ڕیسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتەوە بە خوری
لەبری چاكسازی ناكۆكیەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە لەنێوان پارتی و یەكێتی توندتر دەبێتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا چەند ساڵێكە هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی هێزەكانیان یەكبخەنەوە، جگە لەوەش مانگانە هاوكاری دارایی وەزارەتەكە دەكات و مەشقیش بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكات.
سەرەتای كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەوەزارەتی پێشمەرگە ئەوكاتە دەستیپێكرد، كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نەدا لەسەر پلە بەرزكردنەوەی لیوا بەختیار محەمەد ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە كە تازە لەو پۆستەدا دەستبەكاربووە.
بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی و ئەو زانیاریانەی لەچەند سەرچاوەیەكی وەزارەتی پێشمەرگە دەستیكەوتوون، كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە تادێت توندتر دەبێتەوە، یەكێك لەهۆكارەكانیش ئاڵۆزبوونی پەیوەندیە سیاسیەكانی نێوان هەردوو حزبە.
پێشتر پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەنێوان پارتی ویەكێتی پەنجا بە پەنجا لەنێوان هەردوولادا دابەشكرابوون، بەڵام لەنوێترین پێشهاتدا پارتی دەیەوێت %57 ی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەدەستی خۆیدا بێت و %43 ی بداتە یەكێتی، ئەمەش تیمی یەكێتی توڕەكردووە.
بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی "كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە توندبووەتەوە، تەنانەت گەیشتووەتە لێكترازان و پەیوەست نەبوون بە بڕیاری یەكترەوە، بەشێوەیەك ئەگەری كشانەوەی تیمی یەكێتی هەیە لە وەزارەتەكە".
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، وەزارەتی پێشمەرگە لە (41) یەكەو پۆست پێكهاتووەو بەرێژەی (50% بە 50%) دابەشبووە، بەڵام لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو دەستبەكاربوونی بریكاری نوێی وەزارەتی پێشمەرگە پۆستەكان گۆرانكارییان بەسەردا دێت.
بەپێی زانیاریەكان تیمی پارتی بڕیاریانداوە پۆستەكان دابەشبكرێتەوە بۆ (57%) بۆ پارتی و (43%) بۆ یەكێتی، لە چەند رۆژی رابردووشدا چەندین بڕیار لەوبارەیەوە دەكراوەو بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئەو گۆرانكارییانە لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی لەوەزارەتی پێشمەرگە رەتكراونەتەوە.
ناكۆكیەكان ئێستا چیتر بەنهێنی نەماونەتەوە وئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەو بەرێوەبەری میرەی گشتی و ئیدارەی ئەفسەران بە نوسراو رایانگەیاند ئەو گۆڕانكارییانە بە بێ رەزامەندی ئەوان تێپەڕێندراوەو ناهاوسەنگە بۆیە پابەند نابن پێیەوە.
بە پێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، پارتی دەیەوێت چەند پۆستێك لە یەكێتی وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە (57%) بە (43%) بۆیە نزیكەی چوار پۆست لە بەرپرسانی یەكێتی وەردەگرێـتەوە.
هەربەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی هەفتەی رابردوو تیمی یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی و بەرپرسانی یەكێتی كۆبوونەتەوەو گفتوگۆیان لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە كردووە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە تیمی یەكێتیان لە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندووە، ئەگەر پارتی سوور بێت لەسەر گۆڕانكارییەكان، ئەوا تیمی یەكێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكشێتەوە.
هاوڵاتی زانیویەتی ئەم گۆڕانكاری و پێشهاتانەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە گەیەندراوەتە هاوپەیمانان، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند جارێك دەمەقاڵە لەنێوان بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لەوەزارەتی پێشمەرگە دروستبووە.
سەرچاوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد بەهۆی ئەو ناكۆكیانەوە هاوپەیمانان بێهیوا بوون لەوەی چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت و دوا هۆشدارییان داوەتە پارتی و یەكێتی.
ناكۆكی و گۆڕانكارییەكان لە كاتێكدایە لە مانگی ئابی 2022 ەوە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەستلەكاركێشانەوەی ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە، دواتر یەكێتی كاندیدی بۆ پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە پێشكەشكرد و ئاراستەی پەرلەمانكرا، بەڵام دواتر گرژیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ئەو پرۆسەیەی پەكخست و لە ئێستاشدا وەزارەتی پێشمەرگە بێ وەزیرە.
بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، چەند جارێك هاوپەیمانان هەوڵی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگەیانداوە، بەڵام لەدوای كۆبوونەوەی تیمی هاوپەیمانان لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند بە وەكالەت پۆستی وەزیری پێشمەرگە پڕدەكەنەوە، بەو واتایەی رازی نین بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە و دەیانەوێت لەلایەن وەزیرێكی تری یەكێتیەوە بە وەكالەت بەڕێوەببرێت هاوشێوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كە لەلایەن پارتییەوە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێت.
بۆ وەرگرتنی ڕای وەزارەتی پێشمەرگە، هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی وەزارەتەكە لەپشكی پارتی و یەكێتی كرد بەڵام هیچ یەكێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە قسە بكەن.