رۆژنامەنووسان داوای خانەنشینی دەكەن
22 ساڵە یاسای سندووقی خانەنشینی رۆژنامەنووسان دەرچووە تەنها 11 رۆژنامەنووس لێی سوودمەند بوون
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
لەساڵی 2001ەوە یاسای سندووقی خانەنشینی رۆژنامەنووسانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە، بەڵام تائێستا 11 رۆژنامەنووس لێی سودمەندبوون و وەزارەتی داراییش بێئاگایی خۆی لەسندوقەكە دەردەبڕێت.
د.سامان فەوزی، یاساناس و مامۆستای زانكۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: 2001 سەردەمی دوو ئیدارەی بوو ، بەڵام ئەو یاسایە تێپەڕێندراوە لەپەرلەمان و لەزۆر رووەوە پشتی بەستووە بەیاساكەی عێراق كە لەساڵی 1973 دەرچووە.
وتیشی: بەپێی یاساكە پێویستە سندووقێك دروستبكرێت، ئەو سندووقە لەسێ ئەندام پێكدێت، نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری - نوێنەری وەزارەتی دارایی - نوێنەری سەندیكا، پاشان كۆمەڵێك رێوشوێنی دیاریكردووە بۆ مەسەلەی خانەنشینی رۆژنامەنووسان.
وەك ئەو شارەزا یاساییە دەڵێت: رۆژنامەنووسێكی زۆر هەیە كە لەكەرتی تایبەت كاردەكەن، مادام دەیانەوێت میدیا ببێتە دەسەڵاتی چوارەم مافی خۆیانە كە خانەنشین بن دوای ماوەیەك لەوەی كەئەركەكانیان بەشێوەی كرداری ئەنجامداوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی لەكاتێكدا یاساكە لە 2001 دەرچووە، بەڵام سندووقەكە لەساڵی 2009 راگەیەنراوە، تەنها 11 رۆژنامەنووس سوودی لەو خانەنشینیە وەرگرتووە، لە 2014 بەبیانووی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی سندوقەكە راگیراوە، بڕی ئەو خانەنشینیەش كەڕۆژنامەنووسەكان وەریانگرتووە 108 هەزار دینارە.
بەوتەی سامان فەوزی لەعێراق هەرچەندە یاساكە لەساڵی 1979 دەرچووە بەڵام لە ساڵی 2011 هەموار كراوەتەوەو چەند مافێكی داوە بەڕۆژنامەنووسان لەوانەش، بۆ نموونە رۆژنامەنووسێك شەهید بوایە خێزانەكەی بڕی 750 هەزار دیناری بۆ دەبڕایەوە، ئەگەر رۆژنامەنووسێك برینداربێت 500 هەزار دیناری بۆ دەبڕدرێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەوە بكرێت بەمەرج ببێتە ئەندام لەسەندیكای رۆژنامەنووسان.
«لەیاسای خانەنشینی هەرێمی كوردستاندا ئەوە كراوەتە مەرج كەدەبێت ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسان بێت، ئەمەش هەڵەیەكە لەیاساكەی كوردستاندا هەیە.
«ئەگەر باوەڕمان بەجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەبێت دەكرێت رۆژنامەنووسان پێویستیان بەحكومەت نەبێت خۆیان خانەنشین ببن، لەكاركردن بوێرترو ئازادانەتر بن، لەئێستادا جێبەجێكردنی ئەو یاسایە وەستێنراوە، كاتی ئەوە هاتووە بەجددی بیری لێبكرێتەوە هەموواری هەندێ لەبڕگەو ماددەكانی بكرێتەوە». د.سامان فەوزی وای وت.
یاساناسێک: لە عێراق هەر ڕۆژنامەنوسێک خانەنشین بێت 750 هەزار دیانر وەردەگرێت
هاوكات بژار حەكیم، جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: سندوقی خانەنشینی رۆژنامەنووسان لەپەرلەمانی كوردستان بەژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠١ دەرچووە بەپێی ئەم یاسایە رۆژنامەنووس خانەنشین دەكرێت.
وتیشی: یاساكە ماف بۆ رۆژنامەنووس دەگەڕێنێتەوە كەساڵانی كاركردنی بەخزمەت بۆ هەژمار دەكرێت بۆئەوەی مافی لەبەرچاو بگیرێت و خانەنشین بكرێت، یاساكە لەو سەردەمەدا كە دەرچووە باش بووە، بەڵام زەمەنی ئێستا جیاوازەو پێویستە بەیاسا رێكبخرێتەوە.
بژار حەكیم دەشڵێت: كە یاساكە دەرچوو جێبەجێكراوەو سندوقی خانەنشینی و دەستەی بۆ دروست كرا، لەسەرەتاشدا سندوقەكە هاوكاری دارایی كراوە بۆ ئەوەی رۆژنامەنووس خانەنشین بكات، كە یاساكە دەرچووە جۆری دراو لەكوردستان پێی دەوترا دینار.
«رۆژنامەنووس ئەوكات بەمووچەی مانگانەی ٧٢٠ دیناری سویسری خانەنشین دەبوو، كە ئەوەش مووچەیەكی شایستەبووە، بەڵام دوای ئەوەی رژێمی عێراق كۆتاییهات مووچەی خانەنشینی رۆژنامەنووس بە ١٠٨ هەزار دیناری مانگانە دیاری كراوە، دیارە كە ئەم بڕە پارەیە زۆر كەمەو هیچ رۆژنامەنووسێك ناچێ بەم پارەیە خانەنشین بكرێت». بژار حەكیم وای وت.
جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد ساڵانێكی زۆرە ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ پەرلەمان یاساكە هەموار بكاتەوە.
بەوتەی بژار حەكیم، تائێستا بەپێی یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەنووسانی كوردستان ١١ رۆژنامەنووس لەسندوقەكەدا خانەنشین كراون بەمووچەی مانگانەی ١٠٨ هەزار دینار، بەڵام لەساڵی ٢٠١٥وە بەهۆی پشتیوانی نەكردنی سندوقەكە لەڕووی داراییەوە مووچەكان وەستێندراون.
جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان بەمافی ئاسایی هەر رۆژنامەنووسێكی دەزانێت كە ساڵانی كاركردنی لەمیدیا بەخزمەت بۆ هەژماربكرێت بەڵام بەمەرجێك ئەندامی سەندیكا بێت، باس لەوەشدەكات هەر رۆژنامەنووسێك كەدواتر لەفەرمانگەیەكی حكومی دادەمەزرێ دەتوانێت خزمەتەكەی بگوازێتەوە بۆ فەرمانگەكەی و بۆی هەژماربكرێت.
بەپێی ئەو ئامارەی دەست هاوڵاتی كەوتووە، لەساڵی 1991ەوە تائێستا هەزارو 200 رۆژنامەنووس خزمەتیان لەكاری میدیاییەوە گواستووەتەوە بۆ حكومەت واتە بوونەتە فەرمانبەر.
هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی وەزارەتی داراییەوە كرد، سەبارەت بەهۆكاری راوەستاندنی پاڵپشتی سندوقی خانەنشینی رۆژنامەنووسان پرسیاری لێكردن، بەڵام رەتیانكردەوە لەو بابەتە ئاگاداربن.
هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان زیاتر لەهەشت هەزار ئەندامی هەیە بەڵام لەساڵی 2022 دا تەنها ملیۆنێك و 800 هەزار دینار پارەی ئابوونە لەڕۆژنامەنوسان كۆكراوەتەوە.