لەپێنج كەیسی تیرۆری رۆژنامەنووسان تەنها یەكێكیان بكوژەكەی سزا دراوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

پاش 15 ساڵ لەتیرۆركردنی رۆژنامەنووس (سۆرانی مامە حەمە) تائێستا بكوژەكانی دەستگیرنەكراون، لەهەرێمی كوردستان لەكۆی پێنج كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان، تەنها بكوژی یەكێكیان دەستگیركراوە.

سۆران محەمەد، ناسراو بەسۆرانی مامە حەمە، لە 3/3/1986 لەگەڕەكی (شۆریجە)ی كەركوك لەدایكبووە، یەكەمین كاری لەبواری رۆژنامەگەریدا لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ لەبەرواری 23/8/2003دا بڵاودەبێتەوە.

پاشان بەخۆبەخش پەیامنێری بۆ رۆژنامەی (كەركوكی ئەمڕۆ) كردووە، هاوكات لەتەلەفزیۆنی (العراقیە)پەخشی كەركوك وەك پەیامنێر كاری كردووە، لەهەمان كاتدا پەیامنێری هەفتەنامەی (كوردش گڵۆپ) بووە لەكەركووك.

لە 1/3/2006 لەگەڵ سەرەتای دەرچوونی رۆژنامەی كوردستان راپۆرت، دەبێت بەپەیامنێری ئەو رۆژنامەیە لەكەركوك، دواتر دەبێتە بەرپرسی نووسینگەی كەركوكی رۆژنامەكە.

لەژمارە 11 تاكو ٢١ی رۆژنامەی چەمچەماڵ ستوونێكی هەبووە بەناوی (نیشتیمانی بێ ئارایشت)، هەروەها بەرپرسی راگەیاندنی (ناوەندی چاك) بووە لەكەركوك، ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (نووگرەسەلمان) بووە لەشاری كەركوك.

ساڵی 2006 پەیوەندی لەگەڵ گۆڤاری لڤین دروستدەكات، لەهەمان ساڵدا یەكەمین دیداری رۆژنامەوانی بۆ گۆڤاری لڤین لەگەڵ (نووری تاڵەبانی) سەبارەت بەبارودۆخی پەرلەمان ئەنجامدەدات و لەژمارە (37)ی ئەو گۆڤارەدا بڵاودەبێتەوە،  پاشان لە ژمارە 42ی گۆڤارەكەوە بەفەرمی دەبێتە بەرپرسی نووسینگەی گۆڤاری لڤین لەكەركووك.

تاكاتی تیرۆركرانی بەردەوام دەبێت و دوا كاری لەگۆڤاری لڤین لەژمارە 69 لەحوزەیرانی 2008) بڵاوبووەتەوە بەناوی (سۆزانییەكان كەركوك داگیردەكەن)

سۆرانی مامە حەمە لەشەوی 21ی تەمموزی 2008 لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لەگەڕەكی شۆڕجەی شاری كەركوك لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركراو لەچەمچەماڵ بەخاكسپێردرا.

كاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و راپۆرتی رێكخراوەكاندا بەتایبەتیش  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو بەڕیتانیا كوردستان بەژینگەیەكی مەترسیدا بۆ كاری رۆژنامەوانی دەبینن، چونكە لەكۆی پێنج كەیسی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان بكوژی چواریان بەئازادی دەسوڕێنەوەو تەنها بكوژی كاوە گەرمیانی بەزیندانی هەتاهەتایی سزادراوە.

كاروان ئەنوەر وتیشی:» لەهەرێمی كوردستاندا ٧٢ كەس لەسەر وشەو وتن و بڵاوكردنەوە لەدهۆكەوە هێندراونەتە هەولێرو دادگایی كراون، خەڵك لەسەر چات و گروپ و ئیمۆجی گیراوە».

هاوكات، بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەدات كە دیاری محەمەد بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ بەهاوڵاتی وت: ١٥ساڵە رای گشتی و خانەوادەی سۆران چاوەڕوانی لیژنەی بەناو لێكۆڵینەوەن كە بۆ كەیسی ئەم رۆژنامەنووسە پێكهاتووەو چاو بڕاوەتە دەزگا ئەمنییەكان، كە تاوانباران دەستگیربكەن و لەدادگایەكی دادپەروەرانەدا حكوم بدرێن «.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە» میدیای سەربەخۆ لەهەموو لایەكەوە گەمارۆ دراوە، لەموڵكداریەوە گواستراوەتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و كوڕە بەرپرسەكان، سوپایەك لەڕۆژنامەنووسانیان  دروستكردووە بۆ خزمەتی دەسەڵات كە بەدۆكیومێنتی ساختە بازاڕ گەرم دەكەن بۆ لەكەداركردنی حەقیقەت».

هەر لە ١٥یەمین ساڵیادی شەهیدكردنی سۆرانی مامە حەمەدا ١٤مین خەڵاتی سۆرانی مامەحەمە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری لەلایەن بنەماڵەكەی بەهاوكاری گۆڤاری لڤین بەخشرایە دوو كەسایەتی، هاوكات كەسوكارەكەی بۆ هاوڵاتی ئەوەیان ئاشكراكرد كە تائێستا بكوژی سۆران دەستگیرنەكراوەو كەیسەكەشی هیچ بەرەوپێشچوونێكی بەخۆوە نەبینیوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار