جوامێر مارابی، ئەندامی ئەنجومەنی پژاك بۆ هاوڵاتی: پرسی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەسەرچووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتی

ئەندامێكی ئەنجومەنی پژاك لە ئەوروپا دەڵێت:» پرسی گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرچووە»، دەشڵێت:» پرسی خەباتی چەكداری ناچارییە و بۆ بەرگری لەخۆكردنە».

جوامێر مارابی ئەندامی ئەنجومەنی پژاك لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەدۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات ئاماژە بەوە دەدات كە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لەدۆخێكی باشدایە.

هاوڵاتی: دۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەگشتی چۆنە؟

جوامێر مارابی: شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، دوایی نەهاتووە و لە شێواز و فۆرماتی دیكەدا بەردەوامە، رژێمی كۆماری ئیسلامی زۆری پێخۆشە رای گشتی بڕواپێبهێنێت كە ئەو شۆڕش و سەرهەڵدانە كۆتایی هاتووە، بەڵام راستییەكان پێچەوانەی خەونەكانی رژیمە.

هاوڵاتی: پاش كۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەكان ئێران فشارەكانی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا چ ئاستێك توند كردووەتەوە؟

جوامێر مارابی: بەگشتی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر كاری دەوڵەتی ویلایەتی فەقییەوە، رۆژهەڵاتی كوردستان هاوشێوەی وڵاتێكی داگیركراو هەڵسوكەوتی لەگەڵ كراوە، لەلایەن ئەو رژێمەوە، گەلی كوردیش هیچ كات ئەو رژێمەیان بە هی خۆیان نەزانیوە و هەمیشە وەكو دەوڵەتێكی داگیركەر چاویان لێكردووە و لە هەر بۆنە و لە بچووكترین دەرفەتدا ئەوەیان بە رژێم نیشانداوە.

لە ئێستاشدا و لە قۆناغی شۆرشی ژن ژیان ئازادیدا، توڕەیی، ئەو رژێمە داگیركەرە لە گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، چەند قات زیادیكردووە، چونكە یەكەم بزیسكەی شۆڕشەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لێی درا و فەلسەفە و پارادیمەكەش هی رێبەرێكی كاریزمای كوردە بە ناوی رێبەر ئوجەلان.

دواتر شۆڕشەكە سەرجەم شارەكانی دیكەی ئێرانیشی گرتەوە و بوو بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی كۆنەپارێزی ، رژێم لە چاوی كوردستانی دەیبینێت.

 بۆیە هەوڵ دەدات بتوانێت رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بگەڕێنێتەوە پێش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، جوگرافیای سیاسی ئێران ناگەڕینەوە خاڵی بەر لە دەست پێكردنی شۆرشی ژن ژیان ئازادی، سەرباری ئەو راستییە، رژێم تا ئێستا چەندین كەسی لە سێدارە داوە و بە هەزاران كەسی راپێچی زیندانەكان كردووە.

هاوڵاتی: پژاك ئاگربەستی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە؟

جوامێر مارابی: پێموایە ئەو پرسیارە سەدانجار وەڵام دراوەتەوە و منیش نامەوێ دووپاتیبكەمەوە ، بەڵام ئەوەی هەیە لە ئێستادا ئاگری شەڕی نێوان هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) لە كۆساڵان و سوپای پاسداران گەرمە و نەبڕاوەتەوە.

هاوڵاتی: پێتانوایە شەڕی چەكداری چارەسەری پرسی كورد و گەلانی دیكەی ئێران دەكات؟

جوامێر مارابی: گەلی كورد لە هیچ كام لە بەشەكانی كوردستاندا باوەڕی بەوە نییە كە رێگە چارەی پرسی نەتەوەیی ئەم گەلە، خەباتی چەكدارییە، چەك بۆ گەلی كورد، بۆ هێرش بردن نییە، بەڵكو بۆ بەرگرییە.

خەباتی چەكداری بژاردەیەكی ناچارییە كە گەلی كورد بۆ مانەوە و بەرگری لە دەستكەوتەكانی پەنای بۆ بردووە، هەر ئەو دەوڵەتانە كە بوونی هێزی چەكداری بەرگریكاری گەل و خاكێكی داگیركراو وەكوو كورد بە عەیبە و خراپ دەزانن و دەڵێن سەردەمی خەباتی چەكداری نەماوە، بە ئەوروپایی و ئەمریكایی و هتد. خۆیان بەردەوام خەریكی بەرهەمهێنانی پێشكەوتووترین چەكە كۆمەڵكوژەكانن، كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەلایەن ئەو بەناو پێشكەوتووانەوە، گەورەترین مەترسی لەسەرە.

هاوڵاتی: ئێران مۆڵەتی شەش مانگی داوەتە عێراق و هەرێم كە دەبێت حزبەكانی ڕۆژهەڵات چەك بكەن یاخود بیانكەنە كەمپەوە، بۆچونتان چییە لەوبارەیەوە؟

جوامێر مارابی: بانگەشەی داماڵینی چەك لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد، فیتی داگیركەرانە و كورد بە بێ هێشتنەوەی پاراستنی خۆكوژی ناكات، تا كاتێك داگیركەران بە ئاگر و ئاسن وەڵامی سەرەتاییترین داخوازی مافەكانی كورد بدەنەوە.

هاوڵاتی: نزیكبوونەوەتان لەحزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات تا چ ئاستێكە؟ گەیشتووەتە ئەوەی خەباتی پێكەوەیی ئەنجام بدەن؟

جوامێر مارابی: قۆناغی حاشا و لە بەرچاو نەگرتن و سڕینەوەی پژاك وەكو پارتێكی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆتایی هاتووە و پژاك بە خەباتی خۆی، ئەو راستییەی سەلماندووە و كەس ناتوانێ نادیدەی بگرێت.

لەئێستادا لێكتێگەیشتن لە نێوان پژاك و بەشێك لە پارتەكانی دیكەی رۆژهەڵات لە ئاستێكی باشدایە، پەیوەندی هەیە سەردەمی دژایەتی كردن و هێرشی میدیایی بۆ سەر یەكتر، جێی خۆی داوە بە دیاگۆگ و پەیوەندی و بەڕێوەبردنی هەندێ كۆڕ و كۆنفرانس پێكەوە، ئەمیش یەكێك لە دەستكەوتەكانی شۆرشی ژن ژیان ئازادییە.

لەگەرمەی ئەو شۆڕشە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەگەرچی بە جیاواز، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر و لە یەك رۆژدا لە سەر هەنگاوەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڕیاریان دەدا، لە ئێستاشدا ئاراستەكە بەرەو هاوكاری و هەماهەنگی زیاترە. ئەمەش خواستی گەلەكەمانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

هاوڵاتی: لەشاخەكانی كۆساڵان شەڕ لەنێوان هێزەكانی پژاك و سوپای پاسداران ڕوویدا، هۆكاری شەڕەكە چی بوو؟

جوامێر مارابی: شەڕی كۆساڵان، هۆكاری زۆرە، یەكەم، رژێم پژاك بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەزانێت، دروشمەكان و ئەو شێوازە لە سەرهەڵدان و شۆڕش، بەرهەمی ئەو كولتور و رێبازەیە كە پژاك كە بە ساڵانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان كاری بۆ دەكات.

هەروەها نزیكبوونەوەی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەڕێوە چوونی ئەو كۆنفرانسە لە پەرلەمانی ئەوروپا و بە بەشداری پارتە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی دیكە ئێران، رژیمی زۆر توڕە و نیگەران كردووە.

هاوڵاتی: ئێران هیچ كاتێك داوای گفتوگۆی لێكردوون؟

جوامێر مارابی: گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، هەمیشە پێی وابووە كە رێگەی دیالۆگ و ئاشتیانە باشترین رێگایە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد، ئەوە رژێمە هەمیشە وەڵامی ئەو داخوازییەی بە گولە داوەتەوە.

ئەو رژێمە لە لای گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی كورد بە تایبەت هیچ رەوایەتیەكی نییە، خواستی رووخانی، خواستی سەرەكی گەلانی ئێرانە، رژێم  بۆ خۆی هیچ شەرعییەتی نییە چۆن دەتوانێ ببێتە ئەو مەرجەعە كە گەلی كورد و گەلانی دیكەی ئێران، داوای مافەكانی خۆیان لەو بكەن.

هەرجۆرە خۆش باوەڕییەك كە پێمان وابێ ئەو رژێمە لە رێگەی دیالۆگەوە پرسەكان چارەسەر دەكات، ئاسنی سارد كوتانە و تەنیا تەمەنی رژێم درێژ دەكاتەوە.

هاوڵاتی: دۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەبەرژەوەندی بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد و ئێرانیەكانە؟

جوامێر مارابی: كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، هەر لە ئێستاوە و لە هەندێ بۆنەدا، وەك هاتنی سێلاو و زەوی لەرزە و كۆرۆنا، بەهۆی نادروست بوونی رژێم بۆ بەهاناچوونی لێقەوماوانەوە، جۆرێك لە خۆبەڕیوەبەریان ئەزموون كردووە، خۆسەری دێمۆكراتیك تەنیا رێگەچارەیەك نییە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران، بەڵكو گونجاوترین و چارەسەر كردنی بنەڕەتی پرسە جیاوازییەكانی كۆمەڵگای فرەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕواست و بەشێك لە شوێنەكانی دیكەی دنیاش، هەمان مۆدێلە.

خۆبەڕێوەبەریی دێمۆكراتیك سیستەمی خۆسەرییە كە دەبێ خۆی لەگەڵ كۆمەڵگاكاندا بگونجێنێت و وەڵام بە پرسەكانی ئەو شوێنانە بداتەوە، رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەتوانێ شێوازی خۆسەری دێمۆكراتیكی خۆی هەبێت.

هاوڵاتی: دۆخی ئابوری لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تا چەند كاریگەری هەبووە لەوەی بەشێك لەخەڵكی ڕۆژهەڵات خزمەت بەدەزگاكانی ئێران بكەن و كێشە بۆ ڕێكخستنەكانی حزبە كوردیەكان دروستبكەن؟

جوامێر مارابی: پرسی برسی راگرتن، بێ خزمەتگوزاری هێشتنەوە و دواكەوتوو راگرتنی گەلانی بندەست لە لایەن هەر دەسەڵاتێكی دیكتاتۆرەوە، پەیڕەو دەكرێت، بۆ ئەوەی خەڵكەكە ناچار بە هاوكاری لەگەڵ خۆیان بكەن.

لە هەموو بەشەكانی كوردستان ئەو پیلانە چەپەڵ و نامرۆڤانەیە بەڕێوەچووە و بەڕێوە دەچێت، لە پاڵ ئەو راستییە تاڵەدا و لە بەرامبەردا، ئاستی وشیاری گەلەكەمان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان، بە رادەیەك بەرزە، كە توانیویەتی هەموو پیلانەكانی رژێم پووچەڵ بكاتەوە، چونكە سەرەنجام مرۆڤ ناتوانێ بەبێ ئازاد ژیان و ژیانێكی بە كەرامەت و شەرافەتمەندانە ناوی مرۆڤ بوون لە خۆی بنێت، گەلی كوردیش لە مێژە و تایبەتی تر دوای دامەزراندنی تەڤگەری ئاپۆیی، بریاری داوە ژیانێك بەبێ ئازادی و بە كەرامەت لە سەر خاكی خۆی پەسەند نەكات و لە دژی تێكۆشان بكات

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار