ئاوات شێخ جەناب: لەمەودوا پرسیاری مووچە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەمو ئەو داخوازیانەی کە لەسەر هەرێم هەبوە جێبەجێ کراوە و بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە گەرمیان لە میانی کردنەوەی دەروازەی تیلەکۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەغدا داوای 100٪ـی داهاتی ناوخۆ دەکات، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت 50٪ بێت. باس لەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان داهاتی جارانی نەماوە و ناتوانێت مووچە دابین بکات، بۆیە بۆ مووچە دەبێت ئەو پرسیارە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.
ئەوەشی ڕونکردەوە کە "شاندی هەرێم جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەغدا و ئەوەی قسەی لەسەر دەکەن شتی تەکنیکییە، دەتوانم بڵێم هەمو ئەو داخوازیانەی کە لەسەر هەرێم هەبو بە وردیی جێبەجێکراوە و پێشتریش ئەوانە ئامادەکراون، بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکە لەگەڵ بەغدا بکرێت ئومێدەوارم ئەنجامەکان بەدڵی هەمو لایەک بێت، چونکە بەنیسبەت حکومەتی هەرێمەوە هیچ بیانویەک نەماوە کە لەئێمەی بگرن".
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان وتیشی، لە 2013ـەوە بەغدا گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەشی مووچە ناکات، چونکە چەند مانگێکە نەوت هەناردە نەکراوە.
هاوکات، بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-07-2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قسەکردن لەسەر بودجە، مووچە و پابەندییەکانی هەردوو حکومەت لە یاسای بودجە، سەردانی بەغدا بکات، بەڵام سەردانەکە هەڵوەشایەوە و رەنگە سبەی دووشەممە شاندەکە بچێتە بەغدا.