان و كاك نێچیرڤان و زانكۆی نۆڵجەوە خەڵاتی ڕەسمی و ماددیشمان پێدراوە.

یەكێكی دیكە لەیەكەمەكان، شاد شوان، یەكەمی بەشی زانستییە لەسەر ئاستی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پێیان ڕاگەیاندین یارمەتیمان دەدەن لەتەواوكردنی خوێندندا، تەنها سكووڵەرشیپی زانكۆی كوردستان و زانكۆی نۆڵیجمان پێگەیشتووە، خەڵاتی یەكەمەكان وەك یەك بووە».

هەروەها نمە محەمەد، یەكەمی بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: خەڵاتەكانمان وەك یەك بوون و جیاواز نەبوون، جگە لەحكومەتیش لەلایەن سەرۆكی هەرێم و بەشێك لەپەرلەمانتاران و كاك بافڵ و حاجی كاروانەوە خەڵاتكراوین، وتیشی دۆخی دارایی خانەوادەكەم مام ناوەندەو پێیان ڕاگەیاندین لەهەر زانكۆیەكدا بخوێنن خەرجیتان دابین دەكەین.

بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 لەكۆی نزیكەی 120 هەزار خوێندكاری 12 ی ئامادەیی، 30 خوێندكار پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناو لەو ژمارەیەش 23 خوێندكاریان لەپارێزگای سلێمانی بوون و لەكۆی ئەو 30 خوێندكارەش 19 یان لەڕەگەزی مێ بوون.

بوشرا بایەر باوكی پیشەی كرێكارەو لەخانوویەكی حكومیدان ئەو بووە یەكێك لەچیرۆكەكانی دیكەی سەركەوتنی خوێندكاران، بەو بارودۆخەوە توانی پلەی چوارەم لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە بەدەستبێنێت، بە كۆنمرەی 95.6 لەبەشی زانستی.

بوشرا بەهاوڵاتی وت: پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان قوباد تاڵەبانی خانوویەكی بۆ كردینە دیاری و لەلایەن سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجەوە خەرجی ساڵێكی خوێندن و لەلایەن حاجی كاروانەوە بەڵێنی كرێی خوێندنم پێدراوە.

بۆ ئەمساڵی خوێندن ژمارەی خوێندكارە یەكەمەكانی 12ی ئامادەیی 30 كەس بوون لەو ژمارەیەش 19 خوێندكاریان كچ بوون و 11 خوێندكاریشیان كوڕ بوون.

ئەنجامەكانی دهۆك كە تەنها یەكێك لەیەكەمەكان لەو پارێزگایەبووە بووەتە جێگەی نیگەرانی كەسوكاری خوێندكاران و بەشێكیان پەروەردە بە هۆكار دەزانن، پەروەردەش كەسوكاری خوێندكاران بەهۆكار دەزانن لەكاتێكدا تەنها (كریستیان راجی) تاقانەكەی یەكەمەی دهۆك و سێیەمی سەر ئاستی هەرێم بووە.

وەلید سلیڤانەیی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دەلیڤە لەسنوری پەروەردەی قەزای سێمێل لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كەمیی ژمارەی یەكەمەكانی سەر ئاستی هەرێم لەدهۆك بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێتەوە، كە»هەندێك مامۆستا كراون بە بەرێوەبەر ئامادەیی لەسەر بنەمای خزمایەتی و واستە و هاورێیەت».

وەلید سلیڤانەیی وتیشی:» ئاستی رۆشنبیری كەسوكاری خوێندكاران لە دهۆك بەراورد بەشارەكانی تر زۆر كەمترە، جگە لەوەش بێ هیوابوونی خوێندكار لە نەبوونی هەلی كار و دامەزراندن».

هەروەها حەسەن چەلەبی، بەرێوەبەری پەروەردەی قەزای سێمێل بە هاوڵاتی وت:» هەندێك بەرێوەبەری خوێندنگا هەیە لەئاستێكی باشدا نین، بەدڵنیاییەوە پەروەردەی دهۆك لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەكات».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار