ئەو شوێنانەی موەلیدەی ئەهلییان نەماوە نرخی كارەبایان لەسەر زیادكراوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

حكومەتی هەرێم تەنها نرخی كارەبای ماڵانی زیادنەكردووە، بەڵكو لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا شەش هێندە نرخی كارەبای بازرگانی و پیشەسازیشی زیادكردووە.

لەساڵی 2018 واتە پێنج ساڵ لەمەوبەر ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: چاوەڕوانی ئەوە بووین حكومەتی هەرێم لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو بووژاندنەوەو بەهێزكردنی كەرتی تایبەتدا چاو لەحكومەتی ناوەندی عێراق بكات كەنرخی یەكەی كارەبای لە 40% بۆ كارگە پیشەسازییەكان كەمكردووەتەوە.

هەر لەڕاگەیەندراوەكەدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەشڵێت: وەزارەتی كارەبای حكومەتی عێراق نرخی یەك كیلۆوات كارەبای لەسەر كارگە پیشەسازییەكان لە 100 دینارەوە كەمكردووەتەوە بۆ 60 دینار، بەڵام لەبەرامبەردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان نرخی كارەبای بەڕێژەی 500% لەسەر كارگە پیشەسازییەكان بەرزكردووەتەوە، كەنرخی كارەبای بۆ یەك كیلۆوات لە 20 دینارەوە بەرزكردووەتەوە بۆ 120 دینار.

ئەو راگەیەندراوەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ پێنج ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام نەك هەر گوێ لەداواكارییەكەیان نەگیراوە، نرخی كارەبا بۆ هەر كیلۆواتێك بەرزتركراوەتەوەو كراوە بە 156 دینار.

عەباس محەمەد، خاوەن دوكانە لەبازاڕی سلێمانی، بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد جگە لەوەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پارەی كارەبایان چەند هێندە لەسەر زیادبووە، ئێستاش بۆیان كراوە بەپریپەیدو دەبێت كارتی تێبكەن ئەوكات كارەبایان كاردەكات، بەڵام هێشتا نازانن پریپەیدەكەش وەك پێشتر كارەبایان زۆر بۆ دێتەوە یاخود نا.

هاوڵاتی قسەی لەگەڵ چەند كەسێكیش كرد، ئەوان باس لەوەدەكەن كارەبای ماڵەكانیان وەكو پێشتر پارەیان بۆ نایەتەوە بەڵكو زیاتریان بۆ دێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پێوەری زیرەك كەوتووەتەكار، بەڵام وتەبێژی كارەبای سلێمانی رەتیدەكاتەوە كارەبای ماڵان پارەكەی زیادبووبێت.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد جگە لەچەند پڕۆژەیەك كە كوالێتییان بەرزەو نرخەكەیان زیادكراوە، هیچ پڕۆژەیەكی دیكە نرخەكەی زیادنەكراوە كەئەوانیش پێنج پڕۆژەن لەسلێمانی كە بۆ هەر كیلۆواتێك نرخی كارەبا بۆیان بووەتە 156 دینار كەپێشتر 130 دیناربوو.

هەروەها وتیشی:» نرخی كارەبای بازرگانی هەروەكو خۆیەتی و بۆ كیلۆواتێك 156 دینارەو لە2021 ەوە نرخی كارەبا دەستكاری نەكراوە».

سەبارەت بەكارەبای ماڵانیش وتەبێژی كارەبای سلێمانی وتی: بۆ هەر كیلۆواتێك 18 دینارە بەڵام بۆ بەكارهێنانی كارەبا زیاتر بێت لە 450 كیلۆوات نرخەكەی دەبێتە دوو هێندە.

لەساڵی 2015 نرخی كیلۆواتێك كارەبای بازرگانی و پیشەسازی 25 دیناربوو، پاشان بەبڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە 1-1-2017 نرخەكەی كرایە 130 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك، جگە لەوەی هاوبەشە حكومییەكان نرخی یەك كیلۆواتیان بۆ كرایە 150 دینار.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی زیادكردنی نرخی كارەباوە ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەو شوێنانەی كارەبای موەلیدەان نەماوە نرخی كارەبایان لەسەر زیادكراوە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «نرخی كارەبا زیادنەكراوە، ئێستا كارەبا هەمان نرخی پێشووی هەیە كەهەر كیلۆواتێك 18 دینارەو بەپێی خەرجكردن زیاد دەبێت.»

وتیشی: «ئەوەی هەیە تەنیا زیادكردنی نرخی كارەبای سیستییەكانە ئەوانەی پێیاندەوترێت (High Cost) كە بووەتە 156 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك، ئەوەش بەهۆی ئەوەی موەلیدەیان نەماوەو تەنیا پارەی یەك كرێی كارەبا دەدەن لەبری ئەوەی دوو كرێ بدەن موەلیدەو كارەبای نیشتمانی.»

ئەوەش لەكاتێكدایە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەپۆستێكدا لە فەیسبووك نووسیویەتی: «پێشتر نرخی كارەبا لە 18 دینارەوە دەستیپێدەكرد، ئێستا دەبێتە 60 دینار سیتییەكان دەكرێتە 24 كاتژمێری و تەساعودیش نییە!! لەسلێمانی 156 دینارو لەهەولێر 175 دینار، ئەمە بارگرانییەكی ئێجگار گەورەیە، من دژی زیادەڕۆییم، بەڵام ئەم زیادكردنە بەم بڕە زۆر خراپە خەڵك توانای نییە».

عەلی حەمەساڵح لەگەڵ پۆستەكەیدا، نووسراوێكی وەزارەتی كارەبای بڵاوكردووەتەوە، كە لە 4-6-2023 دەرچووە و بەپێی رێنماییەك نرخی كارەبا زیاد بووە.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت ئەو نووسراوەی بڵاوكراوەتەوە پەیوەندی بەپێشنیازێكەوە هەبووە بۆ نرخی كارەبا، بەڵام پێشنیازەكە پەسندنەكراوەو كاری پێنەكراوە، بۆیە نرخی كارەبا وەكو خۆیەتی.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەژمارە 306ــی رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان، رۆژنامەی فەرمی هەرێمی كوردستان كە رۆژی 14ـی مانگی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، رێنمایی ژمارەی یەكی ساڵی 2023 بڵاوكراوەتەوە، كەهەمواری یەكەمی رێنمایی ژمارە دووی ساڵی 2021، رێنمایی و مەرجەكانی پێدانی وزەی كارەبایەو لە رۆژی چواری مانگی رابردوو وەزارەت دەریكردووە.

لە رێنماییەكەدا هاتووە: «بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لەیاسای وەزارەتی كارەبای ژمارە شەشـی ساڵی 2021ـی هەمواركراو بەپێی نووسراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیران ژمارە 765 لە 30-5-2023 و پەسەندی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بەنووسراوی ژمارە 2254 لە 31-5-2023 بڕیارماندا بە:

زیادكردنی بڕگەیەك بۆ خشتەی ژمارە پێنجـی تایبەت بەنرخەكانی یەكەی كارەبا لە رێنمایی و مەرجەكانی پێدانی وزەی كارەبا ژمارە دووی ساڵی 2021 بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:

-نرخی كارەبای كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە 156 دینار بۆ یەك كاتژمێر.

ئەم رێنماییە لە رۆژی 1-6-2023 جێبەجێ دەكرێت و لەڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

 پێشتر كەمال محەممەد، وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان لەبارەی نرخی كارەبا، رایگەیاندبوو: «نرخی 156 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك بە بەراورد لەگەڵ كرێی ساڵی رابردووی هەمان هاوبەش بەدوو سەرچاوەی كارەباوە، 90 هەزار دینار كەمتر لەسەری دەوەستێت و كارەبایەكی 24 كاتژمێریش دەبێت.»

 باسی لەوەشكردبوو « ماوەی دوو ساڵە كار لەسەر پڕۆژەی پریپەید دەكەین و بەهۆی سیستەمەكەوە كارەبای بەردەوام بۆ هەندێك شوێن لەپارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دابینكراوە، بەهۆیەوە هاووڵاتی تەنیا یەك گوژمە كرێی كارەبا دەدات، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 185 موەلیدەی گەورەی یەك تا دوو مێگاواتی بەهۆی پرۆژەی پریپەیدەوە لەكار وەستاون».

 ساڵی 2021 وەزارەتی كارەبا رێنمایی ژمارە دووی تایبەت بەكارەبای دەركرد، بەپێی خشتەی پێنجەمی رێنمایی ژمارە دووی ساڵی 2021ـی وەزارەتی كارەبا كە لەڕۆژی 24ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2021 لەڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، كرێی كارەبا بەمجۆرە دیاریكراوە:

-ماڵان:

خەرجكردنی لەماوەی مانگێك:

یەك بۆ 450 كیلۆوات: 18 دینار

- 451 بۆ 900 كیلۆوات: 24 دینار

- 901 بۆ 1500 كیلۆوات: 42 دینار

- 1501 بۆ 2100 كیلۆوات: 72 دینار

- 2101 بۆ 3000 كیلۆوات: 90 دینار

- 3001 بۆ 5000 كیلۆوات: 180 دینار

- 5001 بەسەرەوە: 240 دینار

 - بازرگانی: 156 دینار بۆ هەر یەك كیلۆوات لەكاتژمێرێكدا.

-پیشەسازی:

خەرجكردنی لەماوەی مانگێك:

- 0.4 كیلۆڤۆڵت: 144 دینار

- 11 كیلۆڤۆڵت: 120 دینار

- 33 كیلۆڤۆڵت: 120 دینار

- 132 كیلۆڤۆڵت: 120 دینار

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار