بەغدادو تاران؛ لە گرێبەستی غاز تا بردنی نەوتی كەركوك

ئێران لەئێستادا ئاستی هەناردەی رۆژانەی غازی بۆ عێراق گەیاندووەتە 35 ملیۆن مەتر سێجا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەغدادو تاران بازرگانییەكانی وزەی نێوانیان بەرز دەكەنەوە ئاڵوگۆڕی نەوتی كەركوك و گرێبەستی فرۆشتنی غاز بەعێراق درێژ دەكرێتەوەو زیادكردنی بەرهەمهێنان لەكێڵگە هاوبەشەكانیاندا بەرز دەكرێتەوە.

ئێران و عێراق كە چەند كێڵگەی هاوبەشی نەوتیان لە سنوری رۆژئاوای روباری كارون لە باشوری ئێران هەیە بڕیاریان داوە بەرهەمهێنانەكانیان زیاد بكەن.

ئێران كە لە ساڵی 2016 و بە پێی دوو گرێبەست غاز بە عێراق دەفرۆشێت، لە پەراوێزی هەشتەمین كۆبونەوەی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) قسەیان لەسەر پێشخستن و زیادكردنی بەرهەمهێنان لە كێڵگە هاوبەشەكانیان كردوە و بە وتەی وەزیری نەوتی ئێران بەغداد و تاران رێككەوتن بۆ ئەوەی هەنگاوەكانیان لە بواری نەوت و غازدا پێش بخەن.

ئەگەرچی ئێران نوێكردنەوەی سەرجەم گرێبەستەكانی فرۆشی غازی بە عێراق پەیوەست كردوە بە دانەوەی قەرزەكان، بەڵام بەرپرسانی هەردولا دانیان بەوەدا ناوە هیچ قەرزێكی غاز نەماوە تەنها بەهۆی سزاكانی ئەمریكا ناتوانرێت مامەڵە بەو پارانەوە بكرێت كە عێراق وەك پێدانەوەی قەرزەكانی خستویەتیە سەر ئەژمارێكی بانكی ئێران لە بانكی بازرگانیی عێراق.

 

گرێبەستەكانی ئێران و عێراق لەكەركوكەوە تا ئیلام

لە ساڵی 2013 لە بەغداد و ساڵی 2016 لە بەسڕە دوو گرێبەستی كڕینی غاز لە ئێران لە نێوان تاران و بەغدا كراوە كە بە پێی گرێبەستەكەی بەسڕە كە بۆ ماوەی شەش ساڵە، رۆژانە 35 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە رەوانەی عێراق دەكرێت، بەڵام هەر بە پێی ئەو گرێبەستە لە وەرزی سەرمادا هەناردەی رۆژانەی غازەكە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا كەم دەكات.

گرێبەستی بەغداد كە ساڵی 2013 واژۆ كراوە لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستانە غاز هەناردەی بەغدادی پایتەختی عێراق دەكرێت.

تەنها لە ساڵی 2022 ئێران 17 ملیار مەتر سێجا غازی بە عێراق فرۆشتوە، بە وتەی بەرپرسانی ئێران لە ئێستادا ئاستی هەناردەی رۆژانەی غاز بۆ عێراق 35 ملیۆن مەتر سێجایە كە پارەكەشی مانگانە دەخرێتە سەر ئەژمارێكی بانكی بۆ ئێران.

ژوری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق ئاشكرای كردوە جگە لە گرێبەستەكانی غاز ئامادەكاریی كراوە بۆ گرێبەستێكی پیشەسازیی غاز لەگەڵ تاران كە داهاتەكەی بۆ ئێران دەبێتە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار و كەمبونەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق قەرەبو دەكرێتەوە.

ئەو هەنگاوەی ئێران لە كاتێكدایە وڵاتی فەڕەنسا گرێبەستێكی پیشەسازیی بواری غازی لەگەڵ عێراق كردوە كە بەهاكەی 27 ملیار دۆلارە، بەڵام بەرپرسانی تاران بانگەشەی ئەوەیان كردوە كە دەتوانن لەو بوارەدا هاوكارییە پیشەسازییەكانی غازیان تا 50 ملیار دۆلار لەگەل عێراق.

یەكێتی هەناردەكانی نەوت و غازی ئێران رایگەیاندوە قۆناغی ئاڵوگۆڕی نەوتی كەركوك دەستی پێكردوە و لەو چوارچێوەیەشدا رۆژانە 80 تەنكەر نەوتی خاو لە كەركوكەوە رەوانەی سنورەكانی ئێران دەكرێت و بڕیارە لە بەرامبەردا ئێران لە روی پیشەسازیی بواری غازی شلەوە هاوكاریی عێراق بكات.

لە ساڵی 2016 دوای كۆنتڕۆڵی كەركوك لە لاین حەشدی شەعبی-یەوە هەناردەكردنی نەوتی خاوی كەركوك رەوانەی ئێران كراو و لە بەرامبەردا بەنزین لەو وڵاتەوە رەوانەی شارەكانی عێراق كراوە بەڵام وردەكارییەكانی ئەو ئاڵگۆڕەی نەوتی كەركوك كە بە سیستمی (SWAP) ناو دەهێنرێت رون نییە، بەڵام چەند جارێك رەوانەكردنی نەوتی خاو بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی توركیا راگیراوە.

 

كەچەڵ تیماری سەر خۆی پێناكرێت

پێشتر جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە لێدوانێكدا لە بەغداد بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیانبدو رێككەوتنێك لە نێوان تاران و بەغداد واژۆ كراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو كێلگە غازی و نەوتانەی كە لە نێوان دوو وڵاتەكەدا بە هاوبەشی بەڕێوەدەچن.

وەزیری نەوتی ئێران وتویەتی: لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا جگە لە دروستكردنی هێڵی بۆڕی نەوت و غاز لە نێوان دوو وڵاتەكەدا، ئێران كار دەكات بۆ نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك لە پاڵاوگەكانی عێراق.

بەهۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەر غاز و نەبونی بودجە بۆ چاكسازیی لە سیستمی بەرهەمهێنان و بەكارهێناندا، ئێران روبەڕوی قەیرانی غاز دەبێتەوە و بەڵگەكانیش ئاشكرای دەكەن ئەگەر ئەو وڵاتە چاكسازیی نەكات ناچارە غاز هاوردە بكات.

بە پێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی كە گروپێكی هاككەر لە پێگەی ئەلیكترۆنی سەرۆكایەتی كۆماری لە ئێران دزەیان پێكردوە، نۆژەنكردنەوە ئامێرەكانی كێلگە و پاڵاوگەكانی نەوت و غازی وڵاتەكە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیار دۆلار هەیە و هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێكە بەرهەمهێنانی غاز زیادی نەكردوە.

لەو بەڵگانەدا دەركەوتوە؛ ناهاوسەنگیی لە بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی غازی رۆژانە لە ئێران گەیشتوەتە 350 ملیۆن مەترسێجا و ئەگەر تا سێ ساڵی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەرز نەكرێتەوە و چاكسازیی لە شێوازی بەكارهێنانی ئەو سوتەمەنییەدا نەكرێت، وڵاتەكە ناچارە غاز لە دەرەوە هاوردە بكات.

غاز سەرچاوەیەكی سەرەكی سوتەمەنیی بزوێنەری كارگە و ئۆتۆمبێلەكانە لە ئێران و زۆرینەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش بە مەبەستی گرمكردنەوە لە وەرزی زستاندا سودی لێوەردەگرن.

بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگانە لە كاتێكدایە ئێران خاوەنی 44 تریلیۆن سێجا غازە و وەك دووەم وڵات دوای روسیا  ئەژمار دەكرێت كە خاوەنی 21%ی یەدەگی غازی جیهانە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار