لە دوای ژینا، زۆرترین گەنجی رۆژهەڵات لە ژێر ئەشكەنجەدا كوژراون

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەشكەنجەی گەنجانی كورد لە رۆژهەڵات بووەتە چەكێكی مەترسیداری دەسەڵات دژی دانیشتوانی ئەو بەشە لە كوردستان و شارەكانی ئێران بە جۆرێك كە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی 27 كەس كە زۆرینەیان كورد بوون لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون.

ژمارەیەك لەو گەنجانەی لە زیندانەكان لەژێر ئەشەكەنجەدا كوژراون ئەندامانی پێشوی پارتەكانی رۆژهەڵات بون كە بە پێی یاسا بەر لێبوردن كەوتون و گەڕاونەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی بەڵام بە بیانوی رێكخستن و بەشداریی لە چالاكییەكانی ئەو پارتانە ئەشكەنجە كراون بە بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێكیان لەسەر ساخ ببێتەوە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا كوژرانی دوو گەنجی رۆژهەڵات لە ژێر ئەشكەنجەدا كە پێشتر ئەندامی یەكێك لە پارتەكانی ئەو بەشە لە كوردستان بون كاردانەوەی لێكەوتەوە دەسەڵاتی ئێرانیش بۆ هێوركردنەوەی كاردانەوە و ناڕەزایەتییەكان بڵاوی كردەوە كە یەكێك لەو كەسانە بە تۆمەتی فێڵكردن دەستگیركراوە ئەشكەنجە نەكراوە و تەنها بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام بڵاوبونەوەی وێنەی تەرمەكەی هەمو لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بەدڕۆ خستەوە.

چالاكوانان كوشتن لە ژێر ئەشكەنجەدا بە ئامرازێكی سەركوت و چاوترسێنكردنی دەسەڵاتی ئێران ناودەهەنێن و رەنگە هەر ئەوەش كاردانەوەی توندی لێبكەوێتەوە و سەرهەڵدانی بەرفراوانی ناڕەزایەتییەكانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكە لێبكەوێتەوە بە تایبەت كە ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانەی لەژێر ئەشكەنجەدا كوژران كورد بون.
ئەشكەنجەی گەنجان و بێڕێزیی دەسەڵات

 لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و دوای زیاتر لە هەشت مانگ 27 كەس بە ئەشكەنجە لە زیندانەكان و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیی كوژراون كە زیاتر لە 15 كەسیان كورد بون.

لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و دوای زیاتر لە هەشت مانگ لانیكەم  27 كەس بە ئەشكەنجە لە زیندانەكان و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیی كوژراون كە زیاتر لە 15 كەسیان كورد بون.

پزیشكانی خۆبەخشی كوردستان بڵاویان كردوەتەوە لە ماوەی نزیكەی ساڵێكی دوای مەرگی ژینا ئەمینی 27 كەس لە رۆژهەڵات و ئێران لە ژێر ئەشكەنجەی هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامیدا كوژراون.

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاوی كردەوە تەنها هەفتەی رابردو لە ماوەی 24 كاتژمێری دوو گەنجی كورد لە لایەن دەزگای هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) لە شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئەشكەنجە كوژراون.

رێكخراوەكە ئاشكرای كرد كە هەر یەكە لە موسا ئیسماعیلی خەڵكی پەسوێ سەر شاری پیرانشار و پەیمان گەلوانی خەڵكی مەهاباد لە لایەن ئیتلاعاتی ورمێ ئەشكەنجەدراون و گیانیان لەدەستداوە.

موسا ئیسماعیلی 62 رۆژ و پەیمانی گەڵوانی تەمەن 24 ساڵ 14 رۆژ لە ژێر ئەشكەنجەدا بون و هەندێك سەرچاوەی رۆژهەڵات باسیان لەوە كردوە؛ ئیسماعیلی كە ئەندامی پێشوی پارتێكی رۆژهەڵات و باوكی دوو منداڵ بوە دوای 24 كاتژمێر لە دەستبەسەركردنی لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستداوە بەڵام دەزگای داد مەرگی ئەو گەنجەی شاردوەتەوە و تۆمەتی ئەوەی خستوەتە پاڵی كە لە روبەڕوبونەوەیەكی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كوژراوە.

 ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كردوە لە نزیكەی 200 رۆژدا هەزار كەس لە رۆژهەڵات و ئێران بە تۆمەتی چالاكی مەدەنیی و سیاسیی و ئایینیی دەستگیر كراون كە لەو ژمارەیە لانیكەم 513 هاوڵاتیی كورد و  258 هاوڵاتیی بەلوچ بون


هاوكات پەیمان گەڵوانی دانیشتوی شاری مەهاباد دوای دەستگیركردنی لە لایەن هەواڵگریی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ 14 ئەشكەنجە كراوە و دواتر بەهۆی تێكچونی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە كراوە بەڵام داواكاری گشتیی كۆماری ئیسلامی لە مەهاباد وای بڵاو كردەوە كە ئەو گەنجە بە تۆمەتی فێلكردنی بازرگانیی ئۆنلاین دەستگیركراوە و هۆكاری مردنەكەی گەڵوانیان بۆ نەخۆشییەكەی گەڕاندوە و تەنانەت میدیا فەرمییەكانی دەسەڵاتی ئێران هەواڵەكەیان بەو شێوە بڵاو كردەوە.

لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی دەسەڵات بڵاوی كردەوە سەرچاوەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵات بەڵگە و وێنەی سەلمێنەری ئەشكەنجەی ئەو دوو گەنجەیان بڵاو كردەوە و لە وێنەكاندا ئاسەواری ئەشكەنجەی قورس بە تەرمی هەر دووكیانەوە دیارە و بە پێی زانیارییەكانیش موسا ئیسماعیكی بەهۆی لێدان لە سەری و خوێنبەربونی مێشك لە ناوەندی هەواڵگریی ورمێ كوژراوە.

شەوی یەكشەممەی هەفتەی رابردو بە بەشداریی هەزارن كەس تەرمی پەیمان گەڵوانی لە شاری مەهاباد بەخاك سپێردرا و جەماوەر دروشمی "شەهید نامرێ"یان وتەوە و سەرەڕای رێگریی هێزە ئەمنییەكان بەڵام جەماوەرێكی زۆر بەشدارییان لە خاكسپاردنی ئەو گەنجەدا كردو و لە هەندێك كۆڵان و شەقامی مەهاباد گەنجان بە ئاگركردنەوە و دروشم دژی دەسەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بە پێی ئامارەكان تەنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا لانیكەم 11 هاوڵاتیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی ئەشكەنجە لە زیندانەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بە گشتی لە 10 مانگی دوای مەرگی ژینا 27 گەنج و لاوی كورد و شارەكانی ئێران لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراون كە زۆرینەیان بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی دژی دەسەڵاتەوە بوە و دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ رەتكردنی مەرگی ئەو كەسانە بە ئەشكەنجە تۆمەتی جیاوازی خستوەتە پاڵیان و لە میدیا فەرمییەكانیدا بڵاوی كردوەتەوە.


زیندان و ئەشكەنجەی گەنجانی رۆژهەڵات بەردەوامە
سەرەڕای ئەوەی سەركوت و ئەشكەنجە و ئازاری چالاكوانان و گەنجانی رۆژهەڵات زیادی كردوە بەڵام ئاماژەكانی سەرهەڵدانەوەی دەستپێكردنەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان بوەتە هۆی دروستبونی ترس لای دەسەڵات و لە بەرامبەردا هەڵمەتێكی دەستگیركردن لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتوەتەوە و تەنانەت ئەو كەسانەشی بەر لێبوردنی گشتیی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی كەوتبون لە ماوەی رابردودا دەستگیركراونەتەوە.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كردوە لە نزیكەی 200 رۆژدا هەزار كەس لە رۆژهەڵات و ئێران بە تۆمەتی چالاكی مەدەنیی و سیاسیی و ئایینیی دەستگیر كراون كە لەو ژمارەیە لانیكەم 513 هاوڵاتیی كورد و  258 هاوڵاتیی بەلوچ بون بەوەش دوای هاوڵاتییانی كورد زۆرترین هاوڵاتیی بەلوچ كە دانیشتوی پارێزگای سیستان و بەلوچستان-ن دەستگیر كراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار