کۆماری ئیسلامی ترسی لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینا هەیە
بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی پێشبینی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە یادی ژینادا دەکات
رێوڕەسمی جەماوەریی چلەی مەرگی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز
2 ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنێت ئەگەر لە یادی مەرگی ژینادا خۆپیشاندان دەست پێناکاتەوە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات شکست دەهێنێت.
مستەفا رۆستەمی، سەرۆکی ناوەندنی نوێنەرایەتیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند؛ بە پێی پێشبنییەکانی ئەو و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە، ئەگەر لە یەکەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا خۆپیشاندانەکان دوبارە نەبنەوە لایەنگرانی دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" بە تەواوەتی شکست دەهێنن.
بە وتەی ئەو دوژمنانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن لە یادی مەرگی ژینادا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکانەوە دەست پێبکەنەوە.
رۆستمەمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی بە کاری ئاژاوەگێڕانەوە و تێکدەرانە دژی کۆماری ئیسلامی ناو هێناوە و جەختی کردوەتەوە کە ئەگەر ناڕەزایەتییەکان لە یەکەم ساڵیادی مەرگی ژینا و سەرهەڵدانەکانی دوای مەرگی ئەو کچە دەست پێنەکەنەوە چیتر ناتوانن ناڕەزایەتیی دەربڕن چونکە لایەنگرانی ئەو خۆپیشاندانانە بە تەواوەتی شکست دەهێنن.
لێدوانی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە نزیکەی دوو مانگی ماوە بۆ یەکەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی کە دوای دەستبەسەرکردنی بە بیانوی نەگونجاوبونی باڵاپۆشیەکەی لە تارانی پایتەخت و دوای سێ رۆژ بێهۆشبون لە 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و ئەوەش ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێرانی لێکەوەتەوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش بۆ پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە گردبونەوە و خۆپیشاندان بەڕێوچو.

