كورد لە 100 هەمین ساڵیادی لۆزاندا بێ ستراتیژو پەرتەوازەیە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تەنها ڕۆژێک  ماوە بۆ ساڵیادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان كەدژی كورد بەریتانیاو كەمالییەكانی توركیا رێككەوتن  كەپەیماننامەی سیڤەری هەڵوەشاندەوە، بەڵام كورد بەگشتی هەر چوار پارچەی كوردستان و بەتایبەت لەباشووری كوردستان بێ سترالتیژو پەرتەوازەیەو ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی قووڵتر بووەتەوە.

لەئێستادا باشووری كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان دوو كیانی سیاسییان هەیە كەهاووڵاتیانی باكورو رۆژهەڵاتی كوردستان تامەزرۆی خۆبەڕێوەبەری و یەكخستنی هەوڵەكانن بۆ ئەوەی لەهەر چوار پارچەی كوردستان كۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجامبدرێت.

 لەبەرامبەردا عێراق و سوریاو توركیاو ئێران خەریكی لەقاڵبدانی كوردن لەهەر چوار پارچەی كوردستان.

لەباشووری كوردستان هەرێم وزەی تەسلیمی بەغدا كردەوە كەیەكێك بوو لە چەكە بەهێزەكان بەدەست هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام بەهۆی خراپ ئیدارەدانی و نەگەیشتنی داهاتەكانی بۆ هاووڵاتیان نیگەرانی خەڵكی لێكەوتەوە.

سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاڤاو باكورو رۆژهەڵاتی كوردستان پشتیوانی كیانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام پارتی و یەكێتی بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانیانەوە كیانەكەیان كردووەتە مەترسییەوە.

چاودێرانی سیاسی و تەنانەت بەرپرسانی پارتی و یەكێتی ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەیەكڕیزی كورد دەستكەوتەكان دەپارێزێت، بەڵام لەبنەمادا وتەكانیان ناكەنە كردار.

وا لە 100 ساڵی تەواو بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەردەبێت، بەڵام كورد ستراتیژی بۆ ئایندەی دۆزی رەوای كورد نییەو پەرتەوازەیە، بۆیە بەم دۆخەوە كورد بەتایبەت لەباشوری كوردستان بەرەو پاشەكشە دەڕوات نەك هەنگاوی نوێ بنێت بۆ پاراستنی كیانی هەرێم و وەرگرتنەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

پەیماننامەی لۆزان لە 24ی تەمموزی 1923دا، لەشاری (لۆزان)ی سویسرا لەنێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەڕەنساو ژاپۆن و یۆنان و رۆمانیا و سڕبیا و كرواتیاو سلۆڤینییا و توركیا)، بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی توركیاو پێداچوونەوە بەپەیمانی سیڤەردا ئەنجامدرا.

 لەم كۆنگرەیەدا عیصمەت ئینونو سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا، وەك نوێنەری توركیا و لۆرد كرزن وەك نوێنەری بەریتانیا لەسەر بابەتی ناوچەی موسڵ كەوتنە گفتوگۆیەكی درێژخایەن، توركیا لەبەرئەوەی پەیماننامەی سیڤەری بەزۆر واژوو كردبوو دەیویست حكومەتی نوێ بەچاوێكی دیكەوە سەیربكرێت

چەندین هۆكار وایكرد پەیمانی سیڤەر سەرنەگرێت كە هەمووی بەزیانی كورد شكایەوە كە لەقازانجی كەمالییەكانی توركیادا بوو. 

1- بەهێزبوونی كەمالییەكان، ئەو سەركەوتنە گەورانەی بەدەستیانهێنا، چونكە كەمالییەكان بەسەركردایەتی (مستەفا كەمال) هەر لەسەرەتاوە دژایەتی ئەم پەیمانەیان دەكرد.

2-گۆڕانی سیاسەتی بەریتانیا كە لەسەرەتاوە پشتگیری لەمافەكانی كورد دەكات بەڵام دواتر وازی لێ‌هێنا، ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری لەپشتەوە بوو لەوانە:

لاوازی سەركردایەتی كوردو دۆستایەتی رووسەكان بۆ كەمالییەكان كەئەمەش ترسێكی گەورەی بۆ بەریتانیا دروستكرد، بەریتانیاش كەوتە سەر ئەوەی گۆڕانكاری لەسیاسەتی خۆیدا بكات و كەمالییەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت.

3-ئیتاڵیاو فەڕەنسا كەپێشتر هەردووكیان لەسیڤەردا بەشداربوون، بەڵام دواتر دوو رێككەوتن لەگەڵ كەمالییەكاندا دەبەستن واز لەكۆمەڵێك مافی خۆیان دەهێنن لەناوچەكەدا.

4-هۆكارێكی دیكە ئەوەبوو سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ لەیۆناندا هەوڵیدا پەڕەیەكی نوێ‌ لەپەیوەندیەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی تر هەڵبداتەوە.

5-ئەوەی لەپەیمانەكەدا هاتبوو سەبارەت بەبەڵێندان بە دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی ئەرمەنیەكانی ترساند، ئەمەیان بەدژی بەڵێنەكانی خۆیان دەزانی كەپێیان درابوو، هەربۆیە دژایەتیەكی یەكجار زۆریان بۆ سیڤەر هەبوو، جگە لەوەی بەریتانیاو فەڕەنسا لەسەر دانانی مەلیك فەیسەڵ بۆ مەلیكی عێراق كێشەیان هەبوو كەئەمەش هۆكارێكی ناڕاستەخۆبوو لەدووركەوتنەوەیان لەیەكتری و سەرنەگرتنی پەیماننامەكە.

دكتۆر كامەران محەمەد مامۆستای زانكۆ دەڵێت:" لەسیڤەردا دەوڵەتە هاوپەیمانەكان بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە دەیانویست دەوڵەتی عوسمانی لاواز بكەن، ئەمەش بەتایبەتی لەلایەن ئەو هێزەی كە تازە دروستبوو قبوڵ نەدەكرا.

هەروەها دەشڵێت:" لەبەرئەوە بەبەردەوامی هەوڵی یەكلایی كردنەوەی كێشەكان لەگەڵ ئیتاڵیاو لەگەڵ فەرەنسادا، ئەوە بوو جەنگی یۆنان دەستیپێكردو سەركەوتنی بەدەستهێنا، بێگومان هەموو ئەمانە وایانكرد بەریتانیا بەخۆیدا بچێتەوەو ئەوە بوو ئەو پەیماننامەیە هاتە ئاراوە".
گەلەكۆمەكییەك بوو لەكورد كرا

سیاسەتمەدار فەرید ئەسەسەرد، دەڵێت گەلەكۆمەكییەك بوو لەكورد كرا، پەیمانەكە زادەی گۆڕانی رەوشی نێودەوڵەتی بوو لەو زەمەنەدا، چونكە لە1920 كەپەیمانی سیڤەر واژۆكرا هەلومەرجێكی تازە هاتەكایەوە، دەوڵەتی تازەی توركیا دەوڵەتێكی بەزیو بوو، نیاز وابوو دوو دەوڵەتی تازە بۆ ئەرمەن و كورد لەسەر خاكی ئێستای توركیا دابمەزرێت.

فەرید ئەسەسەرد ئەوەشی باسكرد كە 1923 هەلومەرجێكی تر هاتبووە كایەوە، ئەویش ئەوە بوو هێزێكی تر لەتوركیا پەیداببوو مستەفا كەمال رابەرایەتی دەكرد، توانیبووی هەستێتەوە سەرپێ‌ و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردی باكووردا بەهێزبكات. 

بەریتانیا مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی نەبوو

دكتۆر كەمال مەزهەر مێژوونووسی گەورەی كورد وتوویەتی لەكاتی بەستنی پەیمانی سیڤەریشدا كەمافی كوردی بەشێوەیەكی زۆرباش تێدا رەچاوكرابوو، باس لەدامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی كرابوو،‌ لەو كاتەشدا بەریتانیا مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی نەبوو، چونكە بەنهێنی لەگەڵ فەرەنساو ئیتاڵیا رێكەوتننامەیەكیان هەبوو بۆ ئەوەی لەژێرەوە ئەم پەیماننامەیە لەبار ببەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار