ژنە ئیسرائیلییە رفێندراوەکە لەعێراق: دیل بە دیلم پێ مەکەن
ئێران دیل بەدیل بەتوێژەرە ئیسرائیلییەکە دەکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە رفاندنی ئافرەتێکی ئیسرائیلی لە عێراق بووەتە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان، بەڵام هێشتا زانیارییەکان بەتەواوی لەسەری نازانرێت و تەمومژاویین. دەوترێت ئێران رەنگە دەستی تێیدا هەبێت بۆ گۆڕینەوەی دیلێکی ئێرانی لەگەڵ ئیسرائیل، بەشێک لە سەرچاوەکانی تریش دەڵێن چەند لایەنێکی حەشدی شەعبی گومانی ئەوەیان بۆ دروست بووە کە سیخوڕی ئیسرائیل بوبێت.
ئیلزابێس تسورکۆڤی تەمەن 36 ساڵ ئەو ئافرەتە ئیسرائیلییە-رووسیەیە کە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە لە عێراق دیارنەماوە و ئیسرائیل کەتائیبی حیزبوڵا تۆمەتبار دەکات بە رفاندنی و دەڵێت، عێراق بەتەواوی «بەرپرسیارە» لەو بابەتە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەک، ئێران بەنیازە دیل بە دیلی پێ بکات لەگەڵ کەسێکی ئێرانی کە دەوترێت کارمەندێکی سوپای پاسداران بووە و بەنیازبووە هێرش بکاتەسەر ئامانجی ئیسرائیلی لە قوبرس.
ئیلیزابێس چەند جارێک سەردانی عێراقی کردووە و هەرزوو دەزگای هەواڵگری عێراق هۆشداری بە روسیا و ئەمریکا داوە کە ئیلیزابێس لە وڵاتەکە بڕواتە دەرەوە، بەڵام ئەو ئاگادارکردنەوەیە پشتگوێخراوە.
ئیلیزابێس کە خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی پرینستنی ئەمریکی، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە تویتێکیدا باسی لەوە کردووە کە دژی گۆڕینی دیل بە دیلە و تەنانەت ئەگەر خۆشی بێت نایەوێت دیل بە دیلی پێ بکرێت ئەگەر سەردانی سوریا یان عێراق بکات.
ئێران دەیەوێت دیل بە دیلی پێ بکات
بەپێی راپۆرتێکی شەرقلئەوسەتی بەریتانی، ئیلیزابێس تسورکۆڤ بەهۆکاری ئەوە رفێندراوە کە ئێران دەیەوێت فشار لە ئیسرائیل بکات تا هاوڵاتییەکی ئێرانی ئازاد بکات.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەک لە ناو حکومەتی عێراقی و رێکخراوێکی چەکداری میلیشیا شیعەکان، ئەو کەسەی ئێران دەیەوێت یوسف شەهبازییە کە ئیرسرائیل لە مانگی حوزەیراندا رایگەیاند لەنێو خاکی ئێراندا دەستگیریکردووە بەهۆکاری ئەوەی پلانی هەبووە هێرش بکاتەسەر ئامانجی ئیسرائیل لە قوبرس.
ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە کە ئاخۆ کەی شەهبازی دەستگیرکردووە یان ئاخۆ پێش رفاندنی تسورکۆڤ بووە یان دواتر.
شەرقلئەوسەت باسی لەوەش کردووە کە دانوستانەکان بۆ دیل بە دیل کردنەکە لەلایەن رووسیاوە نێوەندگیری دەکرێت و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی هەبێت.
هێشتا دیار نییە کە ئیلیزابێس لەکوێیە و بەپێی سەرچاوەکانی سەرقلئەوسەت هێشتا لە عێراق دەستبەسەرە، بەڵام بەشێک لە سەرچاوەکانی تری رۆژنامەکە دەڵێن گوازراوەتەوە بۆ ئێران.
بەپێی راپۆرتێکی میدیای ئەمواج، رفاندنی هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکە وای لە هەندێک چاودێر کردووە بگەنە ئەو بڕوایەی بابەتەکە دەستێکی ئێرانی تێدایە و فەرمانی رفاندنەکە لە تارانەوە دراوە وەک بەشێک لە شەڕی شاراوەی ئێران بەرامبەر ئیسرائیل.
بەڵام میدیای ئەمواج باس لەوەش دەکات، ئەمە رەنگە کیشەیەکی ناوخۆیی لایەنە شیعییەکان بێت و بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی، بەتایبەت کەتائیبی حیزبوڵا، گومانی ئەوەیان کردووە ئیلیزابێس سیخوڕێکی ئیسرائیلی بوبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سەدرییەکان، کە سەدرییەکان نەیارێکی سەرسەختی گروپە شیعەییەکانن لە عێراق.
بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە قسەی بۆ پێگەی هەواڵی نیشتمانی ئیسرائیل کردووە، تسورکۆڤ سیخوڕ نییە و «هاوڵاتییەکی ئاسایی ئیسرائیلییە کە بۆ توێژینەوەی دکتۆراکەی سەردانی عێراقی کردووە و پەیوەندی بە بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە نییە.»
هاوکات، هاوڕێیان و هاوکارانی ئیلیزابێس بە پێگەی دەیڵی بیستی ئەمریکییان راگەیاندووە کە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە باس لەوە دەکەن ئیلیزابێس سیخوڕ بێت و دەڵێن، «ئەو قسانە بەتەواوەتی دوورە لەراستییەوە و ئەو هەواڵانە وادەکات کە کارە ناوازەکانی وەک کەسێکی ئەکادیمی ناشرین بکرێت.»
لە کوردستانەوە هاتووەتە نێو عێراق
بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی لێیان قەدەغەیە بێنە نیو خاکی عێراقەوە، ئیلیزابێس سەرەتا لە هەرێمی کوردستانەوە هاتووەتە نێو خاکی عێراق و سێ جار سەردانی کردووە.
توێژینەوەی دکتۆراکەی لەسەر بزوتنەوەی سەدرە لە عێراق و بەپێی سەرچاوەکان ویستوویەتی لەنزیکەوە کەسانی سەر بە سەدر بدوێنێت بۆ دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەکەی.
سمادەر پێری، رۆژنامەونسێکی ئیسرائیلییە و باس لەوە دەکات کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ ئیلیزابێس کە هاوڕێیەتی، پێکەوە بوون. لە دانیشتنێکدا ئیلیزابێس پێی وتووە کە ناتوانێت بچیت بۆ عێراق بەڵام بە پاسپۆرتە روسیەکەی دەچێتە کوردستان و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل دەڕوات بۆ بەغداد.
چەند سەرچاوەیەک بە ئەمواج میدیایان راگەیاندووە، ئیلیزابێس چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بە پاسپۆرتە رووسیەکەی و لە سەرەتایی 2022 بڕیاری ئەوە دەدات بۆ یەکەمجار بچێتە بەغداد و لەوێ لە ئاپارتمانێکدا لە ناوچەی کەرادە دەمێنێتەوە.
لەوسەروبەندەدا، دەزگای هەواڵگری عێراق ئاگادارییەک دەنێرێت بۆ روسیا و ئەمریکا و تێیدا دەڵێت: باشترە تسورکۆڤ عێراق بەجێبهێڵیت.
ئەم ئاگادارکردنەوەیەی دەزگای هەواڵگری عێراق پشتگوێخراوە و رووسیا بە هەندی وەرنەگرتووە، بەڵام نازانرێت وەڵامی ئەمریکا چیبووە.
دواتر لە تشرینی دووەمی 2022، جارێکی تر تسورکۆڤ بە ڤیزایەکی دوو مانگی دێتەوە بۆ عێراق تا بتوانێت چەند چاوپێکەوتنێک ئەنجام بدات لەگەڵ هەندێک کادری ئاسایی سەدرییەکان. دوای ئەوەی لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ ڤیزاکەی بەسەردەچێت، تسورکۆڤ دەچێتە ئیمارات بۆ تازەکردنەوەی ڤیزاکەی.
لەناوەراوستی مانگی ئازاری ئەمساڵ، تسورکۆڤ توانیویەتی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ فەرماندەیەکی باڵای سەدرییەکان رێکبخات، بەڵام تەنها دوای چەند رۆژێک و لە 21ی ئازار دیار نامینێت. هەندێک راپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن تسورکۆڤ کاتێک رفێندراوە کە گەڕاوەتەوە ماڵەوە دوای سەردانکردنی کافێیەک لە نزیک ئەپارتمانەکەی.
سابرین نیوز، کە میدیایەکی نزیکە لە سوپای پاسداران، باس لەوە دەکات گروپێک کە پێکهاتوون لە سێ ئافرەت لە هۆڵێکی لەشجوانی رفاندوویانە.
‹دیل بە دیلم پێ مەکەن›
هەرچەندە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە رفێندراوە، بەڵام خانەوادەی ئیلیزابێس دەڵێن خۆیان نەیانویستووە هەواڵەکە بڵاوببێتەوە و فشاری حکومەتی ئیسرائیلییان لەسەر نەبووە.
بەپێی وتەی ئێما تسورکۆڤ کە قسەی بۆ پێگەی ئەلمۆنیتەی ئەمریکی کردووە، بڵاونەبوونەوەی هەواڵەکە پەیوەندی بەوانە هەبووە و «بڕیاری خۆمان بووە، ئێمە هیوامان وابوو کارەکە بە زوویی کۆتایی بێت و چارەسەرێکی خێرای بۆ بدۆزرێتەوە بەبێ ئەوەی ببێتە بابەتێکی جیهانی، ئێمە بێدەنگ نەکرابوین بەڵکو ئەوە بڕیاری خۆمان بوو.»
رفاندنەکە هەر بەشارەواەیی مایەوە تا ئەوەی لە 5ی ئەم مانگە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەواڵەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، کەتائیبی حیزبوڵا ئیلیزابێسیان رفاندووە و حکومەتی عێراقی «بەرپرسیارە» لە سەلامەتی هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکە.
لەدوای قسەکانی ناتانیاهۆ، ئەبو عەلی عەسکەری، یەکێک لە بەرپرسانی کەتائیبەکانی حیزبوڵلا لە تویتێکدا نووسی، «سەرۆکوەزیرانی قەوارەی زایۆنی دانی بەوەدانا کە ئەندامی ئەمنی ئیسرائیلی لە عێراق هەیە کە ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، بە وردی و تووندی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت».
بەپێی وتەی سەرچاوەکانی ئەلمۆنیتەر، کە لە چەند راپۆرتێکی تردا هاتووە و دەڵێن، ئەم کارە دەستی ئێرانی تێدا بووە بۆ چەند ئامانجێکی کە یەکێک لەوانە گۆڕینەوەی دیلە لەگەڵ ئیسرائیل.
دوای رفاندنەکە، کەناڵی فەرمی سابرین نیوز لە تیلیگرام، پۆستێکی کردوو و تێیدا وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە نوسینێکی ئیلیزابێسی تێدایە لە تویتەر. وێنەکە نوسینێکە بە زمانی عیبری و وا دەردەکەوێت ئیلیزابێس لە 21ی شوباتی 2021 نوسیبێتی و تێیدا دەڵێت: من دژی پرۆسەی دیل بە دیلم، هەتا ئەگەر کێشە بۆ خۆشم دروست بکات ئەگەر لە داهاتوودا سەردانی سوریا یان عێراق بکەم.
هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ تویتەکەی ئیلیزابێس کرد، بەڵام نەیتوانی ئەو تویتە بدۆزێتەوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر هاوڵاتییە ئیسرائیلییە-رووسییەکە کردبووی.