دكتۆر یونس راوی بۆ هاوڵاتی: هەندێك مەلاو بانگخواز پەیوەندییان لەگەڵ كەسانی تیرۆرست هەیە

یەک ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ڤانە باهیر

دكتۆر یونس راوی، توێژەری فكری ئیسلامی رەخنە لە وەزارەتی ئەقاف دەگرێت لەوەی كە لە خەمی «زۆنی سەوز»دا نیەو وەكو «زبڵخانە» سەیری دەكات بەجۆرێك دەرگای بۆ ئەو مەلاو بانگخوازانە كردۆتەوە كە هانی توندوتیژی لە سلێمانیدا دەدەن گەشە بكات.

یونس راوی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی سەبارەت بە ڕووداوی كوشتنی خواناس وریا لەسەر بیرورای ئاینی لە چەمچەماڵ لە مانگی ربردوودا، تێڕوانینی خۆی سەبارەت بەو ڕووداوە دەخاتەڕوو كە بەشێك لە هۆكارەكەی دەخاتە سەر دەسەڵاتداران.

یونس راوی دەشڵێت:» حكومەت بێ باكە لەمە... ئەویش تەنها دوو ئیحتیمالی هەیە، یان ئەوەتا لە وەزعەكە تێناگات، یانیش ئەوەتا ئەیەوێت شەقام بەوە سەرقاڵ بێت و واز گەندەڵی و لە ڕەخنەی خزمەتگوزاریەكانی كوردستان بهێنێت».

 

هاوڵاتی: هۆكار چی بوو خواناس وریا گلی لە چەمچەماڵ كوژرا؟

یونس راوی: ئێستا هەندێك مەلا و بانگخواز پەیدابوون بە ئاشكرا بانگەشەی ئیرهابیەت ئەكەن، خواناس بۆیە كوژرا، مەلایەك هاتی وتی هەر كافرێكتان بینی، هەركەسێك كوفری كرد لەسەری بدەن.

هاوڵاتی: پێتوایە ئەمە حاڵەتێكەو تەواو یان ئەو جۆرە وتارانە كاریگەریان هەیە لەسەر زۆرینەی كۆمەڵگا؟

یونس ڕاوی: ئەگەر ئێستا بتەوێت عەقڵیەتی تاكی كورد بخوێنیتەوە، بچۆرە سەر كۆمێنتەكانی پێگەكانی تۆری كۆمەڵایەتی. دەبینی كارەساتە!، هەروەها لەم تاوانەدا بكوژیش قوربانیە، قوربانی فكری ئەو مەلا و بانگخوازە ئیرهابیانەن كە لە ساحەكەدا بوونیان هەیە كە پێگە و ماڵ و سێ چوار ژنیان هەیە.

هاوڵاتی: لەدوای ٢٠٠٣ وە تیرۆركردنی كەسێك لەسەر بیروبۆچونی ئاینی لە كوردستاندا بوونی نەبووە، ئەم تیرۆرەی “خواناس وریا” بەرەو كوێمان دەبات؟

یونس راوی: ئەمە دەمانباتەوە دواوە، دواكەوتوویەكی زۆر سەیرە كە ڕووی تێكردووە، چونكە ئێستا كۆمەڵێك ئیخوانی و سەلەفی و مەلای ئیرهابی وتەبێژن بەتایبەتی لە  زۆنی سەوز، ساڵانی ڕابردوو لەسەر شتێكی زۆر بچوك شەقام ئەهاتە دەنگ بەدیاریكراویش «زۆنی سەوز»، بەڵام ئێستا بووەتە بەشێك لە ئەفغانستان.

هاوڵاتی: بكوژەكەی خواناس بە ماددەی كوشتنی بە ئەنقەست سزا دراوە، ئایا دەتوانرێت ئەو ماددەیە بگۆڕدرێت؟

یونس راوی: بە تاوانی كوشتنی بەئەنقەست سزا دراوە بە ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩،÷ دەتواندرێت ئەو ماددەیە بگۆڕدرێت، لە دادگای تاوانەكان و بكرێتە ماددەیەكی تر.

هاوڵاتی: وەك ئاگادار بیت، خێزانەكەی یان چالاكوانان بە فەرمی داوای ئەوەیان كردووە كە ئەو ماددەیە بگۆڕدرێت؟

یونس راوی: نەخێر من ئاگاداری خێزانەكەی و شتێكی وا نیم، بەڵام ئەمە داواكاری گشتی سكاڵاكە بەرز ئەكاتەوە و كاری لەسەر ئەكات.

هاوڵاتی: شەقام بێدەنگ بوو، ناڕەزایتیەكانیش لەلایەن چینی چالاكوانانەوە تەنها لە چوارچێوەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بوون، بۆچی تەنانەت گردبونەوەیەكیش ئەنجام نەدرا؟

یونس راوی: جۆرێك لە فۆبیایان بڵاوكردۆتەوە، كە ئەگەر بتوانین گەنجێكی ئاوا پاك و بێدەنگ بكوژین، ئەوەی دەنگ و نوسینی هەیە، ئاسانتر ئەتوانین بیكوژین و تیرۆری بكەین و تۆمەتی بۆ دروست بكەین؛ بەڵێ ئەوە ناشاردرێتەوە كە بەشێكی “ترسە».

هاوڵاتی: ئایا ئەم وتارانە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە كۆنتڕۆڵ ناكرێن و فلتەر ناكرێن؟

یونس راوی: كۆنتڕۆڵی چی! ئەمان بەس خەمی ئەوەیانە لە زۆنی زەرد ئەو شتە روو نەدات، بەس لە زۆنی سەوز ئاساییە، هەموویان فڕێ داوەتە زۆنی سەوز و هەموو ئەوەی هەیە لە زۆنی سەوزدایە، وەك زبڵخانەیەك سەیری زۆنی سەوز ئەكرێت.

هاوڵاتی: ئاشتی و پێكەوە ژیان هەیە لە هەرێمی كوردستان وەك “ دەسەڵاتداران” باسی ئەكەن؟!

یونس راوی: ئاشتی و پێكەوە ژیانی چی! ئەوە خەڵك دەكوژرێت و هەڕەشەی لێ ئەكرێت، دوو جار هەوڵی كوشتنم دراوە لە هەولێر و سلێمانی، یانی ئەبێ ئیللا بكوژرێین ئینجا باوەر بكەن؟ دە ئەوە گەنجێك كوژرا و باوەڕ بكە.

هاوڵاتی: حكومەت كەی لەسەر تیرۆركردنی دەنگی ئازاد و ئەو وتارە توندڕەوانەی بانگخوازان دێتە دەنگ؟

یونس راوی: حكومەت كاتێك دێتە دەنگ لەسەر ئەم بانگخواز و مەلایانەی كە توندوتیژی بڵاوەكەنەوە كە ببێتە رایەكی نێودەوڵەتی و كاریگەریەكەی لەسەر پێگەی كوردستان دەربكەوێت، چونكە نەتەوە یەكگرتوەكان ئەوە قەبوڵ ناكەن، ئەمریكا عێراقی بۆ ئەوە داگیرنەكردووە كە ببێتە پارچەیەك لە ئەفغانستان یان پاكستان، ئەمە زۆر زۆر ترسناكە، ئەمە ڕەنگە بەلای زۆر كەسەوە سەیر بێت، بەڵام بەیانی و دوو بەیانی شتی خراپتری لێدەكەوێتەوە، بەڵام ئەو كاتە حكومەت هیچی پێ ناكرێت.

هاوڵاتی: ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت، كێ ئەم دۆخەی خوڵقاندووە؟

یونس راوی: زۆر ترسناكە، نە پەروەردە نە مینبەرەكان لەدەستی خۆت ماوە، نە شەقامت ماوە، دەیەها مینبەری ئیرهابیت هەیە كە داعشە لەناو خۆتدا كار ئەكەن، ئەمە بە پلان ئیشی لەسەر ئەكرێت، حكومەت بێ باكە لەمە، جا ئایا بۆچی بێباكە ئەویش تەنها دوو ئیحتیمالی هەیە، یان ئەوەتا لە وەزعەكە تێناگات، یانیش ئەوەتا ئەیەوێت شەقام بەوە سەرقاڵ بێت و واز گەندەڵی و ڕەخنەی نەبوونی خزمەتگوزاریەكانی كوردستان بهێنێت، دۆخەكە زۆر ترسناكە و كوردستان قەت وانەبووە.

هاوڵاتی: چارەسەر چییە بۆ ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان؟

یونس راوی: چارەسەر ئەوەیە كۆنتڕۆڵی ئەو مەلا و بانگوازە ئیرهابیانە بكرێت، سنورێكیان بۆ دابنرێت، ئەمانە ڕۆژانە مزگەوتیان بۆ گەورە ئەكرێت، یارمەتی ماددیان ئەدرێت و یەكێ سێ و چوار ژن و پەنجا منداڵیان هەیە، ئەمانە بەچی بەخێو ئەكرێن! پەیوەندی دەرەوەشیان هەیە ئەشخاسی ئیرهابی و نێودەولەتیان هەیە یارمەتیان ئەدەن، ئەبێت ئەمانە رابگیرێن. هەروەها دەشبێت چین و توێژی چالاكوانان و ڕۆشنبیران بهێننە پێشەوە.

هاوڵاتی: دەكرێت ئەم ڕووداوانە لەداهاتوودا پێگەی كوردستان لاواز بكەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؟

یونس راوی: ئەم دۆخەی كوردستان لەداهاتوودا وادەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك ئەفغانستان مامەڵەت لەگەڵ بكات.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار