زانكۆی گەرمیان؛ لەلایەن عێراقەوە دانی پێدا نەنراوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
زانكۆی گەرمیان بەهۆی ئەوەی كە باوەڕپێكراو نیە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دانیپێدا نەنراوە وای كردوە گرفت بۆ سەدان دەرچووی ئەو زانكۆیە دروست بكات، لە ڕوی دامەزراندن و داواكاری بۆ خوێندنی باڵای ماستەر و دكتۆرا.
لە ئێستادا ژمارەیەك دەرچووی زانكۆی گەرمیان دەرفەتی دامەزراندنیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەدەست دەرچووە، كە دانیشتوی ناوچە كێشەلەسەرەكان بە هۆی ئەوەی زانكۆی گەرمیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دانپێنراو نییە.
دەرچوان نیگەرانن لەوەی كە ئەوان دەبنە قوربانی نێوان سیاسەتی حكومەتی هەرێم و عێراق و باس لەوە دەكەن گەر زانكۆیەك دانیپێدا نەنراوە بۆ خوێندكار وەردەگرێت.
زانكۆی گەرمیان لە هەشت كۆلێژ پێك هاتووە سێ كۆلێژی لە قەزای خانەقین دروست كراوە و ئەمەش یەكێكە لەهۆكارە سەرەكیەكانی ئەم كێشەیە و نزیكەی هەزارو 200 خوێندكاری هەیە.
حكومەتی عێراق لە ماوەی رابردوو بڕیاریدا بەدامەزراندنی سەرجەم ئەو دەرچوانەی زانكۆ كە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٢١دا لە كۆلێژ و بەشەكانیان دا یەكەم بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی زانكۆی گەرمیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دانپێنراو نیە، ئەو دەرچوانەی زانكۆكە كە نفوسیان لە ناوچە جێناكۆكەكانە، بێبەش بون لە دامەزراندن.
راژان ماجد، دەرچووی زانكۆی گەرمیان لە كۆلێجی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەكانی خانەقین تەمەنی 27 ساڵە و لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە ژمارەیان ١٥٢ دەرچووە كە یەكەمی كولێژەكانی خانەقین و دەرچووی ساڵانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٢ن ، وتیشی:» بڕیاربوو كە ئێمەش ئەو دامەزراندنە بمانگرێتەوەو فۆرمان پڕكردنەوە، بەڵام دواتر فۆرمەكانمان ڕەت كرایەوە و ئەو دامەزراندنە حكومەتی عێراق ئێمەی نەگرتەوە».
«ئێمە بوینەتە قوربانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق سەردانی زۆر شوێنمان كردوە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە ئەوەی بەئێمەی دەڵێن حكومەتی عێراق دەڵێن نابێت زانكۆ هەبێت لە نێو دوو پارێزگای جیاوازدا واتا نابێت كولێژی هەبێت لەخانەقین ئەمە هۆكارێكی سەرەكی كێشەكەیە».
راژان پێشیوابوو كە هەموویان پێویستیان بە دامەزراندنە دوای چوار ساڵ لەچاوەڕوانی و هیچ هەوڵێكی جدی نابینن لەسەر ئاستی زانكۆی گەرمیان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكەیان كە دانبنرێت بە زانكۆكەیاندا تا سودمەندبن لە دامەزراندنی كەرتی گشتی.
هەروەها نیان ئەحمەد، یەكێكی دیكەیە لە دەرچوانی زانكۆی گەرمیان لە قەزای كەلار، بۆ هاوڵاتی وتی،» دوو ساڵە بۆ خوێندنی ماستەر داواكاری پێشكەش دەكەم لە پارێزگای سەلاحەدین و كەركوك بەڵام بەهۆی ئەوەی كە زانكۆی گەرمیان دانپێنراو نیە فورمی پێشكەش كردنەكەم ڕەت دەكرێتەوە».
ئەوەشی وت «ئەگەر زانكۆی گەرمیان دانپێنراو نیە هەر لەسەرتاوە ژیانی ئەوەندە خوێندكار نەسوتێنن و بۆ زانكۆ دەكەنەوە ئەوتا ئێمە نە دەتوانین بخوێنین نە دامەزراندنیش دەمانگرێتەوە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق وەك ئەوە وایە ئەو چوار ساڵە بەبەلاش چووبێت».
«زانكۆی گەرمیان نەك لەعێراق بەڵكو لەهەندێ لە وڵاتانی دیكەشدا باوەڕپێكراو نیە و دەرچوانی ناتوانن بچن بۆ خوێندنی باڵا، پرسیاری توركیام كرد پێیان وتم ناتوانی بچیت بۆ خوێندن، چونكە زانكۆی گەرمیان باوەڕپێكراو نیە»، نیان ئەحمەد وای وت.
سەرۆكی زانكۆی گەرمیان دڵنیایی دەدات كە لەرێگەی فراكسیۆنی یەكێتی لەعێراق هەوڵیان داوەو هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد دەكەن بۆ چارەسەركردنی.
دكتۆر فەرهاد قادر، سەرۆكی زانكۆی گەرمیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ ئەم گرفتەی كە ڕوبەڕوی خوێندكارەكانمان بوەتەوە ئێمە لە ڕێگەی فراكسوێنی سەوزەوە هەوڵی جدیمان داوە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە و لەڕۆژانی داهاتوشدا وەفدێكمان بۆ ئەم بابەتە سەردانی بەغدا دەكەین».
هەروەها باسی لەوەشكرد كە چەند گرفتێك هەبوو بابەتی دانپێدانانی زانكۆی گەرمیان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە زۆرێك لە كێشەكانیان چارەسەركردووە تەنها ئەو كێشەیە ماوە كەسێ كۆلێژیان لە قەزای خانەقینە كەسەر بەدیالەیە لە هەوڵدان ئەو كێشەش چارەسەربكەن.
سەرۆكی زانكۆی گەرمیان پێشیوابوو كە «ئەمە بیانوە حكومەتی عێراق دەیگرێت»، وتیشی:» لەماوەی ڕابردو خوێندكاری ئێمە دامەزراوە لەناوچەكانی دیكەی عێراق و گرفتی نەبوە، بەڵام ئێستا ئەم گرفتەیان بۆ دروست كردووین، ئێمە لەهەوڵداین ئەم گرفتە چارەسەبكرێت».
لەبارەی ئەو دەرچوانەی زانكۆی گەرمیان كەدەیانەوێت بۆ ماستەر و دكتۆرا بخوێنن، سەرۆكی زانكۆی گەرمیان ئەوەی روونكردەوە كە ئەو گرفتە هەبوە بەهەمان شێوەی دامەزراندنەكان، بۆ دەرەوەی وڵاتیش لەهەندێ لەوڵاتان زانكۆكە دانپێدراو نیە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە مامەڵە لە ڕێگەی بەغداوە دەكەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان ئەوە دەخەنەروو كە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی زانكۆی گەرمیاندان.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێمە وەك وەزارەت لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەم گرفتەی زانكۆی گەرمیان چارەسەربكەین و لیژنەی تایبەت دانراوە بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێت «.
وتەبێژی خوێندنی باڵا بێ ئاگایی خۆی دەربری لەوەی كە لەسەرەتاوە چۆن سێ كۆلێژ لەخانەقین كراوەتەوە و كە سەر بەپارێزگای دیالەیە، وتیشی:» وەزارەتی خوێندنی باڵا هەمو هەوڵێك دەدات بۆ ئەم كێشەیە بەهیواین زوو چارەسەربكرێتخوێندكارە یەكەمەكان مافی دامەزراندنیان بۆ بگەڕێتەوە و ئەوانەشی دەیانەوێت بۆ ماستەر بخوێنن هەمان دەرفەتی زانكۆكانی دیكەیان هەبێت».