دهۆك چاوەڕێی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەكات

جەمال كۆچەر: هیچ جارێك بەتەواوەتی بودجەی پەرەپێدان بۆ دهۆك دابین نەكراوەو غەدری لێكراوە 

یەک ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز 

ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم چاوەڕێی خەرجكردنی بودجەی پەرەپێدان و پتڕۆدولار دەكەن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، ئەم ساڵ ئیدارەی پارێزگای دهۆك 236 پرۆژەیان پێشكەشی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم كردووە تا دەست بەجێبەجێكردنی بكرێت.

سێ جۆر بودجە هەیە بۆ پارێزگاكان، پەرەپێدانی پارێزگا، پترۆدۆلار، گشتی ، ئەم سێ بودجەیە لە 2014وە نەدراوە بەپارێزگاكانی هەرێم.

عەبدولسەمەد تێلی ، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی ی وت: " پرۆژەكان راستەوخۆ لەپارێزگا رەوانەی وەزارەتەكان و ئەنجومەنی وەزیران دەكرێن، هەر لیژنەی پرۆژەكانمان نیە ئەگەر بودجە نەبێت چونكە پرۆژەكان دەنووسین و ئاراستەی حكومەت دەكەین ".

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان ئەوەشی دووپاتكردەوە كەهیچ ژمارەیەكی راست و وردیان لەبەردەست نیە بزانن رێژەی ئەو نەوتەی لەسنوری پارێزگای دهۆك دەردەهێنرێت چەندە،  وتیشی:" تەنها ئەوە دەزانین نیوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەپارێزگای دهۆكە، بەڵام ئێمە نازانین چەند بەرمیلە تابڵێین بەشی پارێزگای دهۆك لەبودجەی پەتڕۆدۆلار چەند دەبێت، حكومەتی عێراق بۆ هەر بەرمیلێك پێنج دۆلاری داناوە وەكو بودجەی پەتڕۆدۆلار، بەڵام مادەم نازانین چەند بەرمیلە بودجەكەشی نازانین ".

جەمال كۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلیژنەی دارایی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "بودجەی پەتڕۆدۆلار هیچ پەیوەندی بەژمارەی دانیشتوان نیە، بەڵكو پەیوەیستە بەڕێژەی نەوت هەر بەرمیلیك پێنج دۆلاری بۆ دیاریكراوە".

ئەوەشی باسكرد نازانرێت هەرێمی كوردستان بودجەی پەتڕۆدۆلاری هەیە یان نا، خۆی دەیدات بەپارێزگاكان، یان عێراق راستەوخۆ دەیداتە پارێزگاكانی هەرێم.

بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان نزیكەی چوار ترلیۆن دینارە لەعێراقدا، كە رێژەی دانیشتوان 20%ی هەژارە بۆیە ئەو بڕە بودجەیە تەرخان كراوە.

بۆ هەرێمی كوردستان رێژەی هەژاری بەگشتی 7%ە، لەسەر ئەو بنەمایە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی بۆ رەوانە دەكرێت.

"پارێزگای دهۆك هیچ جارێك بەشە بۆدجەی خۆی لە پەتڕودولارو پەرەپێدان و هەموو بودجەكان بەشی خۆی كەمتر وەرگرتووەو هەمیشە مەغدور بووە، كەس لەحساباتی بودجەی عێراقدا نیە، واتە هەموو تاكێكی عێراق بودجەی نیە، لەبیرش نەكەین بەشی زۆری بودجەی عێراق بۆ مووچەخۆران دەڕوات كە 74 ترلیۆن دینارە، ئەوەی تر بۆ پرۆژەو خزمەتگوزاری گشتییە، لەوانەیە هەر فەرمانبەر سوود لێیوەربگرێت، واتە زۆرینەی بودجەی عێراق هەر فەرمانبەر سوود لێیوەردەگرێت " جەمال كوچەر وای وت.

ماجد سەید ساڵح ، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری تەكنیكی بەهاوڵاتی وت: " هەموو ساڵێك ئێمە پلانی خۆمان پێشكیەش دەكەین، بەڵام بەپێی پلانەكەمان پارەمان بۆ خەرجناكرێت، واتە پێداویستی ئێمە زیاترە لەو بڕە پارەیەی بۆمان دابیندەكرێت".

ماجد سەید ساڵح ئەوەشی روونكردەوە كەوەك پلان بۆ ئەمساڵ  236 پرۆژەیان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی  هەرێم كردووە  كەهەندێكیان پرۆژەی ساڵی رابردوون و تەواو نەكراون و پێویستیان بەپارەیە.

هاوكات پێشیوابوو ئەگەر 276 ملیار دینار  بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێم بێت، لەم بڕە پارەیە نزیكەی 53 ملیار دیناری بەر پارێزگای دهۆك دەكەوێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار