بەنزین بۆ پاس دەبێتە ٥٠٠ دینار و پاس و تەکسیە کۆنەکانییش پان دەکرێنەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
ڤانە باهیر
بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت پڕۆژەیەکمان هەیە کە نرخی لیترێک بەنزین بۆ پاسەکان لە سلێمانی بکرێت بە ٥٠٠ دینارو سەرجەم ئەو پاس و تەکسیانەش مۆدیلیان نزمە پان بکرێنەوە.
خراپی سیستەمی هاتوچۆ سەرنیشینانی بەهیلاک بردووە و بەڕێوبەری گشتی گواستنەوەی سلیمانیش دەڵێت پڕۆژەیکمان هەیە بۆ گۆڕینی سیستەمی نەفەرات بۆ سیستەمی کات و کەمکردنەوەی نرخی بەنزینیش بۆ ٥٠٠ دینار، دەشڵێت پانکردنەوەی تەکسی و پاسە مۆدیل کۆنەکانیش بەشێکن لە پرۆژەکە.
سەرەڕای بەرزی پلەکانی گەرما لەناو چەقی وەرزی هاویندا، هیچ چاودێریەک نییە بەسەر هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی بۆ داگیرساندنی فێنککەرەوەکان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەم کاتەدا بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو گەرما زۆرەی هاوین پاسەکان چەندین کاتژمێر سەرنشینەکان ڕادەگرن بەمەبەستی تەواوکردنی نەفەرەکانیان، کە هەندێک جار ڕێگای چارەکیک بۆ سەرنشینەکان دەکاتە زیاتر لە کاتژمێرێک.
سدیق محەمەد لەبارەی کێشەکانی سیستەمی گواستنەوە بە هاوڵاتی وت، ئێمە لەم دوو هەفتەیەی داهاتوودا لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تاوتوێی پڕۆژەیەک ئەکەین بۆ باشترکردنی گواستنەوەی سلێمانی، لەوانەش کەمکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ ٥٠٠ دینار بۆ پاسەکان و پانکردنەوەی پاس و تەکسیە کۆنەکان کە سیستەمی فێنککەرەوەیان تێدانیە و گۆڕینیان بە مۆدێلی سەروو ٢٠٠٠ بەجۆرێک سیستەمی گەرمی و ساردیان تێدابێت، هاوکات گۆڕینی سیستەمی نەفەرات بۆ سیستەمی کات کەئەمەش کاتێکی زۆر بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێنێتەوە.
لە ئێستادا بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی سلێمانی “ هەزار و ٦٠٠ پاس” لە ناو پارێزگای سلێمانیە کە دابەشبوون بەسەر ٢٥ هێڵدا، لەناو ئەم پاسانەشدا نزیکەی چوارسەد و پەنجا پاسیان مۆدیلیان لەخوار دوو هەزارەوەیە.
ئەم پڕۆژەیەی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی لەکاتێکدایە کە نزیکەی “ پێنج ساڵ” لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان چەند ڕێگا چارەیەک و پڕۆژەیەکیان خستە ڕوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی کە لە سیستەمی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمدا هەیە، بەڵام دۆخەکە دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ هێشتا وەک خۆیەتی.
یەکێک لە سەرنسینەکان کە لولەی مومەبەریدەکەی خستۆتە سەر سەری خۆی دەڵێت" کەی ڕەوایە ڕێگاکەم کە تەنها " پینج خولەکە" کەچی من وا کاتژمێرێکە لەم گەرمایە دانیشتووم"، هەروەها وتیشی خۆ ناکرێت هەموورۆژیکیش بە تەکسی هاتوچۆ بکەم، ئەمە بارگرانیەکی زۆر و زەحمەتیەکی زۆرە.
شۆفێری پاسەکانیش دەڵێن، ئێمە بەو نرخە بەنزینەی کە پێمان دەفرۆشرێت ناتوانین فینککەرەوەکان دابگیرسێنین، ئەمە جگە لەوەی کە هەندیکمان پاسەکانمان زۆر کۆنن و هەر فێنککەروەشیان تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو تێچوویەکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبیلەکانمان لە ئەستۆی خۆمانە، سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانە برێکی زۆر باجمان لێ وەرئەگرن بۆ ژینگە و جادە و بان بەڵام هیچ سودێکیشی لێ نابینین و ڕیگاکان زیانێکی زۆرمان لێ ئەدەن.
هەرچی سەبارەت بە تەکسیەکانیشە، وەک هەیات سەعید کە شۆفێرێکی تەکسیە وەک خۆی دەڵێت ماوەی " دە" ساڵە ئەم کارە دەکات، دەڵێت" لە هاویندا کاری ئێمە کەمێک باشترە بەراورد بە وەرزەکانی دیکە، ئەمەش بەتایبەت لە کاتژمێرەکانی نێوان ١١-٣ پاش نیوەڕۆ، کە بەهۆی ئەو گەرما بەتینە و دانەگیرساندنی فێنککەروەکانی پاسەکانە"
هەیات سەعید ئاماژەش بەوە ئەکات کە زۆربوونی ژمارەی تەکسیەکان و کۆنتڕۆڵ نەکردنیان بەربەستیکی بۆتە بارگرانی بەسەر ئەو شۆفێرانەی کە ژیانیان تەنها لەسەر کاری تەکسیە، بە وتەی ئەو شۆفێرە لە ئێستدا تەنها لە سنوری سلێمانی سەروو " ٤٥" هەزار تەکسی هەیە، بەڵام بەڕێبوەرایەتی سلێمانی دەڵێت “٢٧” هەزور تەکسی هەیە لەپارێزگای سلێمانی و لەوانەش “حەڤدە هەزاریان” لەناو سەنتەری شاردا کار دەکەن.
ئەم گرفتانەی گواستنەوەی گشتی لەکاتیکدایە کە پێنج ساڵ لەمەوبەر، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی سلێمانی وتی، پاسی مۆدێل بەرز و وێستگەی مۆدێرن بۆ ناو شاری سلیمانی دابین ئەکەن تەنها لەماوەی دوو مانگدا، بەجۆرێک بەسەر شاری سلێمانیدا دابەش ئەکرێن کە لەشەوانیشدا بتوانن کار بکەن و کار ئاسانیش بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکرێت تێیدا، بەڵام تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە؛ لەم بارەیەوە سدیق ئەحمەد بەهاوڵاتی وت، لەبارەی ڕێکخستنەوەی کاتەکانەوە ئێمە بەهۆی قەیرانەکانەوە لەماوەی ڕابردوودا نەمانتوانیوە ئەو پرۆژانەی هەمانە جیبەجیی بکەین، وتیشت هێنانی پاسی مۆدێرن وتی ئەو پرۆژەیەی کە چەند ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ کۆمپانیای شار پرۆدەکەشن گەنگەشەماان کردبوو، نەمانتوانی بەهۆی داخرانی سنورەکان و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان بیانهینینە کوردستان.
سدیق محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد قەیرانەکان ئەوەندە زۆربووبون کە ئەگەر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی نەبوایە لەوانەیە دائیرەکەمان بەهۆی قەیرانەوە دابخراییە، وتیشی سوپاسی ئەکەین کە نرخی بەنزین و گاز و تێچووی دائیرەکەمانی دابینکردووە.
هاوڵاتی لەبارەی گۆڕانکاریەکان و کێشەکانی سیستەمی هاتوچۆ پەیوەندی کرد بە وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندنی هەرێمەوە بەڵام بەردەست نەبوو.