پڕۆژە راگیراوەكانی گەرمیان ژمارەیان لەوانە زیاترە کە جێبەجێكراون
یەک ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
لەسنوری ئیدارەی گەرمیان كاركردن لە66 پرۆژەدا راگیراوەو شەش پرۆژەیان بەتەواوی هەڵوەشاوەتەوە كە بەزۆری پرۆژەی خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردەو گەشتیارییە.
یەكێك لەگرنگترین ئەو پرۆژانەی كەهەڵوەشاوەتەوە پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی سەد قەرەوێڵەییە لەقەزای كەلار،
لەنێو ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون نزیكەی 70% دەكەوێتە قەزای كەلارەوەو بەشەكەی دیكە دەكەونە قەزای كفری و قەزای خانەقینەوە كە 15پرۆژەی شارەوانی گەرمیانی تێدایە كەڕاگیراون.
ئەمەش لەكاتێكدایە كەحكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت كە 160پرۆژە لەگەرمیان جێبەجێكراوەو ئیدارەی گەرمیانیش رایدەگەیەنێت پرۆژەكان نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و تەنها بڕیاری لەسەر دراوە.
دوو ساڵ پێش ئێستا لەسەردانێكیدا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ گەرمیان بڕیاری دەركرد بۆ جێبەجێكردنی 19پرۆژە بەهەمان شێوەی پرۆژەكانی دیكە تەنها بڕیارە و كرداری بەدوادا نەهاتووە.
چۆمان ئەحمەد، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكان لەئیدارەی گەرمیان بەهاوڵاتی وت:» لەسنوری گەرمیان 66 پرۆژەی راگیراوە و شەش پرۆژەیان گرێبەستی كاركردن تێیدا هەڵوەشاوەتەوە كەیەكێك لەو پرۆژانە پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی سەد قەرەوێڵەیی كەلارو راكێشانی ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكانی كفریە».
وتیشی:» ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون زیاتر پرۆژەی خزمەتگوزراین و پرۆژەی پەروەردەو بینای زانكۆو رێگەوبان و قیرتاوكردنی كۆڵان و شۆستەكان و پرۆژەی گەشتیارو تەندروستی و دروستكردنی بەنداوە كەپێویستەكی سەرەكین بۆ سنورەكە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كۆی تێچووی ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون نزیكەی 438 ملیار دینار دەبێت و 95 ملیار دیناری وەرگیراوە، زیاتر ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون لەسەر بوجەی وەبەرهێنانن، وتیشی:» ئێمەش وەك ئیدارەی گەرمیان هەمیشە داوامانكردووە كە ئەم پرۆژانە كاركردن تێدا دەستپێبكاتەوە، داهاتی گەرمیان هیچی لەگەرمیاندا خەرج ناكرێت دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی».
ئەوەشی وت،» ئەو 160پرۆژەیە هەمووی جەبەجێنەكراوە لەگەرمیاندا تەنها بڕیاری لەسەردراوە، بەهەمان شێوەی ئەو 19پرۆژەیەی كەسەرۆكی حكومەت بڕیاری لەسەرداوە، بەڵام هیچی نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە».
هاوكات بەرزان فایەق بەڕێوەبەری پرۆژەكان لەشارەوانیی گەرمیان بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون لەشارەوانییەكان 15پرۆژەیە، كە پێنج پرۆژەیان دەكەوێتە قەزای كەلارەوە، كە بەزۆری پرۆژەی قیرتاوو ئاوەڕۆو شۆستەكانن، بۆ نموونە یەكێك لەم پرۆژانەی كەلار كەڕاگیراوە پرۆژەی ئاوەڕۆو رێگاسازیە لەنێوان گەرەكی بنگردو گردە گزینەوەو دوو لەو پرۆژانە دەكەونە ناحیەی رزگارییەوە وەك پرۆژەی رێگاسازی گەڕەكەكانی ناحیەی رزگاری كەزۆربەی گەڕەكەكانی رزگاری دەگرێتەوە.
راشیگەیاند:» ئەو پرۆژانەی كە لەشارەوانییەكان راگیراوە لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەردراوەو لەسەر بوجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كە بەپترۆدۆلار ناسرابوو، تائێستاش هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەم پرۆژانە تەرخاننەكراوە كە پێداویستی خەڵكی ناوچەكەن».
ئەوەشی وت:» تێچووی پرۆژەكانی شارەوانی گەرمیان 62 ملیۆن دۆلار دەبێت، راگرتنی ئەم پرۆژانە زیاتر پەیوەندی بەقەیرانی داراییەوە هەیە».
ئیدارەی گەرمیان: لە سنووری گەرمیان ٦٦ پڕۆژەی ڕاگیراوەو شەش پڕۆژەیان گرێبەستی کارکردن تێیدا هەڵوەشاوەتەوە
چالاكوانێكی مەدەنی دەڵێت:» گەرمیان پشتگوێخراوە لەهەموو روویەكەوە، هۆكاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەحزب دەستی خستووەتە نێو هەموو كارەكانی حكومەتەوە».
ئەیاد محەمەد، چالاكی مەدەنی دەشڵێت:» لەگەرمیاندا چەندین پرۆژەی گرنگ هەیە كەپێویستە جێبەجێ بكرێن و كاری تێدابكرێتەوە وەك پرۆژەی رێگای كەلار- سلێمانی و چەند ڕۆژێك كاری تێدادەكرێت و دووبارە ڕادەگیرێتەوەو پرۆژەی بەنداوی باوەنورو كە پێویستی سەرەكی ناوچەكەیەو نەخۆشخانەی سەد قەرەوێڵەییەكەی كەلارە.
ئەیاد محەمەد»پێویستە بەرپرسانی گەرمیان و ئیدارەی گەرمیان روونكردنەوە بدەن ئایا راستە ئەو 160پرۆژە جێبەجێكراوە لەسنورەكە ئەگەر راست نیە بۆچی خەڵك چەواشە دەكەن ئەگریش وایە كوان پرۆژەكان ئێمە بۆ نایبینین ئەو هەموو بڕە پارە ئایا هاتووە بۆ گەرمیان چی لێهاتوە هەموو ئەمانە گومانن لای خەڵك پێویستە روونكردنەوەی لەسەربدرێت».