هاوڵاتی زانیاری ورد لەبارەی دۆسیەكەی شێروان شێروانی بڵاودەكاتەوە
لەكۆی پێنج رۆژنامەنووسی زیندانیكراو لەعێراق سەرجەمیان لەهەرێمی كوردستاندان
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەنوێترین دانیشتنی دادگای هەولێر سەبارەت بەدادگایكردنی زیندانیانی بادینان، سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ شێروان شێروانی نوێكرایەوە، لەكاتێكدایە بڕیاربوو لەمانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئازادبكرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو رێكخراوە نێودەوڵەتییەژكان هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەبار نییە بۆ ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری.
بەپێی ئامارێكی رێكخراوی (سی پی تی) لەساڵی رابردوودا لەسەرتاسەری عێراقدا پێنج رۆژنامەنووس لەزینداندا بوون و هەر پێنجیان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون.
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (سی پی تی) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» درێژكردنەوەی ماوەی زیندانی شێروان شێروانی بەدڵنیایەوە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە كاریگەری لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان و سیستەمی دادوەرییەكەی دەبێت».
باسی لەوەشكرد كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو نوێنەرایەتی وڵاتان ناڕەزایەتییان دەربریوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەپێیانوایە هەرێمی كوردستان چیدیكە شوێنێكی سەلامەت نییە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری.
«درێژكردنەوەی ماوەی زیندانیكردنی شێروان نیشاندەری ئەوەیە كەبەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەگرنگیەوە ئەم راپۆرتانەیان وەرنەگرتووەو هەر بەوشێوەیە لێی تێگەیشتوون كە چۆن لەمیدیایەكەوە رەخنە لەحكومەت بگیرێت». كامەران عوسمان وای وت.
ئەو ئەندامەی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (سی پی تی) ئەمریكی دەشڵێت: بەدڵنیاییەوە كونسوڵخانەكان كۆبوونەوەیان دەبێت و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەسەر ئەو بابەتە بێدەنگ نابێت، چاوەڕێ دەكرێت لەم هەفتەیەدا كۆمەڵێك هەڵوێست بنوێنرێت كە ئەمەش بۆ ناوو ناوبانگی هەرێمی كوردستان زۆر خراپە.
سەبارەت بەكەیسی هاوشێوە كامەران عوسمان ئەوەی خستەڕوو، كەیسی هاوشێوە ئێجگار زۆرە لەهەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستانداو رۆژنامەنووسان رووبەڕووی هەڕەشەو ترس و لێدان دەبنەوە، بەڵام كەیسی زیندانیانی بادینان جیاوازەو بە بەرنامە داڕێژراوتر كاری لەسەركراوە.
بەپێی ئامارێكی ڕێكخرای (سی پی تی) بەتەنها لەشەش مانگی رابردوودا نۆ رۆژنامەنووسی سەربەخۆ هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووەو چیتر بەشوێنێكی سەلامەتیان نەزانیوە بۆ كاری رۆژنامەوانی و كەیسەكانیان كەیسی رۆژنامەوانین و خۆیان و خانەوادەكانیان رووبەڕووی هەڕەشەو ترس و تۆقاندان بوونەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاووڵاتی،٨١ رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان كە لە ٢٠٢٠ەوە دەستگیركراون تەنها چواریان لەزینداندا ماون و ٧٧یان ئازادكراون.
بارزان شێروانی، برای شێروان شێروانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كەیسەكە بووەتە كەیسێكی سیاسی، لەسەرەتای دەستگیركردنیەوە شێروان فشاری زۆری لەسەر بووە، بەڵام ئیرادەی بەرزەو هیچ كاتێك تەنەزولی بۆ فشارەكان نەكردووە».
براكەی شێروان شێروانی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شێروان كراون رەتدەكاتەوەو بە»ناراست»وەسفیان دەكات و دەشڵێت:» راست نین و لەدادگاش نەسەلمێنراون، هاوڕێكانی شێروان وتیان رێگایان داوە كە پەنجەمۆر لەجیاتی ئەوان بكات و سكاڵاش دژی شێروان تۆمار نەكراوە، لەدادگاش نەسەلمێنراوە كە ئەو پەنجەمۆرە هی شێروان بێت».
سەبارەت بەپەیوەندی و سەردانیكردنی خانەوادەی شێروان بۆ زیندان بۆ لای كوڕەكەیان بارزان شێروانی ئەوەی روونكردەوە كەڕۆژانە دەتوانن قسەی لەگەڵ بكەن، بەڵام پەیوەندیكردن لەژێر چاودێری چڕدایەو گوێ لەهەموو پەیوەندییەكان دەگیرێت.
هەروەها باسی لەوەشكرد كە بۆ سەردانیكردنیش ئەگەر بێت و كاتژمێر ٧:٣٠ی بەیانی بچن بۆ بینینی كاتژمێر ١١ تا ١١:٣٠ رێگە دەدەن یەكتر ببینن و كاتژمێر ١٢ش بینینی زیندانیان كۆتایی پێدێت.
رەمەزان ئەرتیسی یەكێكە لەپارێزەرانی گیراوانی بادینان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەساڵی 2022 داوای ئازادكردنی مەرجداریان بۆ ئەیاد كەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و هاریوان عیسا كرد، بەڵام نەكرا و دواتر داوایان كردووە بڕیارەكە هەڵبوەشێنینەوە.
هەروەها وتیشی:» هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان كرد جگە لەگۆهدار زێباری، چونكە لەزیندانیی تاكە كەسیدا بوو و داوای كردبوو شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بكات، ئەویش واژۆی بۆ كردبوو، بەڵام دادگا لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیكە سزای شێروانی داوە».
«هەر چوار گیراوەكە هێندرانە پێش دادوەرو رایانگەیاند كەخۆیان دەسەڵاتیان بەشێروان شێروانی داوە واژۆ بكات و هیچ كێشەیەك لەسەر ئەو واژۆیە بۆ ئەوان دروست نەبووەو سكاڵایەكیان لەسەر ئەو نییە، بەڵام دادوەر هیچی نەوت و سزای دا»، رەمەزان ئەرتیسی یەكێكە لەپارێزەرانی گیراوانی بادینان وای وت.
دادگای تاوانی هەولێر رۆژی 16-2-2021 بەتۆمەتی «تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی» هەریەكە لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیساو شڤان سەعیدی بەیەكی شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا، مانگی شوباتی 2022 بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان 60%ی سزاكەیان، جگە لەشێروان شێروانی كە 50% بوو، كەمكرایەوە.
بەپێی ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بڕیاربوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ شێروان شێروانی ئازاد بكرێت.