باڵیۆزی ئەمریكا بەنیگەرانییەوە عێراقی بەرەو ئەمریكا بەجێهێشتووە
ئیدارەی بایدن بەگەڕانەوەی «سەدر بۆ پڕۆسەی سیاسی گەمەكە لەعێراق پێچەوانە دەكاتەوە»
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵیۆزی ئەمریكا بە نیگەرانییەوە عێراقی بەرەو ئەمریكا بەجێهێشتووەو حكومەتەكەی سودانی داواكارییەكانی ئەمریكای جێبەجێنەكردووە كە بەقاچاغبردنی دۆلار لەعێراقەوە بۆ ئێران بەردەوامەو میلیشیا شیعەكانی نزیك لە تاران بەهێزتربوون، كە چاوەڕوان دەكرێت ئیدارەی بایدن بە گەڕانەوەی "سەدر بۆ پڕۆسەی سیاسی گەمەكە لەعێراق پێچەوانە دەكاتەوە".
ئالینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق سەرەتای ئەم هەفتەیدا بەنیگەرانییەكی زۆرەوە عێراقی بەرەو واشنتن بەجێهێشتووە و راپۆرتی زۆر توندی دژی حكومەتەكەی سودانی و هێزە میلیشیاكانی عێراق داوەتە واشنتن و پنتاگۆن.
بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لەبارەی بەقاچاغبردنی دۆلارەوە لەعێراقەوە بۆ ئێران و لەوێوە بۆ ڤەنزوێلا كە هەردووكیان لەژێر گەمارۆكانی ئەمریكاو ئەوروپادان راپۆرتی پێشكەشكردووە كە تەنها لەماوەی ئەمساڵدا 15 بۆ 17 ملیار دۆلار لەعێراقەوە چووەتە ئێران و نزیكەی سێ ملیار دۆلار لەو بڕە چووەتە ڤەنزوێلا.
لەماوەی رابردوودا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا 14 بانكی خستە لیستی رەشەوە كە رۆڵی سەرەكیان هەبووە لە بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی لەژێر گەمارۆی ئەمریكادان، ئەو بانكانەش خاوەندارێتیان بۆ كەسایەتییەكی سیاسی باڵا دەگەرێتەوە كە ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووتری ئێرانە.
ئەمریكییەكان ئەوەشیان دەستكەوتووە كە بەشێك لەو دۆلارانە بەكاش بە ئوتومبێلی جێمسی لەبەسرەوە رەوانەی ئێران كراون.
هەروەها نزیكەی پێنج ملیار دۆلاری عێراق چووەتە توركیاو لەوێوە بەشێكی چووتە رووسیاو سوریا، ئەوەش لەلایەن ئەمریكاوە بەهێڵی سور دادەنرێت.
هاوكات ئالینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لەبارەی میلیشیا شیعەكانەوە راپۆرتێكی لەبارەی باڵادەستیانەوە لە عێراق خستۆتەڕوو كە ئەمریكای تەواو نیگەران كردووە لە حكومەتەكەی سودانی، كە رۆڵیان هەبووە لە بەقاچاغبردنی دۆلاردا.
نیگەرانییەكانی ئەمریكا لە حكومەتەكەی سودانی گەیشتووەتە لوتكە، لەكاتێكدا كەمتر لەساڵێك دوای ئەوەی (محمەد شیاع سودانی)، بوو بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئیدارەی بایدن چەپڵەی بۆ ئەو هەنگاوانە لێدا كە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ گەلی عێراق گرتوویانەتەبەر، بەڵام سودانی پێشكەوتنی پێویست بەدەستنەهێنا سەبارەت بەو ئەولەویەتانەی كە واشنتۆن و بەغداد لەسەری رێككەوتوبوون، كە بریتین لەسەقامگیری و ئاسایش و سەروەری و كەمكردنەوەی هەژموونی گروپەكانی نزیك لەئێران.
لەئێستاشدا زیادبوونی ژمارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئاماژەن بۆ رێگایەكی كێشەدار، كە جارێكی تر لایەنگرانی موقتەدا سەدرو خۆپیشاندەران لەناوچەی سەوز نزیك دەكاتەوە.
پەیمانگای واشنتۆن ئاشكرایكردووە" ئیدارەی كۆشكی سپی نیگەرانن لە ئەدای كابینەكەی سودانی و دەیانەوێت بە هێنانە پێشەوەی موقتەدا سەدر بۆ ناو پرۆسەی سیاسی یارییەكەی لەعێراق پێچەوانە بكەنەوە".
پەیمانگای واشنتۆن ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە لەكابینەكەی سودانی ژمارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و بودجەكەشیان زیادیكردووە.
ئالینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق بە نیازپاكییەوە دووپاتی كردەوە كە ئەمریكا "ناوچەكە بەجێناهێڵێت، بەڵام نەیشاردۆتەوە كە لە ماوەی دوو ساڵدا ژمارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی 100 هەزاری تر زیادیكردووەو گەیشتۆتە 240 هەزار چەكدار، كەدەكاتە لە 50%ی هەموو هێزە چەكدارەكانی عێراق.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە كە لە بودجەی 2023، بڕی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران تەرخان كراوە، هاوكات حكومەتەكەی سودانی ئەكادیمیایەكی سەربازی نوێ بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی دروستدەكات، كە ئەندامەكانی مافی خانەنشینییان دەبێت.
لە راپۆرتی شەش مانگی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریداوەو رایگەیاندووە، هێزەكانی حەشدی شەعبی لەهەموو ئاستەكاندا بەخێرایی گەشە دەكەن، لەبودجەوە تا هێزی مرۆیی، بەرنامەی ئابووری.
ساڵانە هێزەكانی حەشدی شەعبی 20% زیاد دەكەن، كە بودجەی حەشدی شەعبی لە 2023، بەراورد بەساڵی 2020 لە 90% زیادیكردووە، لە كاتێكدا ژمارەی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە هێزێكی فەرمین لەلایەن ئەمریكاوە تەنها لەسەدا سێ زیادیكردووە.